٣٠ ساڵە خۆی بژێوی ژیانی دابین دەکات
زەینەب ئەحمەد، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، بە کاری گوێزشکێنییەوە خەریکە و بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات، دەڵێت ئەگەرچی ئیشەکەی قورسە بەڵام ناچارە کاربکات.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/05/20220520-yhmd-jpg80021a-image.jpg)
ئاسودە محەمەد
شارەزوور- زەینەب ئەحمەد ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لە ئێستادا کاری پاک کردنهوه و جیاکردنەوەی گوێز دەکات، ئەم کارە گەرچی قورسی و وردی خۆی هەیە، بەڵام زەینەب دەڵێت توانای جارانی نەماوە کاری دەرەوە بکات و بۆ ئەوەش لە ماڵەوە کاری گوێزشکاندنەکەی بۆ ئاسانترە.
زەینەب ئەحمەد دوای گیانلەدەستدانی هاوژینەکەی، دەست دەکات بە کارکردن تا لەو ڕێیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، دەڵێت: دوای مردنی هاوژینەکەم ٣٠ ساڵ پێش ئێستا، دەستم بە کار کردووە و هەموو کارێکم کردووە، وەک تووتن و پارچەکۆڵە و لۆکەچنین و گوڵەبەڕۆژە هەڵبڕین و هەموو کارێکی دەشتم کردووە.
ئەو ژنە ڕەنجکێشە باس لەوەدەکات، بە ماندووبوون و کارکردنی بەردەوام توانیویەتی منداڵەکانی بەخێو بکات، "کارم دەکرد تا منداڵەکانم جگە لە خۆم پێویستیان بە کەسی تر نەبێت و بێ باوکیان پێوە دیار نەبێت، ئێستاش هەموویان هاوسەرگیریان کردووە و خاوەن خێزانی خۆیانن".