یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی "گروپی دەستڕەنگینی خانمانی شارەزوور" کرایەوە

لە شارۆچکەی شارەزوور "گروپی دەستڕەنگینی خانمانی شارەزوور" ژنانی شارۆچکەکەی لە ئێوارەی یەکەم ڕۆژی پایزدا لە پارکی نالی کۆکردەوە و بەرهەمەکانی ١٨ ژنیان نمایشکرد.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- ئێوارەی دوێنێ لە پارکی نالیی شارۆچکەی شارەزوور یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی "گروپی دەستڕەنگینی خانمانی شارەزوور" بە فێستیڤاڵێک کرایەوە، لەم فێستیڤاڵەکەدا ١٨ ژن بەرهەمەکانی خۆیان لە خواردنە کوردەوارییەکان و کەلوپەلە کەلتورییەکان، تابلۆکێشان و چەندین کاری دەستڕەنگینی ژنانی شارەزوور نمایش کرد و لەلایەن ژنانی شارۆچکەکەوە پێشوازییان لێکرا.

پەری محەمەد، سەرپەرشتیاری گروپەکە، دەڵێت: پێشتر لە بواری دەستڕەنگینی هەموو جۆرە کارێکی کردووە، بەڵام لە ئێستادا کاری سیرامیک لە بواری جوانکاری ژناندا دەکات، پەری باس لەوە دەکات ئەو ژنانەی بەشدارن لە گروپەکەدا ڕێژەیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٢٨ ژندایە.

 

سەبارەت بە ئەندامانی گروپەکە پەری وتیشی ئەو ژنانەی لەم گروپەدا بەشدارن دانیشتووی شارەزوورن و تەنها کارەکانیان لە شارەزوور نمایش ناکەن، بەڵکو بەشی زۆری کارەکانیان دەبەنە شارەکانی تر و بەشداری پێشەنگا و فێستیڤاڵەکان دەکەن.

 

ئەو بەرهەمانەی کە ژنان بە دەستڕەنگینی خۆیان دروستی دەکەن تایبەت نەکراوە بە جۆرێک، بەڵکو تەواوی بەهرە و تواناکانی ژنانی شارەزووری لەخۆگرتووە، وەک وێنەکێشان، دەستڕەنگینی، سیرامیک، ڕەیزن، بابەتی جوانکاری ناوماڵ و ڕیسایکلین و زۆر کاری تر.

نیگا تەها، ئەندامی گروپی دەستڕەنگینی خانمانی شارەزوور، بە دوو کاری جیاواز بەشداری کردبوو، کاری چنین و فرۆشیاری ئامێر و کرێمەکانی جوانکاری.

 

لە کاری چنینەکانیدا نیگا گرنگی بە کەلوپەلە کەلتورییەکان داوە و دەڵێت: کاری چنینەکانم کوردەوارین و لە کۆندا بەکارهاتوون لە ئێستاشدا ئێمە دەتوانین بە شێوازێکی جیاواز نوێگەری تێدا بکەین، هەروەها ئەو کارانەی کە دەیچنم کراسی کوردی و هێلەک و کۆڵوانە و چەند پۆشاک و کەرەستەیەکی دیکەن.

نیگا باس لەوەش دەکات کە بۆ یەکەم جارە لە فێستیڤاڵی دەستڕەنگینی خانمانی شارەزوور بەشدار دەبێت و دەڵێت: کارکردن لە نێو گروپ و بە هەرەوەزی کارکردنی ژنان تایبەت لە ڕێگەی فێستیڤاڵ و پێشەنگاکان و تۆڕە کۆمەڵەیەتییەکان خەڵکی باشتر دەتوانن بە بەرهەمەکانیان ئاشنا ببن و بیانناسن.  

ت.پ