فەریدە وەکو ژنێکی گەنج کاری هەنگەوانی و باخەوانی پێکەوە دەکات

هەنگەوانی هەرچەندە کارێکی قورسە بۆ ژنان، بەڵام فەریدە وەکو ژنێکی بەتوانا لەگەڵ کاری هەنگەوانیدا بەرهەمی باخەکەشیان کۆدەکاتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-ژنان هەمیشە دەستڕەنگین بوون و تواناکانیان لە بوارەکانی ژیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی ژنانی کورد لە هەوڵی زیندوو هێشتنەوەی کولتوورەکەیاندا چەندین کاریان کردووە، چی دروستکردنی خواردنە کوردەواریەکان بێت یان کاری هەنگەوانی و باخەوانی.

 

"هەنگەکانمان لە ڕێگەی باخەکەمانەوە شیلە کۆدەکەنەوە"

فەریدە محەمەد، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی شلێرە سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی،  کاری هەنگەوانی دەکات و ئاماژەی بەوەکرد، ئیشی سەرەکییان بەخێوکردنی هەنگە و نزیکەی ٤٠٠ سندوقی هەنگیان هەیە، لە مانگی نیسان و سەرەتای وەرزی بەهاردا هەنگەکان دەبەنە ناو باخەکەی خۆیان، تا مانگی حوزەیران گەرا دادەنێن و بەچکە دروست دەکەن، لە وتیشی: باخەکەی خۆماندا بادەم و گوێز و چەند بەرهەمێکی تری تێدایە و ناوچەکەی خۆشمان لەبەر ئەوەی شاخاویە ساڵی وا هەیە گوڵێکی زۆری هەیە و ساڵی واش هەیە گەزۆی زۆری هەیە، هەنگەکانیش شیلەی هەر گوڵێک کۆدەکەنەوە کە پێدەگات، هەنگەکان لە مانگی حوزەیران تا ١٠ی ئاب خەریکی دروستکردنی هەنگوین دەبن.

 

"هەر هەنگوینێک بمەێت و لە گەرمیدا نەتوێتەوە ئەسڵ نییە"

فەریدە محەمەد ڕوونی کردەوە، کاتێک هەنگوین کۆدەکەنەوە، بەشێکی بۆ هەنگەکان جێدەهێڵن بۆئەوەی خۆیانی پێ بژێنن، هەروەها خواردنی تایبەتی خۆیان هەیە پێیان دەدەن تا ساڵێکی تر مانگی نیسان، ئینجا خۆراکەکەی لێ دەگرنەوە و دەبێت خۆی هەوڵی کۆکردنەوەی شیلە بدات، وتیشی: هەنگوینی ئەسڵ نایبەستێت، ئەگەریش بەستی وەکو ڕۆنی لێدێت و سپی دەبێت و لە شوێنی گەرمدا وەکو خۆی لێ دێتەوە و شل دەبێتەوە، چونکە شیلەی هەندێک گوڵ دەمەێت، وە ئەگەر هەنگوین بمەێت و لە شوێنی گەرمیشدا وەکو خۆی لێ نەهاتەوە، وەکو توێژێک کەوتە بنەوە ئەوە هەنگوینەکە ئەسل نییە و شیلە دراوە بە هەنگەکە، ئێمە ساڵانە لیژنەی هەنگەوانی هەنگوینەکەمان بۆ فەحس دەکەن و هەر شتێکی نامۆی تیادا بێت پێمان دەڵێن، هەرچەندە هەنگەکان لە دوای مانگی ئاب هەنگوین دروست دەکەن، بەڵام بەکاریناهێنین بۆ خواردن، چونکە نازانین چی شتێکی خواردووە و دەیکات بە هەنگوین.

 

فەریدە لە دایکیەوە فێری دروستکردنی خواردنە کوردەوارییەکان بووە

فەریدە محەمەد جگە لەوەی کاری هەنگەوانی دەکات، لە باخەکەی خۆیان ترش و گوێز و قەیسی کۆدەکاتەوە و بووەتە داهاتێک بۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا فەریدە لە دایکیەوە فێری دروستکردنی خواردنە کوردەوارییەکان بووە و ساڵانە دۆشاوی توو، دۆینە، کەشک و ترخێنە دروست دەکات دواتر دەیانفرۆشێت، هەر ساڵێکیش گەزۆ هەبێت، فەریدە دەچێت کۆیدەکاتەوە و دایدەنێت تا وشک دەبێتەوە، دواتر دەیهاڕێت و بە بێژنگ گەزۆکەی لێ جیادەکاتەوە و بە شێوەی دۆشاو و هاڕاو ئامادەی دەکات.

 

فەریدە وەکو ژنێکی گەنج ڕەنج و ماندوبوون دەکێشێت و وەک خۆی دەڵێت: ئەو کاتەی هەنگوینەکە و بەرهەمی باخەکە بەیەکەوە کۆدەکەینەوە زۆر هیلاک دەبین، بەڵام کاتێک بە ماندوبوونی خۆمان داهاتێکمان دەستدەکەوێت، ئەو ماندوبوونەمان لە بیر دەچێتەوە، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستای باشووری کوردستان بارگرانی بۆ ئێمەش دروست کردووە.