عەزیمە عەزیز لەڕێگەی ڕێکخراوێکی گەشەپێدانی کولتوور بەرپرسیارێتی پاراستنی گرتووەتە ئەستۆ

پاراستنی کولتوور تەنها ئەرکی دامەزراوە فەرمییەکان نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو تاکێک و هەر کەسێکە کە دەتوانێت بە هەنگاوێکی بچووک بەشدار بێت، عەزیمە عەزیز یەکێکە لەو ژنانەی لەڕێگەی ڕێکخراوێکی گەشەپێدانی کولتوورەوە بەرپرسیارێتی پاراستنی گرتووەتە ئەستۆ.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-کولتوور تەنها کۆمەڵێک نەریت و جلوبەرگ و گۆرانی نییە؛ بەڵکو ناسنامە و مێژوو و بیرەوەریی نەتەوەییە، بۆ گەلی کورد، کە لە درێژایی مێژوودا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و هەڕەشەی جۆراوجۆر بووەتەوە، پاراستنی کولتوور گرنگییەکی تایبەتی هەیە، پاراستنی کولتوور بۆ کورد واتە پاراستنی بوون، کورد کلتوورەکەی بووەتە دیوار و قەڵای بۆی، ژنان بە تایبەت بوونەتە پاریزەری کولتوورو هەمیشە لە هەوڵدان بۆ لەناونەچوونی.

 

ئەگەر زمانمان بپارێزین، مێژوومان بخوێنینەوە و هونەر و نەریتەکانمان بە نەوەی داهاتوو بگەیەنین، ئەوا تەنها ڕابردوومان نەپارێزراوە، بەڵکوو داهاتووی ناسنامەکەمانیشمان پاراستووە، کولتوور میراسێکە لە ڕابردووەوە، بەڵام پاراستنی ئەو، بەرپرسیارێتیی ئەمڕۆی ئێمەیە، پاراستنی کولتووری کوردی، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییە بە دەستی ژنان.

 

عەزیمە عەزیز، سەرۆکی ڕێکخراوی بیلا بۆ گەشەپێدانی کولتوور لەبارەی هەوڵەکانی پاراستنی کولتوور قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ڕێکخراوەکەم بەشێکە لە کولتوورو زیاتر گرنگی بەوانە دەدەم کە ئیشی کولتووری دەکەن، بەهەموو بابەتەکانی میوزیک و هونەرو دەستڕەنگینی.

 

"لە ئێستادا ڕێگەی داپیران و باپیرانمان زیندوو دەکەینەوە"

گرنگی دان بە کولتوور بەشیکە لە ئەرکی نیشتمانی و عەزیمە عەزیز وتی: ئێمە گرنگی بە کارەکانی داپیران و باپیرانمان دەدەین، ماوەیەک بە تایبەت لە ماوەی رابردوو گرنگی بە جلی کوردیش نەدەدرا، بەڵام ئێستا دەسمال و جلی کوردی وسەرو بەستە مۆدیلی هاتۆتەوەو گەنجەکانمان ئیستا ئەگەر جلی مۆدەش بکەن سەرو بەستەو هەوری بۆ دەبەستن بۆ ئەوەی مۆرکی کوردەواری بدات، وە زۆجار بۆ ئەوەی کلتورەکەمان زیندوو رابگرین ،داوای تایبەتی لە بەشدار بوان دەکەم کە گرنگی بە بابەتی کلتوری بدەن و  بە کلتوری کوردی بە شدار بن تاوەکو زیندووی بکەینەوە،

 

"با فێستیڤاڵەکان بکەینە سەکۆی نوێکردنەوەی کولتوور"

عەزیمە عەزیز وتیشی: کورد خاوەن میژوو نازناوی خۆیەتی و لە ئێستادا بە هۆی زۆری فێستیڤالەکان دەتوانین بیپارێزین  بۆ نموونە میوان د‌ێت دەزانی، کراسیک یان دەسماڵێکی جوان هەیە پێی جوانەو دەیکڕێت ، ئەوکاتە بەکاری دەهێنێت یاخود کچ و خوشکانمان بیرمان دێتەوە دایکمان چی لەبەر کردووە، دایکم و سەرو بەست و کولتوورەکەمان پیشکەش بە نەوەکاننمان بکەین، پێویستە دایکان و ژنان مندالەکانمان پەروەردە بکەین وکاریگەری هەبێت لەسەر مانەوەی چۆن بتوانین لە دلی نەوەکانمان شیرینی بکەین.

 

ژنان پارێزەری کولتوورن

سەبارەت بەمانەوەی کولتووری کوردی کە  پێویستە چی بکەین بۆ ئەوەی بمێنێتەوە؟ عەزیمە عەزیز لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، بەتایبەت ژنان پارێزەری کولتوورن ودەتوانن کاریگەری دروست بکەن لەسەر هاوژین و منداڵەکانیان بەوەی جلی کوردی لەبەر بکەن، هەروەها پەیامم ئەوەیە کەژنان کولتووری رەسەنی کوردی لەدەست نەدەن و زیاتر گرنگی پێبدەن و بیبەینە پیشەوە ، هەروەها مندال و نەوەکانمان  وا پەروەردە بکەین کە کولتووریان خۆش بوێت.