باخچەی شاری ژنان؛ مۆدێلێک بۆ گەشەپێدان و ڕەخساندنی هەلی کار

باخچەی شاری ژنان، پڕۆژەی شارەوانی ڕێ ئارموشی دەم پارتی، یەکەم بەرهەمی خۆی چنییەوە، سەبیحە یاکوت، یەکێکە لەو ژنانەی لەم باخچەدا کاردەکات، دەڵێت: "هەموو شتێک بەرهەمی دەهێنین بۆ خۆمانە" و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەم جۆرە پڕۆژانە فراوانتر بکرێن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

وان - لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئادار لە تورکیا و باکووری کوردستان، زۆرێک لەو شارەوانیانەی کە بە دانانی پارێزگار لەلایەن دەوڵەتەوە داگیرکرابوون، لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی وەرگیرانەوە، یەکەم ئەرکی شارەوانییەکانی دەم پارتی کاراکردنی دامەزراوە داخراوەکانی ژنان و بنیادنانی شارەکانی ژنان، بە بەدیهێنانی خواستی ژنان و هەنگاوی کردەیی لە بواری دامەزراندنی ژناندا بوو.

 

یەکێک لەو شارەوانیانە، شارەوانی ڕێ ئارموشی شاری وانە، بە "باخچەی شاری ژنان" هەلی کاری بۆ دەیان ژن ڕەخساند. باخچەکە لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئادار لە ڕۆژی دایکدا کرایەوە و لە ڕووی ڕووبەری باخچە و تۆوەوە پاڵپشتی ژنان دەکرێت. ژنەکان دەستیان کرد بە وەرگرتنی یەکەم بەرهەمی ئەو باخچەی کە چاندیان. ئەو ژنانەی دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی ئەو سەوزانەی کە دەیچێنن، پاڵپشتی ئابووری ماڵیش دەکەن. لە باخچەدا کە هەموو شتێک لە چاندنەوە تا دروێنەکردن بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، ژنان بەشێک لە بەرهەمەکان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکەن، کە پێویستیان پێیەتی.

 

"لە سەرجەم گەڕەکەکان باخچە دابەش دەکەین"

نورجان کایار، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ڕێ ئارموش ڕایگەیاند، ژنان خۆشحاڵن بە بوونی باخچەکە و زۆرێک لە پڕۆژەکانی ژنانیش هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێن.

 

دەشڵێت: بۆ یەکەمجار لە شارەوانییەکان باخچەی شار بۆ ژنان دامەزرا، لە ڕۆژی دایکدا ئەم باخچەمان بەخشی بە دایکان، ئێمە ئەم پڕۆژەیەمان جێبەجێ کرد بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە جۆش و خرۆشێکی هاوبەشەوە کار بکەن و بەرهەم بهێنن، ئامانجمان ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی داهاتە بۆیان، هەموو ژنێک لێرە شوێنی تایبەتی خۆی هەیە، دایکان دەتوانن ئەو سەوزانە بەکاربهێنن کە کۆیان دەکەنەوە و پاڵنەریانە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ئامانجمان فراوانکردنی ئەم باخچانە و کردنەوەیان لە چەند گەڕەکێکی ترە، ئێمە چەندین پڕۆژەمان هەیە لە بواری دامەزراندنی ژنان، ئێمە ئەم باخچەیەمان بە دەستنیشانکردنی ئەو دایکانە دروست کردووە کە بە تایبەتی پێویستیانە و باخچەیان هەیە، هەندێک لە دایکان ئەو سەوزانەی دەچێنن دەیفرۆشن، هەندێکیان دابەشی دەکەن و هەندێکیش دەیدەن بە خێزانەکانیان. کاردانەوەی زۆر باشمان هەیە لەسەر ئەم خاڵە، لەگەڵ کۆتایی زستاندا ئەم باخچانە زیاد دەبن.

 

''بۆ ئێمە بوو بە سەرچاوەی داهات''

سەبیحە یاکوت، لە باخچەکەدا کار دەکات دەڵێت زۆرێک لە ژنانی وەک من سودمەندبوون لەم پڕۆژەیە، بەیانی دێین و تا ئێوارە سەیری باخچەکەمان دەکەین و ئاوی دەدەین، ئەوەی گەشەی کردووە کۆی دەکەینەوە، دواتر دەیچێنین، بۆ دواجار باخچەکەمان دەپشکنین و ئێواران دەگەڕێینەوە ماڵەوە. ئەم شوێنە بۆ ئێمە بووەتە شوێنێکی زۆر باش، سەرچاوەی داهاتمان نەبوو، هەمیشە لە ماڵەوە بووم، دوای ئەم باخچە کارەکەم کرایەوە و دەستم کرد بە کارکردن بەیەکەوە.

 

"لە بازاردا پارەمان نەبوو بەڵام ئێستا بەرهەم دەهێنین"

سەبیحە یاکوت ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پڕۆژەکان زیاد بکرێن و ژنانیش بخرێنە ناو ژیانی کارکردنەوە و وتی: بۆ ژنان ئەگەر باخچەش بێت، بەرهەمی کار زۆر باشە، ئێمە ئەم باخچەیەمان زۆر خۆشدەوێت، پلانمان هەیە لە زستاندا بە شێوەیەکی جیاواز بەکاری بهێنین، ئێمە بەرهەم دەهێنین و کۆی دەکەینەوە. سەوزە دەهێنینە ماڵەوە و ئامادەی دەکەین بۆ وەرزی زستان، ئەمڕۆ هەموو شتێک زۆر گرانە، کاتێک دەچینە بازاڕ زۆر شت نییە بۆ کڕین، بەڵام هیچ نەبێت لەگەڵ ئەم باخچەیەدا شووتی دێتە ماڵمان. ئێمە تەنها ئەو سەوزانەی کۆی دەکەینەوە تەنها  بۆ خۆمان نییە، بەڵکو بە ژنانی پێویستیش دەدەین، ئەم باخچە بۆ ئێمە بووەتە ناوچەیەکی زۆر باش و بەرهەمدار.