ژنان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بەشداری فێستیڤاڵی هەنار دەکەن

هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەستیپێکرد و ژنان ڕێژەی زیاتر لە ٪٥٠ی فرۆشیارانی فێستیڤاڵەکە پێکدە‌هێنن بەو هیوایەی بەرهەمی کوردەوامی و ناوخۆییەکان ساغ بکەنەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- دوێنێ، ٢٧ی تشرینی یەکەم هەشتەمین ڤیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەستیپێکرد و بەپێی ئاماری ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە زیاتر لە ٪٥٠ی بەشداربووانەکەی ژنانن، کە بە بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵی و کارە دەستییەکانیان بەشدارن.

 

یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بە بەشداری ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بەڕێوەچوو، ژنان، پیاوان، منداڵان ڕوویان لە فێستیڤاڵەکە کرد تا بەرهەمی ئەمساڵی هەنار و بەروبومەکانی دیکە بەدەستبخەن، حاجی زەهرا، هەنارە تایبەتەکانی هەڵەبجەی بە دەستەکانی هەڵگرتووە و لە باسی فێستیڤاڵەکەدا دەڵێت: لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی کوردەوامی تێدایە کە چەندین ساڵە نەماندیوە و لێرەوە دەیبینین، من لە سلێمانیەوە هاتووم بەرووبوومی خۆماڵی و کوردەواری بکڕم.

 

دەربارەی بەشداری ژنان دەڵێت کە چەندین ژن هەن بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون و بەرهەمەکانیان دەرخستووە، دەشڵێت: من هەنگوینی ئەسڵ و ڕۆنی خۆماڵی و باسوق و چەندین بەرهەمی دیکەم کڕیوە بۆ ماڵەوە.

 

ژنان لە فێستیڤاڵی ئەمساڵی هەناردا تەنها کڕیار نەبوون، بەڵکو ڕێژەیەکی زۆریان وەک فرۆشیار بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون و بەرهەمەکانیان بۆ سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە نمایشکردووە.

 

عەزیمە عەزیز، یەکەمجارە لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا بەشدارە و هەناوی خاوەن باخێکی هەڵەبجە لە فێستیڤاڵەکەدا ساغ دەکاتەوە، دەربارەی بەشداربوونی وەک فرۆشیار لە فێستیڤاڵەکەدا دەڵێت: ئەمساڵ یەکەم ساڵە هاتووم و هەنارم لە خاوەن باخ کڕیوە و لێرە دەیفرۆشمەوە، هیواخوازم فێستیڤاڵەکە بەردەوامی هەبێت تا بەرهەمەکانمان ساغ بێتەوە، بەتایبەت کە ئێستا وەرزی پایزە و کاتی پێگەشتنی هەنار و چەند بەرهەمێکی خۆماڵییە.

 

هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دوێنێ ٢٧ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.