لە ڕۆژهەڵاتی کورستان ژنان لە ماڵەوە بژێوی ژیانیان پەیدادەکەن

بەم دواییانە زۆرێک لە ژنانی ماڵەوە ئاگاداری گرنگی کارکردنی ژنان و سەربەخۆیی دارایین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبینین کە ژنانی زیاتر هەوڵی بەدەستهێنانی کار و سەربەخۆیی دارایی دەدەن بە بەروارد بە ڕابردوو، هەندێک لە ژنان لە ماڵەوە دەست بە کارکردن دەکەن و وردە

 

سنە- زۆرێک لە بازرگانییەکان لە ئێستادا لە ناو ماڵەکان دروستدەکرێن و لەبەر ئەوەی پێویستیان بە کرێ و سەرمایەی زۆر نییە، داهاتیان تاڕادەیەک باشترە، ژنان بە ئاگاداربوون لە پێداویستییەکانی خەڵک دەتوانن کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو پێداویستیانە دابین بکەن کە خەڵک پێویستیەتی لە هەمان کاتدا دەتوانن داهات بەدەستبهێنن.

 

لەم ڕێگەیەوە ژنان دەتوانن بەهێز تربن و ببنە خاوەن کار، کە بەرهەمداردەبن لە ماڵەوە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا دەتوانن ژنانی دیکە بهێننە ناو بازاڕی کارەوە.

 

لەیلا فەتحی خەڵکی سنەیە و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی خواردنی ناوماڵە، لەوانە هەموو جۆرە سەوزەیەکی بۆنخۆشی وشک، سەوزەی سورکراوەی کوڵاو، ترشیات، نان و کۆلیرە، لە گەراجی ماڵەکەیدا بەشیک لە بەرهەمەکانی ئامادە دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ژن باسی لە دەستپێکی ئەزموون و کارەکەی کرد.

 

" من زۆر لە کارەکەم ڕەزامەندم "

لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا خۆی ناساند و باسی لە کارەکانی کرد، " من لەیلا فەتحیم، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٥، لە ساڵی ٢٠١٨ دەستم بەم کارەکردووە لەگەڵ سەوزەی سورکراوەی کوڵاو، گیا، سەوزەی بۆنخۆشی وشککراوە، شەربەت، خورما، توو، نان و کولێرە."

 

لەیلا باسی لەوەکرد کاری دروستکردنی سەوزییەکان سەختی زۆرە: " دەبێت سەوزەکان لە گەراجەکدا بشۆرمەوە و وردی بکەم پاشان بە چوار نهۆم بیبەم و لە باڵکۆن سووری بکەمەوە، سێ ڕۆژ و شەو بەجێی دەهێڵم وەک برنج کە هەڵم دەکات تا باش سوردەبێتەوە و چونکە بەم شێوەیە بە ئارامی سوردەبێتەوە، ئەمە بۆ گەدە زەرەری نیە بۆیە خەڵک زۆر لێی ڕازین و کڕیارێکی باشی هەیە لە هەموو ناوچەکانەوە سەردانم دەکەن."

 

لەیلا سەوزەکانی بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشێت و وتی: " من سەوزەی کوردستان بەکار دەهێنم چونکە کوالێتی بەرزە و لە ناوەڕاستی بەهارەوە تا ناوەڕاستی پایز دەمێنێتەوە، وە بە نرخێکی گونجاو دەیفرۆشم بە بەراورد بەوانەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، چونکە من لە ماڵەکەی خۆمدا کاردەکەم کرێ نادەم بۆیە دەتوانم نرخێکی کەمتری لەسەر دابنێم، ئەگەر لە بازاڕدا نرخی ٢٠٠ تومەن بێت و کوالێتیەکەی باش نەبێت من بە ١٥٠ تومەن دەیدەم بە کوالێتیەکی باشتر، هەروەها لە سەرەتای پایزدا کە وەرزی ترشیات دەست پێدەکات هەموو جۆرە ترشیاتێک دروست دەکەم."

 

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی قسەکانیدا وتی پێم خۆشە ژنانی دیکەش لەگەڵم کاربکەن : " پێم خۆشه‌ له‌ داهاتوودا جێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ترم هه‌بێت و ژنانی تریش بتوانن بێن و فێری كاره‌كه‌ ببن و به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆیان، به‌ڵام ئێستا ناتوانم ئەوە بکەم چونكه‌ سەرمایەیەکی پێویستم نیە بۆ بۆ کرێی دوکان و لە ئێستادا دوو ژن لە گەڕەکەکە یارمەتیم دەدەن و هەندێک جار ژنانی دیکەش دێن بۆ یارمەتیدانم."

 

لەیلا فەتحی زۆر ڕازییە لەوەی کە بۆ خۆی کاردەکات و خاوەنی کارەکەی خۆیەتی، چونکە پێی وایە کەس نییە ڕێگری لێبکات و دەتوانێت هەرکاتێک بیەوێت کارەکانی بوەستێنێت، هەندێکجاریش دەبێت کاتژمێرێکی زۆر کاربکات.

 

" ژنان دەتوانن بۆ خۆیان کار بکەن بۆ ئەوەی پێویستیان بە کەس نەبێت"

هاجەر نۆشادی یەکێکە لەو ژنانەی کە ئێستا هاوکاری لەیلا فەتحی دەکات، وتی: " من دانیشتووی سنەم و دراوسێی لەیلا فەتحیم و لە کارەکانیدا هاوکاری دەکەم."

 

هاجەر دەشڵێت: "باشترە ژنان بۆخۆیان کاربکەن و پارە پەیدا بکەن بۆ ئەوەی پێویستیان بەکەس نەبێت، چونکە لەم دۆخە سەختە ئابوورییەدا من تەنها یەک منداڵم هەیە، هەروەها ناتوانم ئاسانکاری باشی خۆشگوزەرانی بۆ منداڵەکەم دابین بکەم، ئەگەر ژنان بیانەوێت و ئیرادەیان هەبێت توانای ئەوەیان هەیە وەک پیاوان کار بکەن و داهات بۆخۆیان بەدەستبهێنن."