کۆمەڵەی کەلەپور:بە هاوکاری ژنان ئەمساڵ بە سۆزێکی کوردانەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین

نەورۆز هەمیشە لای کورد ساڵانە پێشوازیەکی گەورەی لێکراوە و کۆمەڵەی کەلەپوریش ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر بە کۆمەڵێک چالاکی یادی نەورۆز دەکاتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- نەورۆز لە ناو کوردا جەژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە هەموو شوێنە کوردەواریەکاندا ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت و بە کۆنترین جەژنی مرۆڤ دادەنرێت، هەمیشە ڕۆژی یەکەمی بەهار کە ٢١ی ئادار/٣ دەکات، کراوە بە نەورۆز و ئاگر سیمبولی نەورۆزە لەناو کوردا و بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، لەلایەن شاعیران و هونەرمەنەدانەوە چەندین شیعری لەسەر نەورۆز نووسراوە.

 

بەیان محەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کوردی باسی لە گرنگی نەورۆز کرد، کە چۆن کۆمەڵەکەیان هەموو ساڵێک چالاکی ئەنجام دەدات بۆ پاراستنی مێژووی چەژنی نەورۆز.

 

"کۆمەڵەی کەلەپور ئەمساڵ لە گردی مامەیارە و بناری گۆیژە نەورۆز پیرۆز دەکات"

بەیان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هەموو کوردێک دەکەم بەتایبەتی ئەو کوردانەی لە ژێر دەستی داگیرکەراندا دەچەوسێنرێنەوە، نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی گەلی کوردە و دەبێت هەموو کوردێک شانازی پێوە بکات، ئێمە وەکو کۆمەڵەی کەلەپور لە ساڵی ١٩٩٧ەوە بە شێوەیەکی جیاواز پێشوازی لە نەورۆز دەکەین و ئەمساڵیش بە دروشمی "گڕ و بڵێسەی نەورۆز و هێمای یەکگرتنی گەلی کوردە" لە بناری گۆیژە ئاگری نەورۆز دەکەینەوە و لە گردی مامەیارە چالاکیەکانمان ئەنجام دەدەین، بە هاوکاری ڕێکخراوی بوژاندنەوەی کورد و ڕێکخراوی تیپی میلی هونەری سلێمانی کە بە هاوکاری ژنان سەرپەرشتی تیپی مۆسیقی و هونەرمەندان دەکەن.

 

"بۆ یەکەم جار کەسایەتی حەپسە خانی نەقیب بەسەر دەکرێتەوە لە نمایشی نەورۆز"

بەیان محەمەد ڕوونی کردەوە، ئەمساڵ وەکو هەموو ساڵەکانی تر وەکو کۆمەڵەکەمان پلانی نەورۆزمان جیاوازترە و ئەمساڵ نمایشێک پێشکەش دەکرێت کە ڕۆڵی پیرەمێرد و کاوەی ئاسنگەر و بۆ یەکەم جار کەسایەتی حەپسە خانی نەقیب دەخرێتە پێش چاو، کە لە کاتی خۆیدا ڕۆڵێکی تایبەتی جوانی هەبووە لە نەورۆزدا، کۆمەڵەی کەلەپور لە چوارچێوەی چالاکیەکانیدا هەر ساڵە و کەسێکی نەورۆز پەروەر بەسەردەکاتەوە، ئەمساڵیش پارێزگاری پێشووی سلێمانی بەسەر دەکەینەوە، چونکە لە ماوەی کارکردنیدا گرنگیەکی زۆری بە ڕۆژی نەورۆز دەدا.

 

وتیشی: ساڵانە لە دوای نەورۆز و لە ٢٦ی نەورۆزدا خەڵاتی ڕێزلێنانمان دابەشدەکرد کە ڕۆژی لە دایکبوونی زەردەشتە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە پێشمان خستووە و لە ١٨ی نەورۆزدا ڕێوڕەسمی خەڵات بەخشینەکەمان لە بنکەی ژین دەکەین، خەڵاتەکان بە پێی کەسایەتیەکان دیاریکراوە و کەسایەتی ژن و ڕێکخراو و کەسانی نەورۆز پەروەر دەگرێتەوە، پێش هەموو کەسێک ژنانمان بیر بووە.

 

"هەوڵمانداوە نەورۆز بە نەوە تازەکان بناسێنین"

بەیان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ژنان هەمیشە بە گەرموگوڕی پێشوازیان لە ڕۆژی نەورۆز کردووە، بە تایبەتی کۆمەڵەی کەلەپور کە بەشی زۆری ئەندامەکانی ژنە و بڕیار لەسەر چالاکیەکان دەدەن، ڕۆڵی حەپسەخانی نەقیبیش هەر لەلایەن ژنێکی کۆمەڵەکەوە دەبینرێت، ئێمە هەوڵمانداوە کە نەورۆز بە نەوە تازەکانمان بناسێنین، هەر ساڵە و چالاکییەکی تازەمان هەیە و بانگهێشتی کەسانی دەرەوەی شار دەکەین بۆ بەشداری کردن لە ڕێورەسمەکەدا، بۆ ئەوەی یەکگرتووی گەلی کورد پیشان بدەین، وەکو کۆمەڵەی کەلەپور هەمیشە ئەوەمان خستوەتە ڕوو کە نەورۆز هی گەلی کوردە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژنامەیەکمان هەیە بە ناوی گڕی نەورۆزەوە، کە ٢٣هەمین ژمارەیە دەرمانکردووە و لە ٨ لاپەڕە پیکهاتووە، تەواوی بابەتەکان کە پەیوەندی بە نەورۆزە و مێژووەکەیەوە هەیە لەو ڕۆژنامەدا باسکراوە، هەر کەسێک بیخوێنێتەوە دەزانێت نەورۆز چیە، ڕۆژنامەکە هەر لە ٢٠ی نەورۆزدا بەسەر بەشداربوواندا دابەشی دەکەین و ئەینێرین بۆ دەرەوەی شار و قەزا و ناحیە و کتێبخانەکان، هەر لە ٢٠ی نەورۆزدا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چالاکیەکان دەستپێدەکات، ساڵ بە ساڵ بە گڕوتین و سۆزێکی کوردانەوە پێشوازی لە ڕۆژی نەورۆز دەکەین.