ژنانی گەنج: تاوەکو بەرهەمی خۆماڵی هەبێت بۆ بەرهەمی هاوردە بەکاربهێنین

ژنانی گەنج داواکارن زیاتر پەرە بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت و چونکە دەبێتە هۆکارێک بۆ بوژاندنەوەی بازاری کوردستان و هەلی کار بۆ گەنجان زیاد دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە بەشداری بەرهەمی هەنار و بەرهەمە خۆماڵی و کوردەواەییەکان و کاری دەستی ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، ساڵ بە ساڵ زیاتر بەرهەمە خۆماڵییەکان پەرەیان پێدەدرێت و خواستی هاوڵاتیانیش بەلای بەرهەمە خۆماڵییەکاندا زیاد دەکات.

 

تەنیا عوسمان، دەستڕەنگینە و باس لەوە دەکات کە فێستیڤاڵەکان دەرفەتێکە بۆ خاوەنکارەکان تا بەرهەمە خۆماڵییەکانیان بە بازاڕ بکەن و کڕیاریش بە ڕوونی بەرهەمەکان دەبینێت و دەزانێت کوالێتی چۆنە، وتیشی: کوالێتی کۆنترۆڵی هەرێم لە قەیراندایە و سەرجەم بەرهەمە هاوردەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشی.

 

"بەرهەمە هاوردەکان نەخۆشین و بۆ وڵاتی خۆیان بەو کوالێتییە خراپە دروست ناکرێت"

ژنانی گەنج هیواخوازن کە زیاتر گرنگی بە بەرهەمە خۆماڵیەکان بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمێکی تەندروست بخەنە بازاڕەوە، تەنیا عوسمان ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر گرنگی بەم بوارە بدرێت، هەلی کار زیاتر دەبێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوریشەوە گۆڕانکاری دروست دەبێت، ناکرێت بواری تەندروستیش لەبیر بکەین، کە لە ئێستادا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بەکارهێنانی بەروبومی خۆماڵی و دوورکەوینەوە لە کەلوپەلی هاوردە.

 

خەیاڵ مەحمود، گەنجێکی ترە و لە بوارەکەی خۆی گرنگی بە دروستکردنی خواردنی کوردەواری داوە، دەڵێت: لە ئێستادا گەنجێکی زۆرمان هەیە کە پێویستیان بە کار کردنە و هاتوونەتە مەیدان، پێویستە خۆمان و لایەنی پەیوەندیدار بە جدی ئاوڕ لە تواناکانیان بدەینەوە، چونکە دڵنیا بن ئەو کەلوپەلەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، هەرگیز وەک ئەوە نییە کە وڵاتەکە بۆ خۆی دروستدەکات و کوالێتییەکەی خراپە، بۆیە پێویستە گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت، چونکە تەنها خۆمان دڵسۆزی خۆمانین و

 

شەیدا سەیاد، خاوەنکارە و دروشمی کارکردنی لە دوکانەکەی خۆی بریتیە لە "تا بەرهەمی خۆماڵی هەبێت بۆ کەلوپەلی بێگانە بەکاربهێنین"ە، باس لەوە دەکات، ئەگەر لە ناوخۆدا کار بکرێت، کوردستان لە وڵاتێکی بەکارهێنەرەوە دەبێت بە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و داهاتی ناوخۆمان بەهێز دەبێت.