چوار ژن لە شاری سلێمانی ڕێچکە دەشکێنن

چوار ژن لە شاری سلێمانی کاری خانووبەرە دەکەن و داوا لە ژنان دەکەن ئەو کارانە بکەن کە کۆمەڵگا بە کاری پیاوی دەزانێت، دەشڵێن ژنان بەبینینی ئێمە زۆر ئاسودە دەبن.

ژنها – ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆمەڵگای کوردیدا کاری کڕین و فرۆشتنی خان و زەوی بە کاری پیاوان ناسراوە و تەنها پیاوان ئەم کارەیان ئەنجام داوە، بەڵام چوار ژن لە شاری سلێمانی ئەم ڕێچکەیەیان شکاند و لە ئێستادا کۆمپانیایەکی ئەقارات بەڕێوە دەبەن، داوا لە ژنان دەکەن ئەو کارانە بکەن کە کۆمەڵگا بە کاری پیاوی دەزانێت و دەڵێن ژنان بەبینینی ئێمە زۆر ئاسودە دەبن.

ئەم چوار ژنە خوێندکاری بەشی کارگێڕین و کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی خان و بەرە بەڕێوە دەبەن لە شاری سلێمانی، کارەکانیان لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەنجام دەدەن و لە باسکردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارەکانیان بۆ ئاژانسەکەمان دەڵێن: سەرەتا فرۆشیارێک بیەوێت موڵکەکەی بفرۆشێت پەیوەندیان پێوە دەکات، دوای وەڵامدانەوە کاتێک دادەنێن بۆسەردان کردنی موڵکەکە و پڕکردنەوەی فۆڕمی تایبەت بە کۆمپانیاکەیان لەلایەن خاوەن موڵکەوە، دوای ڕێککەوتن وێنەی موڵکەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە کۆمپانیا دادەنێن و لەکاتی هەبوونی کڕیاردا خاوەن موڵکەکە ئاگادار دەکەنەوە.

خۆشی کارەکە ئەوەیە دووری کارە ڕۆتینەکانە

زاریا ڕەشاد ماوەی دوو مانگە ئەم کارە دەکات و دەڵێت: کاری ئەقارات لە ناو کۆمەڵگادا تا ئێستا لەلایەن ژنان و کچانەوە ئەنجام نەدراوە، بۆیە پێم خۆشبوو ئەم کارە بکەم کە دوورە لە کارە ڕۆتینیەکان.

سیما ئەسەد یەکێکە لەو کچانەی لە کۆمپانیاکەدا کار دەکات، سیما ئەم کارەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دۆزیوەتەوە و دەربارەی تێڕوانینی هاوڵاتیان بۆ کارەکانیان دەڵێت: تێڕوانینی هاوڵاتیان بۆ ئێمە لە سەرەتاوە کەمێک قورسبوو بۆیان قبوڵ نەدەکرا کچێک لەم بوارەدا کار بکات بەڵام ژنان بە پێچەوانەوە زۆر ئاسودە دەبن بە بینینمان.

ئەم ژنانە باسیان لەوەشکرد دووچاری ڕەخنە بونەتەوە لەلایەن کۆمەڵگاوە و پێیان وتراوە ئێوە کچن ئەم کارە بۆ ئێوە نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەستخۆشی زۆریان لێکراوە بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە، دەشڵێن گوێ بە ڕەخنەکان نادەین و زیاتر دەستخۆشیەکانمان بۆ گرنگە.

سیما و زاریا داواکاربوون لە ژنان ئەو کارانە تاقی بکەنەوە کە لە کۆمەڵگای کوردیدا دەڵێن ئەو کارە بە ژن ناکرێت.

 

ت.پ