شلیک، میوەیەک کە بەرهەمی ڕەنجی دەستی ژنانی سنەیە

پارێزگای سنە بە یەکەم پارێزگای هەناردەکردنی شلیک لە سەرانسەری ئێران دادەنرێت، شلیکەکەی بە تام و چێژێکی تایبەت ناسراوە و بە دەستی ژنانی گوندنشین دێتە بەرهەم.

هیما ڕاد

 

سنە- شاری سنە بەشێکی فراوانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی شلیک لە سەرانسەری ئێراندا پێکدەهێنێت، کە لە ئێراندا ٩٦ هەزار تۆن شلیک بەرهەمدەهێندرێت کە ٦٢ هەزار و ٥٠٠ تۆنی لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی دەوروبەریەتی، بەپێی مەزەندەکان زیاتر لە ١٣ هەزار خێزان لەم بوارەدا کاردەکەن و زیاتر ٪٩٠ ئەم ڕێژەیە لە دەرەوەی خانووە پلاستیکییەکاندا بەرهەمدەهێندرێت، کە لە ناوکێڵگەکاندا زیاتر لە ١٠ تۆنە بۆ هەر هێکتارێک، ڕووبەری خانووە پلاستیکییەکانیش ٣ بۆ ٥ هێکتارە.

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا ئامادەکردن و ئاودێری زەوییەکان بۆ کشتوکاڵ کردن دەستپێدەکات، لە ناوەڕاستی وەرزی بەهار تا کۆتایی چاندنی شلیک بەردەوام دەبێت و لە وەرزی پایزدا کۆدەکرێتەوە و تەواو دەبێت، لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی دەوروبەریشی گرنگییەکی زۆر بە چاندنی شلیک دەدرێت، لە نێوان گوندەکانی ناوچەکانی ژاورود وەک "هویا، سەرهۆیە، شیان، بیساران، ناجێ، ئاڤیهەنگ" کە زۆربەی زەویەکانیان بۆ چاندنی شلیک تەرخان دەکەن.

 

ژنان لە ناو کێڵگەکانی شلیکدا ڕەنج و زەحمەتی دەکێشن

بۆ هەمان مەبەست سەردانی یەکێک لەو گوندانەمان کرد بە ناوی "هویە" تا لە نزیکەوە کێڵگەکانی چاندنی شلیک ببینین و لە نزیکەوە ئاشنای چاندن و دروێنە کردنی ببین و ڕەنجی ئەو ژنانە نیشانبدەین کە لەو کێڵگانەدا کاردەکەن.

 

یەکێک لە کێڵگەکان بە ناوی "محەمەد رۆستەم رەحیمی"ە کە خەڵکی گوندی هویە بووە، ژمارەیەک لە ژنان دەبیندرێت کە لە ناو کێڵگەکەدا بە خۆڕاگرییەوە کاردەکەن و بە خێراییەوە شلیکەکان دەچنن و پاشان کۆیدەکەنەوە و لەناو قاپی پلاستیکیدا کۆیدەکەنەوە و دەینێرن بۆ فرۆشتن بۆ شارەکان و زۆرجاریش کڕیارەکان خۆیان دێن و لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دەیکڕن.

 

خەدیجە قوربانی، هاوژینی "محەمەد رۆستەم رەحیمی"یە کە لە دوای مردنی هاوژینەکەی، کێڵگەکەی بەڕێوەبردووە و بە هاوکاری ژنانی دیکەی گوندەکە توانیویانە لەناو زەوییەکاندا شلیک بەرهەمبهێنن و بۆ فرۆشتن بینێرن بۆ ناو بازاڕەکانی سنە.

 

دەربارەی ئیشکردن لە ناو زەوییەکاندا خەدیجە قوربانی وتی: "دوو جار زەوییەکان دەکێڵم، چوار بۆ پێنج جار ئاوی دەدەم، سێ بۆ چوار جار بەرهەمەکان کۆدەکەمەوە لە بەهار و پایزدا، ئەمانە و چەندین ئیشی دیکە لەسەر زەوییەکان لەگەڵ ژنانی دیکەدا ئەنجام دەدەم."

 

"بژێوی ژیانمان لەسەر کێڵگەکانە"

سەعیدە ڕۆستەمی یەکێک بوو لە ژنەکانی ناو گوندەکە کە لە کێڵگەی شلیکی خەدیجە قوربانیدا کاری دەکرد و هاوکاری دەکرد، وتی: "ئەمساڵ لە ساڵی پار باشترە و بەرهەمەکان باشتر دەفرۆشرێن، خودا کارمان ئاسان دەکات، چونکە ئێمە زەحمەتییەکی زۆر دەکێشین و کارەکانمان و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم زەوییانەیە، بۆیە ئەگەر بە نرخێکی باش نەفرۆشرێت ڕەنجمان بەفیڕۆ دەچێت، هیوادارم کە بتوانین بە نرخێکی گونجاو بیانفرۆشین تا خاوەن کێڵگە و کرێکارەکانیش بتوانن سودمەند ببن، چونکە شلیکی ئەم پارێزگایە تامێکی نایابی هەیە و لە هیچ شوێنێکی دیکە بەم جۆرە بەرهەم نایەت."

 

خەدیجە باسی لە جیاوازی شلیکی ناو خانووە پلاستیکییەکان لەگەڵ شلیکی خۆماڵی ناو کێڵگەکان کرد و وتی: جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان شلیکی ناو خانووە پلاستیکییەکان و ناو کێڵگەکان لە ڕووی تام و بۆنە و ڕەنگەوە زۆر نایابە و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام شلیکی ناو خانووە پلاستیکییەکان تەنها ڕەنگەکەی جوانە و تام و بۆنی خۆش نییە.