شانۆی کوردی کێشەکانی کۆمەڵگا و ژنان چارەسەر دەکات

گوڵچین حەسۆ، بەڕێوەبەری تەڤگەری هیلالی زێڕین لە کانتۆنی کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا کە شانۆی کوردی گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەتوانێت کێشەکانی ژنان چارەسەر بکات.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- گوڵچین حەسۆ، بەڕێوەبەری تەڤگەری هیلالی زێڕین لە کانتۆنی کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا شانۆی کوردی گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەرەپێدان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگادا، دەشڵێت: شانۆ ڕەگەزێکی سەرەکی هونەرە و لە سەردەمی یۆنانی و ڕۆمانییەوە یەکەمین ئامرازی دەربڕینی هونەرە، شانۆی کوردیش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو کە هەندێک لە نووسەرانی شانۆی کوردی هەوڵیاندا ئەفسانە ناسراوە کوردییەکان لە ڕێی شانۆ نیشان بدەن، هەوڵیشیاندا فۆلکلۆر و کەلەپووری کورد بە کاری شانۆوە ببەستنەوە.

 

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەوتنی شانۆ

لە ساڵی ١٩٠٥دا گەلی کورد توانی مێژووی شانۆی خۆی بە یەکەمین نمایشی شانۆ دەستپێبکات، ئەمە جگە لە دێرینی مێژووی شانۆیی "مەم و زین" لە نووسینی ئەحمەدی خانی کە بۆ سێ سەد ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر گەلی کورد هەبووە.

 

گوڵچین حەسۆ کە خۆی شانۆکارە، باسی لە گرنگی شانۆ کرد و وتی شانۆ ڕەشنووسی ڕاستییەکانە و شانۆی کوردیش لەلایەن خەڵکەوە هەمیشە پێشوازی لێکراوە، "سەرەڕای ئەو کێشانەی کە بەر لە شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی شانۆی کوردی بووەوە بەڵام کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەیە، لە دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ گەل توانی لە بوارە جیاوازەکانی شانۆ، هونەر و کلتوریدا خۆیان بەڕێکخستن بکەن، ئەمەش دەرفەتێک بوو تا شانۆییەکان لە سەرتاسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا نمایش بکەن".

 

هەروەها وتیشی: شانۆ هیچ پێشکەوتنێکی لە هەرێمەکانی ئێمەدا نەبینیبوو و چالاکییەکان کەم بوون، ئەو شانۆیانەی لە نەورۆزدا نمایش دەکران ئەندامەکانی بە نهێنی لە ماڵ و گوندە دوورەکان ڕاهێنانیان دەکرد، بەڵام لە دوای شۆڕش نمایشەکان بە گشتی و ئاشکرا بوون و خول و فێستیڤاڵ ڕێکخران.

 

"شانۆ ئامڕازی دەرخستنی ڕاستییەکانە"

ئەو شانۆکارە لە بارەی گرنگی شانۆوە وتی: شانۆ جگە لە بەیەکگەشتن لەگەڵ گەلان و تێکەڵبوونی کلتورە جیاوازەکان، ڕێگەیەکە بۆ گەیاندنی ئێش و ئازارەکان و کێشەکانی خەڵک، شانۆ وەک ئاوێنەیەکی کۆمەڵگا واقیعی هەموو گەلان دەردەخات، کاتێک کە گروپێکی شانۆ کارێک پێشکەش دەکەن، تیشک دەخەنەسەر کێشەکانی گروپ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، شانۆ ڕوبەڕێکی فراوانی دەرخستنی ڕاستییەکانە.

 

لە کۆتایدا گوڵچین حەسۆ، ئاماژەی بەوەدا کە وەک ژن هیوا و ئامانجی بەرزیان هەیە بۆ پێشکەوتنی هونەری بەتایبەتی شانۆ، "هیوادارم هەموو ئەو ژنانەی کە لە شانۆدا بەهرەمەندن بەشداری بکەن و کار بکەن بۆ ئەوەی هەموو ژنێک بتوانێت ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵگا دەربخات".

 

ت.پ