تواناکانی دێکان لە کاری هونەریی مەکرەمەدا خۆی دەبینێتەوە

ژنان هەمیشە ویستویانە تواناکانی خۆیان دەربخەن لە ڕێگەی ئەو کارەی هەڵیدەبژێرن، دێکانیش وەکو ژنێکی گەنج کاری دەستی مەکرەمەی هەڵبژاردووە و پشتی بە خۆی بەستووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سەرەڕای هەبوونی ڕێگرییەکان لەبەردەم ژناندا بۆ کارکردن، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری، قورسی بارودۆخی ژیان، حەزی ژنان و هۆشیاربوونەوەیان بۆ کارکردن وایکردووە لەم چەند ساڵەی دوایدا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری بکەن لە بوارە جیاوازەکانی کارکردندا و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی ئابووریەکی سەربەخۆی خۆیان.

 

وێنەیەک بوو بە هاندەری دێکان دەست بە کارکردن بکات

دێکان سەردار، ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سلێمانییە ماوەی ساڵێکە دەستیکرکردووە بە کاری دەستی مەکرەمە، سەرەتای ئیشکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری کردنی لە ئاڵەنگاریەکدا بە وێنەکێشان، لەبەرئەوەی دەستی وێنەکێشانی هەبووە، دوای ئەوە بە دوای کارێکدا دەگەڕێت کە حەزی لێی بێت، بۆیە کاری دەستی مەکرەمە هەڵدەبژێرێت، وەک خۆی دەڵێت ئەو وێنەیەی کێشاویەتی بوو بە هاندەرێک بۆ ئەوەی کار بکات و بڕوای بە تواناکای خۆی هەبێت، چونکە ژن هەر کارێکی بووێت دەتوانێت ئەنجامی بدات.

 

"پێویستە خێزانەکان پاڵپشتی ژنان بکەن بۆ کارکردن"

دێکان سەردار ئاماژەی بەوەکرد، "هەوڵمداوە بە کارەکانم سوود بە خۆم و چواردەورم بگەیەنم و کارێکی جوان پێشکەش بکەم، بە مەکرەمە کاری ناوماڵ، بوکەڵە، ڕەفە و مەدالیا دروست دەکەم، ئیشی مەکرەمە دەرفەتی زۆری تێدایە و دەتوانین چەندین کاری تری پێ دروست بکەین، من تەنها خۆم کارەکانم ئەنجام دەدەم" جەختیش دەکاتەوە، کە کاتێک ژنێک دەست دەکات بە کار کردن پێویستە خێزانەکان و چواردەوری ئەگەر تەنها بە قسەیەکیش بێت پشتگیری بکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دێکان دەڵێت: کارەکانم لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پیشان دەدەم و خەڵکیش داوای دەکەن و بە پێی داواکاری ئەوان کارەکانیان بۆ دروست دەکەم، بەڵام کاتێک بەشداری لە پێشانگاکاندا دەکەم بە پێی ویستی خۆم کارەکان دروست دەکەم، هەموو کەسێک کاتێک دەست دەکات بە کارکردن ڕێگری دێتە بەردەمی، منیش زۆر ماندوو بووم تا گەشتم بەم ئاستەی ئێستام.

 

"زۆری نرخی دوکانەکان ئاستەنگی بۆ ئێمە دروست دەکات"

دێکان سەردار لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت: من زیاتر بۆ ئاسوودە بوونی مێشکم دەستم کرد بە کارکردن بۆ ئەوەی باوەڕ بە تواناکانی خۆم بکەم، ئێستا لەبەر خراپی دۆخی ئابووری خەڵکی ناتوانن ئەم کارانە زۆر بکڕن، بەڵام ئەم ئیشەم حەز لێیە، چونکە لە ماڵەوە دەیکەم و کرێی دوکان نادەم، دوکان دانان بۆ ئێمە ئاستەنگی دروست دەکات، چونکە دەبێت کارەکانمان بە نرخێکی گرانتر بفرۆشینەوە بە خەڵک و خەڵکیش ئەوەی ناوێت.

 

دێکان سەردار وتیشی: ئیشی مەکرەمە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لای ئێمەش چەندین ژنی دەستڕەنگین ئەم کارە دەکەن و لەم چەند ساڵەی دوایدا خەڵک خواستێکی زۆری لەسەرە، من خۆم ماوەیەکی کەمە دەستم کردووە بەم کارە، بەڵام ئامادەم یارمەتی هەر ژنێک بدەم کە بیەوێت ئەم کارە بکات.

 

"پێویستە ئێمەی ژنان ڕێز لە کارەکانی یەک بگرین"

دێکان سەردار ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە ژنان توانا و بەهرەکانی خۆیان دەربخەن و پشت بە خۆیان ببەستن و بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، بەشداری ژنان لە کارکردندا لە چاو ڕابردوودا زیادی کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری ژنان کە دەیانەوێت ببنە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان، پێویستە هەموو ژنێک ئەوانەی کار دەکەن و ئەوانەشی کار ناکەم ڕێز لە کار و ماندووبوونی یەکتر بگرین، بۆ ئەوەی کارەکانمان بەرەوپێش ببەین و چواردەوریش کارەکانمان بەرز بنرخێنن.