خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ئەزموونی خۆی بۆ خاوەن پێداویستییەکانی دیکە دەگوازێتەوە

سەوزە مەعروف، بەهۆی نەخۆشیەوە بینایی چاوەکانی لەدەست داوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە کاری درومانی دەکات، وەک مامۆستایەکی خۆبەخش لە ڕێکخراوێکدا وانە بە نابینایان دەڵێتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- وەک چۆن ژنان هەمووکات بۆ بەدەست هێنانی ئازادی کارکردن و بەرەو پێشبردنی تواناکانی خۆیان لە هەوڵدان، هەمووکات لەهەوڵی بەدەست هێنانی ئامانجەکانیانن لە کارکردندا دەیانەوێت جێ دەستیان جێ بمێنێت، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش بەهەمان شێوە دەیانەوێت لەڕێگەی تواناکانی خۆیانەوە هەوڵی بەدەست هێنانی کار بدەن، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕێگەی کار و چالاکیەکانیانەوە دەیانەوێت لە هاوڵاتیانی بگەیەنن ئەوانیش وەک کەسانی ئاسایی دەتوانن کاری ڕۆژانەیان بەبێ هاوکاری کەس ئەنجام بدەن.

 

سەوزە مەعروف، ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، ماوەی ٣٠ ساڵە کاری درومان دەکات، ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە خۆبەخش وانەی درومانی بە ژنانی ڕێکخراوەکە دەڵێتەوە، نەبوونی بینای نەبۆتە ڕێگر لە کارکردن و بەرەوپێش بردنی تواناکانی خۆی، لەپاڵ کاری درومانیدا کاری چنینیشی ئەنجام داوە، لەڕێگەی تواناکانی خۆیەوە چەندین کەسی فێری کاری درومانی کردووە و لە ئێستادا وەک مامۆستایەکی خۆبەخش لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ وانەی درومانەی بە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێتەوە.

 

"بەهۆی باشی کارەکەمەوە خەڵکی باوەڕی نەدەکرد کە نابینام"

سەوزە مەعروف، باس لەوە دەکات، لە تەمەنی چوار ساڵیدا  بە هۆکاری نەخۆشی بینایی لەدەست داوە، ماوەی ٣٠ ساڵ زیاتر دەبێت کاری درومانی دەکات، بەهۆی خولیایی بۆ کارکردن و درومانی زوو دەستی بە کاری درومان کردووە، دەڵێت: سەرەتا کە دەستم کرد بە درومان براژنەکەم هاوکاری کردم، پێی وتم تۆ زیرەکیت دەتوانیت کاری درومانی بکەیت و هاوکاری کردم تا توانیم بە باشی کارەکە فێر ببم، بە جۆرێک فێربووم هەموو پۆشاکێکم ئەدووری بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەخۆشیەوە تەنها کاری پێویستی خۆم ئەنجام دەدەم، هەروەها ڕۆژانی شەمە لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ وانە بە فێرخوازانی کاری درومانی دەڵێمەوە و چەندین خوێندکاری بەتوانام هەیە کە کاری درومانی ئەنجام دەدەن.

 

وتی:  کاتێک کڕیارەکانم سەردانیان دەکردم نەمدەتوانی بە مەتر کارەکان ئەنجام بدەم، بەڵام لە ڕێگەی دەستەکانمەوە ئەندازەی جلەکانم وەردەگرت و کاری درومانیەکەم دەکرد، هەروەها لە کاتی کارکردندا بەهۆی جوانی کارەکەم و وریایەکەمەوە پێیان دەوتم تۆ نابینا نیت.

 

" کارەکانم بە بێ هاوکاری هیچ کەسێک ئەنجام دا"

سەوزە مەعروف، باسی لەوەکرد، کە تەنها بە کاری درومانیەوە نەوەستاوە کاری چنینیشی ئەنجام داوە، لە ئێستادا هەوڵی فێربوونی چنینی جانتای بۆنە و ئاهەنگەکان دەدات تا لە کاری دەست ڕەنگینی دانەبڕێت، هەروەها بەشێک لە کاری ماڵەکەی خۆی ئەنجامی دەدات و پێویستی بە هیچ هاوکاریەک نییە و دەڵێت: لە پاڵ کاری دروماندا کاری چنینی گوڵ و هێلەگ و چنینم لەسەر جلی کوردی ئەنجام داوە، ئێستا لە هەوڵی فێربوونی چنینی جانتام بە مرواری، ئەو کارەی بمەوێت ئەنجامی دەدەم و ناڵێم خاوەن پێداویستی تایبەتم و ناتوانم.

