ژن و شانۆ دوانەیەکی لێک دانەبڕاو

لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی نەبوونی ژن لە شانۆدا و دروستبوونی کەلێنێک پیاوان ناچاربوون ڕۆڵی ژن ببینن، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە شانۆ بە بێ بوونی ژن واتایەکی نییە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون.


ناوەندی هەواڵ

 

سەدەی ڕابردوو کە سەرەتای چرۆی شانۆی کوردی بووە، ژنان لەبەر دابونەریتی کۆمەڵایەتی نەیان توانیوە بچنە سەر تەختەی شانۆ و ڕۆڵی خۆیان بەرجەستە بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایە لە شانۆدا عومەر چاوشین و کاوەی ئەحمەد میرزا و چەندین ئەکتەری تر بە پۆشینی جلی ژنان و گۆڕینی شێوە و دەنگیان لە شانۆکاندا ڕۆڵی ژنیان بینیوە، بەڵام لەگەڵ زیاتر کرانەوەی کۆمەڵگادا ژنانیش لە شانۆدا دەردەکەون و ئەو کەلێنەی شانۆی کوردی پڕ دەکەنەوە، ئێستا بە دەیان ژنە شانۆکاریی وەک بەدیعە دارتاش و گەزیزە عومەر لە شانۆدا ڕۆڵ دەبینن و بە سەدان ژنی تریشیان پێگەیاندووە.

دەکرێت بڵێین سەرەتای شانۆ و نواندن لە کوردستاندا بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە لە کۆبوونەوەی شەوانی دانیشتوانی گوندەکاندا بە لاسای کردنەوەی یەکتر کاتەکانیان تێپەڕاندووە، هەروەها نمایشی خوێندکاران لە خوێندنگەکان سەرەتایەکن بۆ مێژووی شانۆی کوردی، بەڵام ئەگەر بە شێویەکی هونەری لێیبکۆڵینەوە سەرەتای شاۆی کوردی بۆ بیستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ١٩٢٨دا چەند شانۆگەرییەک لە ژێر چاودێری مەلا محەمەدی کۆیەدا  نمایش کران، لە ساڵی ١٩٣١ دا شانۆگەریی" کچی کوردستان" لە هەولێر نمایشکراوە، لە ساڵی ١٩٣٨ چیرۆکی "صلاح الدینی ئەیوبی" هەر لە هەولێر نمایشکراوە، ئەم شانۆیە بەر لەوەی لە شاری هەولێر نمایش بکرێت لە ساڵی ١٩٣٥ لە کۆیە نمایشکراوە، کە لە هەردوو نواندنەکەدا دانیال عوزێر و هاوسەرەکی بەشداریان تێدا کردووە.

پیاوان لە ڕۆڵی ژندا

لە سەرەتادا ژنان نەک هەر کەم لە شانۆدا ڕۆڵیان بینیوە بەڵکو دەکرێت بڵێین کە بە هۆی دابونەریتی کۆمەڵگاوە نەیان توانیوە بێنە سەر تەختەی شانۆ و ڕۆڵ ببینن، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایەش پیاو ڕۆڵی ژنی بینیوە، لە دیاترین ئەو ئەکتەرانەی کە ڕۆڵی ژنیان بینیوە عومەر چاوشینە کە لە زۆرترین شانۆ و دراماکاندا ڕۆڵی ژنی بەرجەستە کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە ئەکتەر و بەرهەمە هونەرییەکانیان نادرێت لە ئێستادا لە خانەی بەساڵاچوان ژیان بەسەر دەبات، لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانیدا چەندین ئەکتەری تر هەن کە بەهەمان شێوە ڕۆڵی ژنیان بینیوە وەک" محەمەد فەتاح لە شانۆی جەنابی موفەتیش، عومەر چالاک، کەمالی ڕەشەی موختار، کاوەی ئەحمەد میرزا، ساڵح دڵخۆش لە شانۆی نرخی ئازادی، کەمال نوری و حەمە ساڵح لە شانۆی پیری ئاخر شەڕدا".

ژن و سەرەتای کاری شانۆ

بێبەشبوونی ژنان لە نواندن هەر بەو شێوەیە نەمایەوە ژنانیش هەنگاویان بەرەو شانۆ هەڵگرتووە و لە سییەکانی سەدەی بیست ژنیک بە ناوی گوڵزار ڕۆڵی لە یەکێک لە شانۆکاندا بینیوە، نەرمینی سەعدی ناکام لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو لە شانۆدا ڕۆڵی بینیوە، پاشان ئەختەر خان هەر ساڵانی چلەکان هاتۆتە ناو دنیایی هونەری و هەتا ئێستا بەردەوامە لە کاری هونەری، پاشان شانۆکار عومەر دڵپاک و شەماڵی عەبەڕەش ڕێچکەیەکی تریان شکاند و هاوسەرەکانیان هێنایە سەر ستەیج لە پێناو ئەوەی ئیدی خێزانەکان ڕێگری نەکەن لە کچ و ژنەکان و بتوانن بەشداری لە کاری نواندا بکەن.

چوونی ژنانی شانۆکار بۆ کۆلیژی هونەرەجوانەکانی بەغداد

سەرەتای حەفتاکان چوار ژن بە ناوەکانی "بەدیعە دارتاش، گەزیزە عومەر، میدیا بێگەرد و فرمێسک مستەفا" بەرەو کۆلیژی هونەرە جوانەکانی بەغداد کۆچ دەکەن و دەبنە یەکەمین ژن لە مێژووی باشووری کوردستان کە بەشیوەی ئەکادیمی لە بەشی شانۆ بخوێنن لە گەڵ ئەوەشدا بەشداری لە شانۆکانی ئەو کاتەی شاری بەغداد بکەن کە بەدیعە دارتاش کاری دەرهێنانی بۆ دوو لەو شانۆیانە کردووە، لە دوای تەواوکردنی کۆلیژ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلیمانی دەبنە مامۆستا و چەندین ژنە شانۆکاری تر پێدەگەیەنن و هەتا وای لێدێت ژنان دەکەونە پێشبڕکێ لە پیناو ئەوەی کە لەسەر تەختەی شانۆ دەربکەون.

هەروەک وتمان لە سەرەتادا ڕۆڵی ژنان کەمبووە بەڵام ئەم کەمبوونە نەبۆتە ڕێگر لەوەی کە ژنان بینەری شانۆ نەبن، بینەری شانۆ لەو سەردەمەدا لە لایەن ژنانەوە بە جۆرێک بووە کە ڕۆژێک تایبەت کراوە بە پیاوان و ڕۆژێکیش تایبەت بە ژنان، ئەم جیاکارییە زۆر ناخایەنێت، لە ساڵانی حەفتاکان لە کاتی نمایشکردنی یەکێک لە شانۆکان  شانۆکاران بڕیار دەدەن کە ژنان و پیاوان بە یەکەوە بینەری شانۆ ببن.

 

ت.پ