بەرهەمە دەستییەکان لە ڕێگەی گروپی پڕۆژە بچووکەکانەوە دەگەنە پێشانگاکان

ئەندامانی گروپی پڕۆژە بچووکەکان کە هەنگاوێکی واتاداریان بۆ ژنان ناوە، ڕایانگەیاندووە کە بەرهەمی دەستی زیاتر لە ڕێگەی پێشانگاوە دەفرۆشرێت.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ– گروپی پڕۆژە بچووکەکان ئامانجی پاڵپشتی و بەهێزکردنی ژنانە لە قامیشلۆ، وەک دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتی، لەناو سەختییەکانی ژیانی ڕۆژانە و سنوورداربوونی هەلی کار، بۆ کاری دەستی و بەهێزکردنی ژنان، ئەم گروپە سەکۆیەکی گرنگە بۆ ژنان بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و پەیوەندیکردن بە بازاڕە ناوخۆییەکان، بەم شێوەیە بەشداری لە سەربەخۆیی دارایی خۆیان دەکەن، ڕۆڵی کارایان لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکەن و هێزی دەستپێشخەرییەکانی ژنان لە گۆڕینی بیرۆکە بچووکەکان بۆ دەرفەتی ڕاستەقینە نیشان دەدەن.

 

"ئەندامانی گروپی پڕۆژە بچووکەکان قسەیان لەگەڵ ئاژنسەکەمان کرد دەربارەی پڕۆژە و کار و چالاکییەکانیان"

نادیە بۆزۆ ڕایگەیاند، کە کێشەی جووڵەی هەیە وتی: لە زانکۆدا، لە بواری داکۆکیکردن دەخوێنم، لەگەڵ کۆمەڵەی باڵیۆزان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کاردەکەم، گروپی پڕۆژە بچووکەکان بە ١٢٠ ژن پێکهێندرا، زۆرێک لە ژنان لە ڕێگەی ئەم کارەوە بژێوی ژیانیان و بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن.

 

"زۆرێک لە ژنان پێویستیان بە پشتیوانی هەیە"

نادیە بۆزۆ ئاماژەی بەوەدا، کە لە کاری دەستیدا ئاستەنگی هەیە، بەڵام جوانییەکەیشی هەیە، وتی: سەختی کاری دەستی ئەوەیە کە کەرەستەکان لاوازن، نرخەکانیان زۆرە، فرۆشی بەرهەمەکانیش کەمە، زۆرێک لە ژنان پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، ئەگەر هەندێک ڕێکخراو شتە پێویستەکانیان بۆ دابین بکەن، ئەوە باش دەبێت، پێویستە ناوەندێک هەبێت کە هەمیشە ئەم کارانە پێشکەش بکرێت.

 

"گروپی پڕۆژە بچووکەکان نزیکەی چوار ساڵە دامەزراوە"

نادیە بۆزۆ ڕوونیشیکردەوە، کە گروپی پڕۆژە بچووکەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراون و وتی: نزیکەی چوار ساڵ بەسەر دامەزراندنی گروپی پڕۆژە بچووکەکاندا تێپەڕیوە، ئێمە پاڵپشتی دار ڕەحمە دەکەین لەم گروپەدا، جلوبەرگ و هەندێک پێداویستییان بۆ دابین دەکەین، سەردانی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە دەکەین، بەشداریمان لەو پێشانگایەدا کرد کە لەلایەن مانگی سور کوردی بۆ منداڵانی تالاسیمیا ڕێکخرابوو و هاوکات هاوکاری منداڵانی بێ باوکیش دەکەین.

 

''ئێمە ویستمان لە ڕێگەی ئەم گروپەوە بەرهەمی دەستی ژنان پێشکەش بکەین"

نادیە بۆزۆ دووپاتی کردەوە، کە هەر گروپێک لە ژنان کارێک دەکەن و وتی: ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەم گروپەدا ئەوە بوو کە ئەو ژنانەی لە ماڵەوە کاریان دەکرد بەشداری بکەن، بەو پێیەی هیچ کام لە بەرهەمەکانیان دیار نەبوو، ویستمان لە ڕێگەی ئەم گروپەوە کاری دەستی ژنان پێشکەش بکەین، لەم دواییانەدا بەشێک لە ژنانی گەنجیش پەیوەندییان بەو گروپەوە کردووە و خەریکی کارکردنن، هەر ژنێکی ناو گروپەکە شتێک دەکات، پەیکاریسازی، شوکولاتە، مەڕمەڕ، بۆن دروست دەکەن، سیرامیک دەڕازێننەوە، کیسە دروست دەکەن، سندوقی بەتاڵ بەکاردێننەوە و چەندین کاری دەستی تر.

 

"لە منداڵییەوە حەزم لە کاری دەستی بووە"

سەمیرە شاویش باسی لەوە کرد کە پێشتر مامۆستا بووە، بەڵام دوای ئەوەی واز لە وانەوتنەوە هێنا، دەستیکرد بە کاری دەستی، وتی: لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە کاری دەستی بووە و پێشتر سیرامیک و تابلۆم دروست دەکرد، هەروەها گروپی پڕۆژە بچووکەکان بە ژمارەیەکی کەمی ژنان دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا نزیکەی ١٢٠ ژن لەم گروپەدا هەن.

 

"بەرهەمەکانمان زیاتر لە پێشانگەکاندا دەفرۆشرێن"

سەمیرە شاویش ڕایگەیاند، کە گروپی دەستپێشخەری خێرخوازیش هەیەو وتی: ئامانجی سەرەکیمان لەگەڵ دامەزراندنی ئەم گروپە بەهێزکردن و پەرەپێدانی ژنان بوو، ئێمە هاوکاری زۆرێک لە ژنان دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەکانیان، ئەو بەرهەمانەی کە ژنانی ئەم گروپە دروستی دەکەن لە شوێنی جیاوازدا دەفرۆشرێن، هەندێک لە ژنان بۆ فرۆشتن دەچنە دوکانەکان، بەڵام زۆربەیان لە پێشانگاکاندا دەفرۆشرێن، تا ئێستا بەشداریمان لە ٨ پێشانگادا کردووە، گروپێکی دەستپێشخەری خێرخوازیمان هەیە، ئێمە یارمەتی منداڵانی بێ باوک و نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشانی تالاسیمیا دەدەین، ماوەیەک لەمەوبەر گروپەکەمان هاوکاری بۆ حەلەب نارد.