زیندووکرندوەی شانۆ، ڕێگایەک بۆ گەیاندنی پەیامەکان

هونەرمەندان، زیندووکردنەوەی شانۆ لە ئێستادا بە کارێکی پێویست دەزانن بۆ نیشاندانی ئازارەکانی ژنان و کۆمەڵگا، بەو مەرجەی کە کارەکان لە ئاستێکی پێویست و بە کوالێتییەکی باش بێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شانۆ بە یەکێک لە هونەرە کاریگەر و زیندووەکان دادەنرێت، کە پەیوەندی و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەرگردا هەیە، زۆرجار زیندووبوونی هەر میلەتێک بە بوونی شانۆ لەو گەلەدا لێکدەدرێتەوە.

 

شانۆ یەکێکە لەو هونەرانەی کە هەڵگری چەندین تایبەتمەندی جیاوازە، لەوانەش پێدانی پەیام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە وەرگر، نیشاندانی کێشە و نەهامەتییەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە چەندین شێوە و لایەنی جیاواز و ڕەخنەگرتن، سەرباری ئەوەی کە شانۆ هەمیشە بە یەکێک لەو هونەرانە دادەنرێت کە هەنگاوێک لەپێش کۆمەڵگاوەیەوەو دەرئەنجام و پێشبینی ڕووداوەکان دەکات.

 

بۆ زیندووبوونەوەی شانۆ لای کۆمەڵگای کوردی، دیاری عومەری شانۆکار باس لەوەدەکات، ئەو بابەتەی کە هەڵدەبژێردرێت بۆ کاری شانۆی دەبێت بابەتێک بێت بە هەموو واتا جوانەکانی شانۆوە، زیندووبوونەوەی شانۆ لە دەق و نواندنەوە تا سەرجەم لایەکانی دیکەی شانۆییەکە دەستپێدەکات، بەجۆرێک نوێگەری بێت کە بینەر ڕابکێشێتەوە بۆ ناو هۆڵەکانی شانۆ.

 

هەرچەندە لە ئێستادا خوێندکارێکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا لە بەشی هونەرەجوانەکاندا دەخوێنن، بەڵام ئەوەی جێی بایەخە لای دیاری عومەر ئەوەیە کە دوای دەرچوونیان لەم بەشانە دەتواندرێت ببیندرێنەوە یاخود، ئەو نمونەی وتەی مامۆستاکەی خۆی بەدیعە دارتاش دەهینێتەوە کە پێی وتوون "کە دەرچوون لە پەیمانگا من دەمەوێت بتان بینمەوە لەسەر شانۆ".

 

بۆ ئەو شانۆکارە گرنگە کە دەرچووی ئەم بەشانە وێڕای دووبارە بینینەوەیان ئەوەیە کە بزانن چ کارێکی شانۆیی دەکەن، دەڵێت: "تەنها ژمارەی کار گرنگ نییە، بەقەدەر ئەوەی کە بزانن لە چ کارێکدان و چۆن نواندن دەکەن، لەگەڵ چ دەرهێنەرێکدا کار دەکەن".

 

میدیا ڕەئوف، یەکێکی دیکە لە شانۆکارە بە ئەزموونەکان ئەو شانۆ بە هونەرێکی گرنگ و پێویست بۆ هەموو سەردەمەکان دەزانێت، لە ڕێگای شانۆوە کێشە و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگا دەبیندرێت و دەگەیەندرێتە هەموو تاکێک.

 

کێشە و دۆزی ژن بۆ ئەو بووەتە ڕۆتینێک کە بەردەوام ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە گرنگە وەک ژنێک ئازارەکانی ژن بگەیەنن، چونکە ژنان لە دەرەوە، دەوام و بازاڕ بەردەوادەم بەرکەوتەیان دەبێت، لەبەر ئەوەشە تەنها دوو هەفتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کەمە.

 

تارا ڕەسوڵ هونەرمەندێکی گۆرانیبێژە، وەک هونەرمەندێک باس لەوەدەکات کە کۆمەڵگا هەمیشە پێویستی بە شانۆ هەیە، بە تایبەت گەلی کورد، بۆ ئەوەی لە ڕێگای شانۆوە پەیامەکانی بگەیەنێت، بوونی شانۆش بە تایبەت بۆ ژنان بە گرنگ  دەزانێت.

 

ئەوەش دەخاتەڕو وکە پێویستە وەک ژنێک دەنگ و ئازارەکانی ژن بگەیەنن، ئەو خۆی چەندین بەرهەمی بۆ ژن کردووە، بە تایبەت بۆ ژنانی نابینا و خاوەن پێداویستی تایبەت، وتیشی: "ئەو کێشانەی کە ژن هەیەتی زۆر زیاترە، ئێمە وەکو ژن زۆر پێویستە کە کێشەکانمان بخەینە ڕوو، هەوڵیشبدەین بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەو ژنانە کە  لەماڵەوەن".