ژنێکی گەنجی تونسی یادەوەری وڵاتەکەی بە بەرهەمی هونەری دەبەستێتەوە
دوعا جەرادی لەڕێگەی پێشکەشکردنی لە دیزاینە هونەرییە نوێیەکاندا کە شوناسی تونسییان هەڵگرتووە، هەوڵ دەدات دروستکردنی بێژنگ لە لەناوچوون بپارێزێت.
ئیخلاس حەمرونی
تونس ـ ژنێکی گەنجی تونسی بڕیاری دا ڕێگایەکی جیاواز لە جیهانی پیشە دەستییە سەرەتاییەکاندا بگرێتە بەر، ئامانجێکی خستە بەرچاوی خۆی، ئەویش پاراستنی کولتووری تونسی و سەرلەنوێ پێشکەشکردنەوەی بە شێوازێک کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت، هیچ شتێکی باشتر لە بێژنگی تونسی نەدۆزییەوە، ئەو ئامرازەی کە بۆ چەندین ساڵە بە ژیانی ڕۆژانەی تونسییەکانەوە بەسترابووەوە، ژیانێکی نوێی پێ ببەخشێت وەک پارچەیەکی هونەری کە ماڵەکان دەڕازێنێتەوە و شوناسی خاوەنەکانی هەڵدەگرێت، لە ئەزموونێکدا کە لە نێوان ڕەسەنایەتی و داهێناندا تێکەڵاو دەبێت و توانای ژنی تونسی دەسەلمێنێت لە گۆڕینی پیشە دەستییە سەرەتاییەکان بۆ پڕۆژەیەکی کولتووری و هونەری.
دوعا جەرادی، دەستڕەنگین ڕوونیکردەوە، کە پەیوەندیی ئەو بە بێژنگەوە بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو لەو بڕوایەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم پارچە کولتووریە بەهایەکی سیمبولی گەورەی لە بیرەوەریی گەلی تونسیدا هەیە، وتی: بێژنگ لە زۆرێک لە دابونەریت و بیروباوەڕە کۆنەکاندا ئامادەیی هەبووە، بەوپێیەی هەندێک پێیان وابووە وزەی نەرێنی دوور دەخاتەوە و شتە جوانەکان دەپارێزێت، کە ئەمەش وای لێکردووە پرسیار بکات، بۆچی بێژنگ نەبێتە پارچەیەکی هونەری کە جوانییەکەی نیشان بدات و لە هەمان کاتدا سیمبولییەکەشی بپارێزێت؟
دووپاتیکردەوە، کە ئەم بیرۆکەیە پاڵی پێوە ناوە بێژنگەکە بە شێوازێکی نوێ پیشانبدات، بەدوور لە بەکارهێنانە سەرەتاییەکەی، تا ببێتە پارچە دیکۆرێک کە ناوی خاوەنەکانی یان دەستەواژەی تایبەت بە خۆیان یان ئەو نەخشانەی خۆیان هەڵیانبژاردووە هەڵبگرێت، هەروەها پەرۆشە بۆ ئەوەی هەر کارێک لە کارەکەی تر جیاواز بێت، تا هیچ کەسێک هەست نەکات خاوەنی پارچەیەکی دووبارەبووەوەیە, وتی: هەر بێژنگێک لای من چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە من کار لەسەر وردەکارییەکانی دەکەم بەپێی کەسایەتی خاوەنەکەی و ئارەزووی ئەو، چ لە ڕووی ڕەنگەکان، نەخشەکان یان نووسینەکانەوە بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پشت بە قاڵبی ئامادەکراو نابەستێت، بەڵکو لەگەڵ هەر کڕیارێکدا گفتوگۆ دەکات لەسەر ئەو شێوەیەی کە دەیەوێت، ئەو ڕەنگانەی کە پێی باشترە، جا سوور بێت، سەوز، سپی یان هی تر، پاشان دەست دەکات بە جێبەجێکردنی کارەکە بەو شێوازەی لەگەڵیدا دەگونجێت، تا دەرئەنجامەکە ببێتە پارچەیەکی تایبەت کە مۆری خاوەنەکەی پێوە بێت.