 

سەوزە مەعروف، وتیشی: هەر کارێک بمەوێت فێرببم هەوڵی بۆ دەدەم و پاشان سەرکەوتوو دەبم، سەرەتا ئەو کارەی کە دەمەوێت فێربم هەڵی دەوەشێنمەوە پاشان چەند جارێک دووبارەی دەکەمەوە، دواتر دەتوانم بە باشترین شێوە کارەکانم دووبارە بکەمەوە، کاتێک بمەوێت مەکسیەک بدورم سەرەتا بە دەست نەخشەکەی وەردەگرم و شێوازەکەی دیاری دەکەم و پاشان دەیدورم، هەروەها پاشان قوماشەکە خۆم دەیبڕم و شێوازی بڕینەکەی دەردەکەمەوە، لەکاتی دورین و بڕیندا هیچ کەسێک هاوکاریم ناکات خۆم هەموو کارەکانی خۆم ئەنجام دەدەم، هەمووکات دایک و باوکم هاوکاریان کردووم و ڕێگری کارکردنیان بۆ دروست نەدەکردم.

 

"ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێگری کارکردنیان لێدەکرێت"

سەوزە مەعروف، سەرەتا لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ پێشنیاری وانە وتنەوەیان بۆکردووە، لە ئێستادا لەگەڵ چەند ژنێک لە ڕێکخراوەکەدا چەندین وانەی بە خوێندکاران دەڵێتەوە و وتی: لەدوای پێشنیارکردنی وانە وتنەوەم، دەستمکرد بە وانە وتنەوە و چەندین ژن لەلام بەشداریان کردووە و بە خۆبەخش وانەیان پێ دەڵێمەوە، بە نزیکەی ١٣ خوێندکارم هەیە، هەمووکات پشتگیریان دەکەم کارەکەیان بەرەوپێش ببەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێویستیان بە هاوکاری کەس نەبێت کاتێک جلێکیان دەوێت خۆیان بیدوورن و کارەکانی ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن.

 

لە کۆتاییدا، وتی: بەشێک لە خێزانەکان ڕێگری لە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن لە ماڵەکانیاندا بێنە دەرەوە و کار بکەن، بەشێکی زۆر لەو ژنانە باری دەروونیان لە ماڵەکاندا تێکدەچێت و بەردەوام بیرکردنەوە کێشەیان بۆ دروست دەکات، داواکارم لە خێزانەکان هاوکاری ژنانی خاوەن پێداویستی بکەن تا لە ماڵەکانیاندا بێنەدەرە تا بتوانن تێکەڵ بە کۆمەڵگە و هاوڕێکانیان ببن و بتوانن بگەن بەو ئامانجەی دەیانەوێت.

 

"ژنانی خاوەن پێداویستی تابەت بێ بەش نین لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری"

ڕێژنە ڕێبوار، فێرخوازی درومان و کاری دەستی لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ، باسی لەوەکرد، ڕۆژانی شەمە لەگەڵ هاوڕێیانی سەردانی ڕێکخراوەکە دەکەن، مامۆستاکەیان بە باشی کارەکانی درومان و چنینیان فێردەکات و دەڵێت: لەڕێکخراوەکەدا مامۆستا سەوزە کاری درومانمن فێر دەکات و ئێمە هەموومان خاوەن پێداویستی تایبەتین بەڵام ئاستەنگیمان بۆ دروست نابێت و خۆمان کارەکانی خۆمان ئەنجام دەدەین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ژنان لەکاتی هاتنە دەرەوە و بەشداریکردنی ڕێکخراوەکاندا ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت، وتی: بەهۆی ئەو ئەقڵیەتە پیاو سالاریەی هەیە ژنانمان ڕووبەڕووی ئاستەنگی لە کارەکانیاندا دەبنەوە، بەڵام ئاستەنگیەکان بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دو وهێندە زیاترە، چونکە پێیان دەڵێن توانای کار و خوێندنیان نییە لە کاتیکدا سەرجەمیان بەتوانان.

 

لە کۆتایدا وتی: ئێمەی خاوەن پێداویستی ناتوانین ببینین بەهەر هۆکارێک بێت بەڵام دەتوانین کارەکانی ڕۆژانەی خۆمان ئەنجام بدەین وتواناکانمان بەرەوپێش ببەین، ئێمەش وەک هەموو کەسێکی ئاسای دەتوانین کاری خۆمان هەبێت و پەرە بەتواناکانمان بدەین.