بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار کێڵگە پەلەوەریەکان دەخاتە مەترسیەوە.

بەرز بوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، زیانی بە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ڕوونیكردەوە، بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا، زیانێكی زۆری بە خاوەنی كێڵگە پەلەوەریەكان گەیاندووە، بەو پێیەی زۆرینەی پێداویستی كێڵگە پەلەوەریەكان لە بازاڕەكاندا نرخیان بەرزبووەتەوە.

جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان باسی لەوەشکرد: ئێستا زۆرێک لە پێداویستی كێڵگە پەلەوەریەكان لە دەرەوە بە دۆلار دەكڕدرێت، وەک ڤیتامین، دەرمان، ڤاكسین و عەلەف، بەو هۆكارەش خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار زەرەرمەند بوون، بە تایبەت كە هێشتا نرخی فرۆشی گۆشتی مریشك، گۆرانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی مریشك لە كێڵگە پەلەوەریەكان و بەردەوامی هاوردە كردنی مریشكی بەستوو هۆكارن بۆ ئەوەی نرخی فرۆشتی كیلۆیەک گۆشتی مریشك لە دوو هەزار و 250 دینار تێنەپەڕێت و ئەو نرخەش خاوەنی كێڵگە پەلەوەریەكان زەرەرمەند دەكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پێویستە حكومەت و وەزارەتی پەیوەندیدار چارەسەریەک بۆ خاوەنی كێڵگەكانی پەلەوەر بدۆزنەوە، چونكە ئەگەر بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوە دوور نییە سەرجەم كێڵگەكان دابخرێن.

 

لە پێش دەستپێکردنی ساڵی ٢٠٢١ بە بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و تا گەشتن بەوەی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە بۆ ١٤٧ هەزار دینار.

 

ت.پ