ژنانی دێرەزوور سەرەڕای سەختییەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی پەموو

ژنانی دێرەزوور سەرەڕای چەندین گرفتی وەک گۆڕانی کەشوهەوا و هێرشەکانی ناوچەکە، بەڵام بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی پەموو و ڕایانگەیاند، هەرچییەک بێت ئەوان هیوای خۆیان بەرنادەن.

زەینەب خەلەف

 

دێرەزوور- چاندنی پەموو بە تایبەت لە وەرزی چاندنیدا دەبێتە هۆی بوژاندنەوە و گەشەسەندنی ئابووری و هەلی کاریش بۆ توێژەکانی کۆمەڵگە دەرەخسێنێت و یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بژێوی دانیشتوانی کانتۆنی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

بەهۆی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی پەموو لەم ساڵانەی دواییدا کەمی کردووە، لە بەخێوکردنی پەمووشدا ژنانی جووتیارانی ئەو شارە ڕووبەڕووی هێرش و گرفتی زۆر دەبنەوە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان هەیە، لەوانەش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاو. یەکێتی گشتی پەمووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناوەندێکی دامەزراند کە ئەرکی وەرگرتن و هەڵگرتن و فرۆشتن و پاککردنەوەی پەمووەکانە.

 

بەیانیان دەست بە کار دەکەن

سوبحە ئەسوەد، یەکێکە لە ژنە جوتیارەکان و کار لەسەر زەویەکەی دەکات، دەڵێت: بەیانی زوو دەڕۆین و تا خۆر ئاوا دەبێت کار دەکەین، سەرەڕای ئەو دۆخە سەختە، زۆر کار دەکەین، چونکە پەموو سەرچاوەی بژێوی ژیانمانە و یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکان پێویستە لە وەرزێکدا زیاتر لە ١٢ جار ئاو بدرێت.

 

ئاوی پێویست بۆ زەویەکانیان نییە

سوبحە ئەسوەد ئاماژەی بەوەشکرد، چاندنی پەمووی ئەمساڵ زۆر سەرکەوتوو نەبووە، چونکە زەوییەکەی بە بیرە ئاوەکان ئاودێری دەکرێت و وەکو پێویست ئاو نەبووە، وتیشی: ئەمساڵ بەرهەمی پەموو دابەزیوە، لە ڕۆژێکدا تەنها یەک کیسە پڕ دەکەینەوە، لە ڕابردوودا وا نەبوو، بەڵام ئێمە پشت بە کارەکانی ناو خاکەکەمان دەبەستین، چونکە لە ژیانی ڕۆژانەماندا یارمەتیدەرمانە و ئاژەڵەکانیشمان سوودی لێ وەردەگرن.

 

"لە بەیانییەوە دەست بە کار دەکەین"

عوفە قەمەر یەکێکە لە کرێکارەکان و باسی لەوەکرد، هەموو بەیانیەک زوو لە خەو هەڵدەستێت تا کاری ماڵەکەی تەواو بکات، هەتا نیوەڕۆش لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکان سەرقاڵی پەمووەکان دەبێت، وتیشی: سەرەتا زەویەکە دەکێڵین و پاکی دەکەینەوە لە ڕووەک و گژوگیا زیانبەخشەکان، بەڵام کێشەمان هەیە، چونکە ئامێری پێشکەوتوومان نییە بۆ کێڵان، پاشان تۆوەکان دەچێنینە زەوییەکە و تا کاتی پێگەشتن دەبێت زیاتر لە ١٠ جار ئاو بدرێن، بەڵام ئەمساڵ کوالێتی بەرهەمهێنان لەچاو ساڵی ڕابردوو خراپتر بوو.

 

"سەرەڕای سەختییەکان، ئێمە هیواخوازین"

ئەمەل عەلی کرێکارێکی دیکەیە و دەڵێت: دوای تەواوکردنی کۆکردنەوەی پەمووەکە، پووش و پاوانەکەی هەڵدەگرین و بە ئۆتۆمبێل دەیگوازینەوە بۆ ماڵەوە، تا خواردنیان لەسەر بکوڵێنین یان تەندووری پێگەرم بکەین، پەمووەکەش بە بازرگانەکان دەفرۆشین و پاشان دەینێرن بۆ ئەو ناوچانەی کە پەمووەکەی لێ بەکاردەهێنن، پەموو لە زۆر پیشەدا بەکاردەهێنرێت، وەکو جلوبەرگ و هتد. سەرەڕای سەختییەکان، دەتوانین ئابووری خۆمانمان هەبێت تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت.