ژنانی ئاوارەی ئیدلب بە ناچاری لەبەر خۆر کاری چاندن دەکەن

ژنانی باکوری سوریا کە ئاوارەی دەوروبەری ئیدلب بون، بە ناچاری و بە سەختیەکی زۆرەوە کاری چاندن دەکەن و هەقدەستی کاریشیان وەک پێویست نادرێتێ.

 

سوهێر ئیدلیبی

ئیدلب- ژنانی باکوری سوریا بەهۆی ئەوەی لە ڕوی خوێندنەوە ئاستیان نزمە بەوهۆیەوە کەمتر دەتوانن خاوەنی پڕۆژەی خۆیان بن، ئەوان کاری چاندن دەکەن کە لەبەر خۆر و لە زەوییەکی دور لەماڵی خۆیان کاردەکەن، لە ڕێگەی چاندنەوە دەتوانن پێداویستی ڕۆژانەی ماڵ و منداڵی خۆیان پەیدا بکەن، ئەو ژنانەی ئاوارەی دەوروبەری ئیدلب بون و ئێستا سەرقاڵی چاندنن بۆ ژنها دوان.

 

بۆ ئەوەی پێداویستی خێزانەکەم دابین بکەم ناچارم کار بکەم"

ژنێک بە ناوی هیام سەبورکە تەمەنی ٣٠ ساڵە، ڕۆژانە لە بەرەبەیانەوە لەگەڵ دەیان ژنی دیکە دەچنە ناو ئەو زەوییانەی چاندنی تێدا دەکەن، هیام لە کاری چاندن خاوەن ئەزمونە چونکە خەڵکی گوندە و دەڵێت:" لەبەر ئەوەی پێویستیەکی زۆرم بە کار هەیە، ئێستا کاری کۆکردنەوە دەکەم کە لەبەر خۆرە و کارێکی گرانە و داهاتەکەشی کەمە، بەڵام من دەست لە کاری خۆم هەڵناگرم و بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی پێویستی خیزانەکەم دابین بکەم".

 

"ڕەوشی هەژاران لەبەرچاو ناگیرێت"

خەدیجە شامی تەمەن ٤٥ ساڵ لە شارۆچکەی ئەلبەرا نیشتەجێی شاری ئەلدەنەی باکوری سوریا بوە، لە ڕۆژی ١٥ی حوزەیران کە دەچوە سەر کار لە ڕێگەدا بەهۆی ڕوداوێکی هاتوچۆوە قاچی شکاوە و لەوبارەیەوە وتی:" ئەگەر کار نەکەم ناتوانین نان بخۆین، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێمەی دەگواستەوە زۆر بچوک بوو ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی هەڵگرتبوو بۆ سەر کارو بەوهۆیەوە توشی ڕوداو شکان بوو، خاوەن کارەکە نە تێچوی دکتۆر نە دەرمانی دابین نەکرد، ئەوان ڕەوشی هەژاران نابینن".

 

"دەبێت هەقدەستی کارکردنی ژنان بدرێت"

رەجا ئەل-سورانی ئەندازیاری چاندن کە تەمەنی ٤١ ساڵە ، ژنانی کارکەر ئیستیغلال کراون و لە بەرامبەر ماندوبون و سەختی کارەکەیان موچەیان کەم پێدەدرێت، وتی:" دەبێت حکومەت چارەسەری ئەمە بکات و کار بۆ زیادکردنی هەقدەستی ژنان بکات".