لیژنەی ئابووری کۆنگرەی ستار پڕۆژە وەرزییەکان فراوانتر دەکات

لیژنەی دارایی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار پڕۆژەی وەرزی لە تربەسپی فراوانتر دەکات، ژنانیش دەڵێن ئەم پڕۆژەیە هەلی کار و خۆسەری بۆ هەرێم دەڕەخسێنێت.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- پڕۆژەی وەرزی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی ئابووری ژنانی لیژنەی ئابووری کۆنگرەی ستار لە ناوچەی تربەسپیی سەر بە شاری قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا، نزیکەی ١٠٠ ژن لەم پرۆژەیەدا کاردەکەن، کە بە ٤ ژن دەستی پێکردووە، لەوانەش چاندنی هەموو جۆرە بەروبوومێک بۆ هەر چوار وەرزی ساڵ و ئاژەڵداری، پڕۆژەکە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر و بەرهەمی زیاتری بۆ دابین بکات فراوانتر دەبێت.

 

گوڵێ موراد، وتەبێژی لیژنەی ئابووری کۆنگرەی ستار، ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ٢٠١٥وە بۆ ئامانجەکانیان بەردەوامن لە پڕۆژەکە و وتی: پڕۆژەکە بچووک و سنووردار بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستادا ژمارەی ژنانی بەشدار لە پڕۆژەکەدا نزیکە لە ١٠٠ ژن، ئەم ژنانە تەنها بۆ پەیداکردنی پارە لێرە نین، کار بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی خۆیان و فێربوونی کارکردن دەکەن، ئێستا گەیشتوونەتە ئاستی شارەزایی، ژنان لێرە لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تێدەگەن، وەرزەکە چاندنی سەوزە و میوە و گەنم و برنج و گەنمەشامی لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاژەڵداریش دەکەن.

 

"بۆ هەرێم و ژنان خۆسەرییەکە"

گوڵێ موراد دووپاتی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ناوچەکە و وتی: ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە، چونکە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان گەیشتن بە خۆبەڕێوەبەرییە لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە خۆراکەوە، بەبێ ئەوەی کە هەرێم پێویستی بە بەرهەمی بیانی هەبێت.

 

گوڵێ موراد ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕووی پڕۆژە و ئایدۆلۆژیاوە کار بۆ گەشەپێدانی ژنان دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لەهەمان کاتدا هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنین، زۆرێک لە ژنان لە ماڵەکانیان دەرنەچوون و پەیوەندییان بە یەکێتییەکانەوە نەدەکرد، دوای بەشداریکردنیان لە پرۆژەکەدا، گرێدانیان دروست بوو، خۆیان وەک خاوەنی پڕۆژەکە دەبینن و دەیانەوێت پەرەی پێبدەن، شایانی باسە ئێمە گرنگی بە ڕاهێنانی ئایدیۆلۆژی ژنان دەدەین لەسەر پاراستن و ئازادی و شێواز و مافەکانیان.

 

"وەرزی بەرهەمهێنان و فراوانکردنی پڕۆژەکەیە"

گوڵێ موراد ڕایگەیاند کە خۆیان بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەموو وەرزێک جیاوازە، ئێستا خۆمان بۆ وەرزی پایز ئامادە دەکەین، کۆگاکان ئامادە دەکرێن و ئاژەڵەکان لە پرۆسەی منداڵبووندان، لە لایەکی ترەوە ئامادەکاری دەکەین بۆ کردنەوەی دوکانێک بۆ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانەی کە لەم پرۆژەیەوە بەرهەم دێن، ڕەنگە هەموو کەسێک دەرفەتی هاتنی بۆ شوێنی پڕۆژەکە نەبێت، بۆیە دوکانەکە دەکەینەوە بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بەرهەمەکان بکڕن.

 

"کاریگەری گەرمی و بڕینی ئاو"

ڕەجا مکلف لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە لە پرۆژەی وەرزی کاردەکات، دەشڵێت: سەرەڕای گەرما و بڕینی ئاو، بەردەوام بووین لە کارەکانمان، ڕەنگە هەندێک کاریگەری نەرێنی لەسەر بەروبوومەکان هەبووبێت، چونکە ئەمساڵ گەرما زۆر بوو، لە هەمان کاتدا پچڕانی کارەباش کاریگەری خۆی هەبوو، بۆیە بەرهەمی ساڵی ڕابردوو باشتر بوو.

 

"ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە"

ڕەجا مکلف جەختی لەوە کردەوە کە پرۆژەی وەرزی دەرفەتی زۆری بۆ ڕەخساند و لە کۆتاییدا وتی: ئەم پڕۆژەیە هەلی کاری زۆری بۆ ژنان ڕەخساند، یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەدیهات، ئێمە بۆ هەموو جۆرە، وەرزەکانی ساڵ کار دەکەین، ئەگەر بەراوردی بکەین، لەکاتی سەرەتای هاتنم و ئێستادا پێشهاتێکی زۆر ڕوویداوە، کار زیاد بوو، هەلی کاریش زیاد بوو، ئەگەر ژنێک کار بکات، دەتوانێت ئاگاداری خێزانەکەی بێت.