سەبارەت بە قۆناغەکانی ئەنجامدان، وتی: کارەکە یەکەمجار بە هەڵبژاردنی بێژنگێکی ڕەسەنی تونسی دەست پێدەکات، چونکە ئەو بەکارهێنانی هەر جێگرەوەیەکی نوێ ڕەت دەکاتەوە، پێی وایە پاراستنی کولتوور لە پاراستنی کەرەستە سەرەتاییە ڕەسەنەکەوە دەست پێدەکات، دوای ئەوەش هەڵدەستێت بە ئامادەکردنی کەرەستە جیاوازەکان، بەتایبەت نەخشەکان، پێش ئەوەی تێپەڕێت بە قۆناغەکانی دیزاین، دامەزراندن، دوورین و نووسیندا، پاشان کۆکردنەوەی هەموو کەرەستەکان لە قۆناغی کۆتاییدا، کە وردترین قۆناغە، تا بێژنگەکە لە شێوەی کۆتایی خۆیدا وەک پارچەیەکی هونەری تەواو دەردەکەوێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە هەر پارچە و شێوازی تایبەتی خۆی هەیە لە کارکردندا، بەڵام ئەو بڕیاری داوە شێوازەکەی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بێژنگی سەرەتایی و زیادکردنی دەست لێدانێکی هونەری بێت بەبێ دەستکاریکردنی ڕۆحی ڕەسەنی، چونکە ئامانجی ئەو گۆڕینی کولتوور نییە، بەڵکو دەرخستنیەتی بە شێوازێکی نوێ.
سەبارەت بە دیارترین ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، وتی: کە گەورەترین کێشەکان لەوەدا خۆیان دەبیننەوە کە بێژنگی سەرەتایی تونسی لە ئێستادا تەنها لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کەم لە پیشەسازەوە دروست دەکرێت، ئەمەش مەترسی لەناوچوون بۆ ئەم پیشەیە دروست دەکات، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بێژنگی ڕەسەندا بۆ پاراستنی بەردەوامیی ئەم پیشەسازییە، هیوای خۆشی دەربڕی کە پیشەوەرانی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمهێنانی بێژنگ تا لە میراسی تونسی ون نەبێت.
پیشە دەستییە سەرەتاییەکانی تونس توانای گەیشتن بە جیهانیبوونیان هەیە
سەبارەت بە دیزاینەکانی، دوعا جەرادی وتی: زۆرێک لە کارەکانم لە کولتووری تونسییەوە وەردەگرم، بەتایبەتی لە نەخشە سەرەتاییەکان و ئەو نەخش و دوورینانەی لە "جبە"ی تونسی و جلوبەرگەکانی تری کولتووریدا بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا کایەیەکی بەرفراوان دەدەم بە خەیاڵی هونەریم، چونکە کۆکردنەوەی ڕەسەنایەتی و داهێنان ئەو شتەیە کە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە کارەکە و لە سەلیقە جیاوازەکان نزیکی دەکاتەوە.
ڕوونیکردەوە، کە گۆڕینی بێژنگ بۆ پارچە دیکۆرێک لە سەرەتادا بیرۆکەیەکی نائاسایی بوو، بۆیە زۆر کەس پێیان سەیر بوو، بەڵام زۆری نەخایاند پێشوازی و سەرسامییەکی زۆری لێکرا دوای ئەوەی خەڵک ئەو شێوازە نوێیەیان بینی کە بێژنگەکەی پێوە دەرکەوت، وتی: خواستی سەر ئەم کارانە بەرەبەرە لە ناو تونسدا زیادی کردووە، هەروەها دەستی کردووە بە وەرگرتنی داواکاری لە دەرەوەی وڵاتیشەوە، ئەمەش بە نیشانەیەک دەزانێت لەسەر ئەوەی کە پیشە دەستییە سەرەتاییەکانی تونس توانای گەیشتن بە جیهانیبوونیان هەیە ئەگەر کەسێک بدۆزرێتەوە پەرەیان پێ بدات و لە هەمان کاتدا بییانپارێزێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە گەورەترین خەونی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە براندی تایبەتی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی تونسدا بناسرێت، بێژنگی تونسی بگاتە شوێنە جیاوازەکانی جیهان، تا ببێتە باڵیۆزێک بۆ کولتووری تونسي.
دوعا جەرادی لە کۆتایی قسەکانیدا، بە هیوای ئەوەی کە جیهان جوانیی ئەم پارچە کولتوور و ئەو داهێنانە ببینێت کە دەتوانێت هەڵیبگرێت، وتی: تونس پڕە لە پیشەی دەستیی سەرەتایی کە شایەنی سەرنج و پاڵپشتیی زیاترن، پاراستنیان بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە، چونکە بەشێکە لە شوناسی وڵاتەکە و بیرەوەرییە کولتوورییەکەی کە پێویستە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.