زیاتر لە ٥٠ فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەرهێنانی ژنانە
نادیە دەروێش، ئەندامی کۆردیناسیۆنی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٤٣ فیلمی پێشکەشکراو بۆ فێستیڤاڵی فیلم کە لە نێوان ١٣-٢٠ی ئەم مانگەدا نمایش دەکرێت، ٥٠ فیلم لە دەرهێنانی ژنان بووە.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ-سینەمای کوردی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی کولتوور و شوناس و مێژووی گەلی کورد و لە هەمان کاتدا دەرفەتێک بۆ دەنگ و ئەزموونەکانی گەلی کورد دەڕەخسێنێت تا بگاتە جیهان، لەو چوارچێوەیەدا، کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان، شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان لە قامیشلۆ لە نێوان ١٣-٢٠ی ئەم مانگە بە دروشمی "چیرۆکی هاوبەش، سینەمای ئازاد" بۆ زیاتر پێشخستنی کولتوور و ناسنامەی کوردی لە ڕێگەی هونەری سینەما ڕێکدەخات.
نادیە دەروێش، ئەندامی لێژنەی کۆردیناسیۆنی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە گرنگی و ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵەکەی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
نادیە دەروێش سەرنجی بۆ گرنگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕۆژئاوای لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاکێشا و وتارەکەی بەم شێوەیە دەستپێکرد: لە نێو ئەو هەموو بارودۆخ و ڕووداوانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدەن، ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی فیلم زۆر گرنگە، چونکە فێستیڤاڵەکە نێودەوڵەتییە و میوان و فیلمی وڵاتانی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەمەش ڕێگە بە میوانەکان دەدات کە کولتووری ڕۆژئاوای کوردستان و دۆخی سینەمای کوردی بناسن، هەروەها پەیوەندییەکانمان پتەوتر بکەین و دەرفەتی پێشکەشکردنی فیلم زیادتر بکەن، هەوڵ دەدەین فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ سەرکەوتوو و چێژبەخش بێت، هەروەها ماوەیەکی زۆرە خۆمان بۆ ئەم فێستیڤاڵە ئامادە دەکەین.
”هەڵبژاردنێک لە ٢٤٣ فیلمەوە دەکرێت”
نادیە دەروێش ڕایگەیاند، کە فیلمی زۆر وڵات لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش دەکرێن و وتی: فێستیڤاڵەکە وەک هەموو ساڵێک لە ١٣ی ئەم مانگە لە ساڵیادی ئاگری سینەمای عامودا دەست پێدەکات، لە ٢٠ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، فیلمی هەر چوار پارچەی کوردستان، میسر، مەغریب، سعودیە، ئیسپانیا، ئۆکرانیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێشکەش دەکرێن، جگە لەوەش ٢٤٣ فیلم، کورتە فیلم، فیلمی دۆکیۆمێنتاری و فیلمی سینەمایی عامودا سکریپتەکان پێشکەش کراون، بێگومان هەڵبژاردەیەک لە ٢٤٣ فیلم ئەنجام دەدرێت و فیلمەکان بەپێی فیلمە هەڵبژێردراوەکان نمایش دەکرێن، لە هەمان کاتدا ئەمساڵ پێشبڕکێی سیناریۆی کورتە فیلم و فیلمی درێژیش بەڕێوەدەچێت.
هەروەها نادیە دەروێش زانیاری لەسەر ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدایر پێشکەش دەکرێت، وتی: ساڵانە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا وۆرک شۆپ و پانێڵی تایبەت بە سینەما بەتایبەت ڕۆڵی ژنان لە سینەما و سیمینار و پێشانگا بەڕێوەدەچن، لەگەڵیدا نمایشی فیلم و پێشبڕکێی فیلمیش ڕێکدەخرێت.
”بەرهەمە کوردییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی باش”
نادیە دەرویش سەرنجی بۆ ئاستەنگەکانی بەردەم سینەمای کوردی لە بارودۆخی ئێستادا ڕاکێشا و وتی: سینەمای کوردی لە سەرتاسەری کوردستان لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی باش، بەڵام پێویستی بە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ بەرهەمهێنان و سینەماکاران، هەروەها بەرهەمە کوردییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی باش و پێکەوە دەتوانین ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنین و بەرهەمی باشتر بەرهەم بهێنین.
”ئەم کارە بە ئامادەبوونی ژنان بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت”
نادیە دەروێش بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە سینەمای کوردیدا وتی: لە نێو ئەو فیلمانەی پێشکەش کراون، زیاتر لە ٥٠ فیلمیان لەلایەن دەرهێنەری ژنەوە دروستکراون، هەروەها نووسەرانی ژن سیناریۆی خۆیان پێشکەش کردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان هێزی خۆیان لە بواری سینەمادا سەلماندووە، هەروەها لە گروپی ئامادەکاری شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە پۆستە گرنگەکاندا هەن، بێگومان ئەم کارە بە ئامادەبوونی ژنان بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت، جگە لەوەش ژنان دەتوانن لە ڕێگەی هەست و دیدگای ناوازەییانەوە، لە ڕێگەی دەرهێنان و فیلمسازییەوە دەنگ و هێز و زانیاریی خۆیان بگەیەننە جیهان، وتی: ئێمە دەمانەوێت چیرۆکە هاوبەشەکانی گەلەکەمان لە سینەمایەکی ئازاددا بەڵگەدار بکەین.
نادیە دەروێش ڕایگەیاند کە دروشمی ئەم فێستیڤاڵە "چیرۆکی هاوبەش، سینەمای ئازاد"ە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئاواتمان ئەوەیە چیرۆکە هاوبەشەکانی گەلەکەمان لە سینەمایەکی ئازاددا بەڵگە بکەین.