قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر ژنان و کۆمەڵگە هەیە

هاوڵاتیەک دەڵێت: نەبوونی و بێ مووچەیی ژنان لە ڕووی فکریەوە لاواز دەکات، کاتێک باری دارایی ژنان لاواز بێت، ژنان ناتوانن بەشداری لە مەیداندا بکەن و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستاندا مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووی ٢٠٢٣ و دوو مانگی ٢٠٢٤ دابەش نەکراوە، تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، واتە لە ماوەی ٦ مانگدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها سێ مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکردووە و دوو لەو مووچانە ڕاستەوخۆ بە فشاری حکومەتی عێراقی بووە.

 

نەبوونی مووچە و قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا، لە دوای ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەدا دەستی پێکرد، حکومەت بریاریدا بێ گەڕانەوەی بودجە بۆ عێراق بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام ئەم بڕیارە بە قازانجی خاوەن بڕیارەکان بوو، نەک هاوڵاتیان، بۆیە لەلایەن تورکیاوە ئابووری هەرێمیان قۆرخ کرد.

 

نەبوونی مووچە تەنگی بە مامۆستایان و فەرمانبەران و خاوەنکاران هەڵچنیوە، مامۆستایان بایکۆتیان ڕاگەیاند پاشان فەرمانبەران و دامەزراوەکانی دیکە دەستیان بە بایکۆت کرد، هەروەها بەشێک لە خاوەنکارانی شارەکان خۆپشاندانیان ئەنجامدا، ژنان وەک فەرمانبەران و خاوەنکاران ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە بە دەستهێنانی مافەکانیان و بەشداری کردنیان لە خۆپشاندان و بایکۆتەکاندا، پاشان لە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٤دا مووچەی مانگی ٢ شوبات بەسەر فەرمانبەران بە لێبڕینەوە دابەش کرا و لە مانگی نیسانیشدا مووچەی مانگی ئادار دابەشکرا.

 

"ژنان بەردەوام بن لە بێدەنگی، دەسەڵات زیاتر مافەکانمان زەوت دەکات"

نەجات محەمەدئەمین، دانیشتووی گەڕەکی بەکرەجۆ، ئاماژەی بەوەکرد، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران کاریگەری خراپی بۆ کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان لێ دەکەوێتەوە، نەدانی مووچە بووەتە هۆکاری لەبەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران دووجار لێکەوتەی دەبێت لەسەر ژنان، هەروەها وتیشی: بەشێک لە ئازادی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی شایستەیەکی دارایی خۆیان، لە ئێستادا ژنانی خاوەنکار دەکەونە ژێر فشاری دەروونیەوە، هەروەها بەشێک لە ژنان کە خاوەنکاری خۆیان نین و چاوەڕێ دەکەن هاوژینەکانیان مووچەی مانگانەیان وەربگرێت. هەروەها نەبوونی مووچە ژنان لە ڕووی فکریەوە لاواز دەکات، کاتێک باری دارایی ژنان لاواز بێت ژنان ناتوانن بەشداری لە مەیداندا بکەن، بەڵام کاتێک باری دارایی ژنان وەک پێویست بێت، ژنان هەوڵ بۆ ئازادی و مافەکانیان دەدەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ژنان لە کۆنەوە لە شۆڕشەکانی کورد تا ئێستا کاریگەریان لە کایە سیاسیەکاندا هەبووە، نمونەی ژنانی کورد لە شۆڕشی سەردەمی بەعسەوە دەست پێدەکات تا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە کۆدەنگی ژنان ئەنجام درا، هەروەها لە ئێستادا بێ مووچەی کاریگەری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان کردووە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان قوربانی سەرەکین لە دوای هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانیان.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: بێ دەنگی ژنان بارودۆخی سیاسیی و ئابووری ژنان بەرەو لاوازتر دەبات، ئێمەی ژنان بەردەوام بین لە بێ دەنگی زیاتر دەستدەخەنە قوتی هاوڵاتیان و ئازادیەکانمان لی زەوت دەکەن، ڕێگەچارە بۆ ئەم دەسەڵاتە تەنها شۆڕش کردنە.

 

"ئێمەی ژنان نابێت لە چوارچێوەی دیوارێکدا بین، پێویستە داوای مووچەی خۆمان بکەین"

سازگار خالید، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی ئاوبارەیەوە، پێدانی مووچە بە ٤ مانگ جارێک بارگرانی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە، دەڵێت: باروگوزەرانی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان پەیوەستە بە مووچەی مانگانەوە، پێنەدانی مووچەکانمان دەبێتە هۆی خراپی گوزەرانمان، فەرمانبەر هەیە کرێچیە نەخۆشی هەیە، پێویستە ئەو حەقەی خۆمان وەربگرین بۆ بەڕێکردنی ژیانمان، ئێمە نەخۆشی سەر جێگامان هەیە، ئەگەر مانگانە مووچەی خانەنشینی وەرنەگرێت، ناتوانین دەرمانی بۆ دابین بکەین، هەموو ڕاستیەکان بەچاو دەبیندرێت، بەڵام چارەسەریان بۆ ناکەن، ژن هەیە کاری دوکانداری دەکات، ئەگەر ڕۆژانە داهاتی نەبێت باروگوزەرانی خراپ دەبێت، ژن هەیە بە کارکردن خێزانێک بەڕێوە دەبات، خێزانێک چاوەڕێی ئەو دەکەن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان بەم شێوازەی ئێستا بێت بە ژیانیکی سەختدا دەڕۆین، ئێمەی ژنان نابێت لە چوارچێوەی دیوارێکدا بین و دابنیشین خەم بخۆین و حکومەت هاوکاریمان نەکات، دەبێت داوای شایستە دارایەکانی خۆمان بکەین.

 

"بەهۆی خراپی گوزەرانمان بە قەرز دەرمانەکانم دەکڕم"

شکوریە هەمزە، دانیشتوویەتی گەڕەکی ئاوبارەیە لە شاری سلێمانی، باس لەوە دەکات، بەهۆی نەبوونی مووچە و خراپی باروگوزەرانیان خۆی و کوڕەکەی بە بارودۆخێکی سەختدا تێ دەپەڕن، وتیشی: لە دوای لەدەستدانی هاوژینەکەم باری داراییمان خراپتر بووە، مووچەیەکی کەمی هاوژینەکەم هەیە، ئەویش بە چەند مانگ جارێک بە لێبڕینەوە پێمان دەدەن، لە ئێستادا کرێچین و کار دەکەم، ئەگەر کار هەبێت کوڕەکەم دەیکات و دەتوانین هەرچۆنێک بێت ژیان بکەین، هەندیک کات خێرخوازان هاوکاریمان دەکەن، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم، چونکە مووچە نیە تا هاوڵاتیان هاوکاریمان بکەن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: لەبەر نەبوونی هەندێک جار بە قەرز خواردن و پێداویستی نەخۆشیم لە دەرمانخانەکان دەهێنم، بارودۆخیان وا لێکردووە ناتوانین ژیان بکەین، حەزمان بەم ژیان کردنە نییە و داواکارین مووچەکانمان لە کاتی خۆماندا پێ بدرێت.