ژنانی کورد چەندین خەڵاتی جیهانییان بەدەستهێناوە

بۆ ئەم ساڵ چەند ژنێکی کورد لە جیهاندا کۆمەڵێک خەڵاتیان بەدەستهێناوە، باڵادەستی خۆیان سەلماندووە، لە نوێترین سەرکەوتنیشیاندا، بەلسەم کامل نوسەری کوردی فەیلی خەڵاتی باشترین نوسەری بەدەستهێنا.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ژنان لە جیهاندا بەردەوام تواناکانی خۆیان لە گشت بوارەکاندا سەلماندووە، یەکێک لەو بوارانە هونەر و ئەدەبە، ژنانی کوردیش وەک هەر ژنێکی دیکەی جیهان لەو بوارەدا لێهاتووی خۆیان نیشانداوە، لە ساڵی ڕابردووشدا چوار ژنی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا خەڵاتی باشترینەکانیان بەدەستهێناوە، ئەوانیش، سارا عومەر، بەلسەم کامل، زەهرا دۆغان و پوران درەخشەندە.

 

سارا عومەر لە دانیمارک خەڵاتکرا

سارا عومەر نوسەرێکی کوردی وڵاتی دانیمارکە، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری کۆپنهاگنی وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی "لۆریاڵی زێڕین" بۆ باشترین ڕۆمانی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو وڵاتە پێبەخشرا.

ڕۆمانەکەی سارا بەناوی "مردوو شۆر"ە، کە باس لە ئازارەکانی ژنان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، باسیش لەو ژنانە دەکات لەسەر شەرەف و ناموس دەکوژرێن و کەس خۆی ناکات بە خاوەنی ئەو ژنانە.

سارا ساڵی ١٩٨٦ لە سلێمانی لەدایکبووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ـەوە لە وڵاتی دانیمارک دەژی، دەستیکردووە بە کاری نوسین و شعر، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی زۆر بە خێرایی بووەتە پڕ فرۆشترین ڕۆمان.

 

بەلسەم کامل خەڵاتکردنەکەی لە سوید بوو

بەلسەم کامل، وەک ژنێکی کوردی فەیلی لەم مانگەدا لە وڵاتی سوید، بە هۆی نوسینی ڕۆمانی "ئاسۆی ڕووداو" خەڵاتی باشترین ڕۆمانی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەدەستهێنا.

بەلسەم کامل، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی باشترین ڕۆمانی ساڵی ٢٠٢١ لەو وڵاتەدا بە ناوی " ئاسۆی ڕووداو" خەڵاتی باشترین ڕۆمانی لە سوید بەدەستهێنا، کە سێ هەزار دانەی لێچاپکراوە، ڕۆمانەکە باس لە کێشەی کۆمەڵایەتی دەکات، بڕیاریشە وەربگێڕدرێتە سەر چەند زمانێکی دیکەی جیهان.

بەلسەم کامل، ژنێکی کوردی فەیلی دانیشتووی وڵاتی سویدە، لە ساڵی ١٩٨٣ لە ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٠ ڕوویانکردووەتە وڵاتی سوید، لەوێ نیشتەجێبوون.

ئەو خەڵاتەی بەلسەم بەدەستی هێناوە، باڵاترین خەڵاتی بواری نوسینە لە وڵاتی سوید بە ناوی خەڵاتی "سمۆلتس"ی ئەدەبی سویدی و گرنگی بە ئەدەبی کۆچ دەدات، کە لە لایەن دامەزراوەیەکی سویدییەوە ئامادەدەکرێت.

 

خەلاتکردنی زەهرا دۆغان لە ئیتاڵیا

زەهرا دۆغان لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی وڵاتی ئیتاڵیاوە بەهۆی تابلۆ جوان و سەرنجڕاکێشەکانیەوە خەڵاتی "ئارتیسیما"ی تایبەت بە باشترین هونەرمەندی پێبەخشراوە.

زەهرا دۆغان ساڵی ١٩٨٩ لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لەدایکبووە، بەشێک لە تابلۆکانی لە مۆزەخانەی سانتا گیولیا بیچ لە ئیتاڵیا نمایشکردووە، کە باڵادەستی خۆی لە بوارەکەدا سەلماندووە و تابلۆکانی بووەتە جیگەی سەرنجی هاوڵاتی و هونەرمەندی ئەو وڵاتە، هەروەها لە ماوەی دوو ساڵدا حەوت خەڵاتی هونەری لە ئیتاڵیا و ئەستەمبوڵ بەدەستهێناوە.

زەهرا بە هۆی ئەو تابلۆیانەی لە باکوری کوردستان کێشاویەتی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری نسێبین و پیشاندانی کاولکاریەکانی لە باکوری کوردستان، سزای دوو ساڵ و ٩ مانگ و ٢٢ رۆژ زیندانی بۆ بڕابووەوە و نزیکەی ٢ ساڵ زیندانی بوو لە ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ .

 

پووران درەخشەندە بە خەڵاتی نێودەوڵەتی

پووران درەخشەندە، سینەماکار و دەرهێنەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گڵۆباڵ" خەڵاتی ڕێزلێنانی لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی بە بواری سینەمای کردووە پێبەخشرا.

پووران درەخشەندە، لە ساڵی ١٩٥١ لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی بەکاری هونەری کردووە، دەهێنەر، سینارست و بەرهەمهێنەری فیلمە، تا ئێستا کاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە ١٢ فیلم کردووە، وحەوت سیناریۆی بۆ فیلمی درێژ نوسیووە.

خاوەنی خەڵاتی فەجری ئێرانە بۆ باشترین دەرهێنەر بە فیلمی "مەلی بچکۆلەی بەختەوەری"، هەروەها لە حەوتەمین فیستیڤاڵی سان لە سان فرانسیسکۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی فیلمی "بێدەنگ، کچەکان هاوار ناکەن" چەنیدن خەڵاتی بردەووە.

 

ئەمانە نمونەی ئەو ژنە کوردانەن کە لە وڵاتانی دەرەوەدا چەنیدن خەڵات و ڕێزلێنانیان بەهۆی سەرکەوتنیانەوە پێبەخشراوە، جگە لەوەی دەیان ژنی دیکەی کورد ساڵانە خەڵاتی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی و ناخۆییان پێدەبەخشرێت. 

 

ت.پ