ئایا دەستپێشخەری "سینەمای چوارشەممە" دەبێتە ئەو پریشکە کە شکۆمەندی سینەمایی تەعز زیندوو دەکاتەوە؟
لە شاری تەعز لە ڕێگەی دەستپێشخەریی "سینەمای چوارشەممە" خولیای سینەما هەڵدەگیرسێتەوە، ئەم دەستپێشخەرییە گەنجان لە کەشێکی ڕۆشنبیری ئازاددا کۆدەکاتەوە، فیلمەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆڵیان لە داڕشتنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و کردنەوەی دەرگایەک بۆ گفتوگۆی هزریی.
ڕانیا عەبدوڵا
یەمەن– میراسی کولتووری وەک بەڵگەیەکی زیندوو دەمێنێتەوە لەسەر ئەو دینامیزمە هزری و هونەرییەی کە تایبەتمەندی شاری تەعز بوو، وەستان ئەمڕۆ لە نێو وێرانەکانی سینەماکانی شارەکەدا، ئەو سەردەمە زێڕینەی بە بیر دێتەوە کە وەک شانەیەکی هونەری و هۆشیاری کولتووری ئەزموونی کردووە، لە سەردەمێکدا، کە سینەماکان لە تەعز زۆر بوون، شارەکە شاهیدی قۆناغێکی ناوازە بوو لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان، پێش ئەوەی وردە وردە دابەزی و نەمان.
لە لوتکەی ئەو خۆشگوزەرانییە هاوبەشەی نێوان هەردووکییان یەمەن پێش یەکگرتن، کاتێک سینەماکان خێزان و ڕۆشنبیرانیان کۆکردەوە، کۆی ژمارەی سینەماکانی یەمەن گەیشتە نزیکەی ٤٩ سینەما، عەدەن زۆرترین پشکی هەبوو، لە دوای ئەویش سەنعا و حودەیدە و تەعز، ئەم سینەمایانە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە چیرۆکی کۆمەڵگەیەکی یەمەن کە خولیای ژیان و کراوەن بەڕووی بەهاکانی جوانی و سینەمادا دەمێننەوە.

سینەمای چوارشەممە: سەرەتایەک
لە کۆریدۆرەکانی سینەما گەورە و ئێستا لەکارکەوتووەکانەوە تا هۆڵێکی بچووک کە بیرۆکەیەکی ناوازەی لە باوەش گرتبوو، دەستپێشخەری "سینەمای چوارشەممە" سەریهەڵدا. لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ دەستیپێکردووە و هەموو چوارشەممەیەک بەردەوام دەبێت، نوێنەرایەتی یەکەم هەوڵی پێشەنگ دەکات، کە گەنجان سەرکردایەتی دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری سینەمایی لە شاری تەعز کە شارێکە لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، دوای دەیان ساڵ لە ئامادەنەبوونی زۆرەملێ، دەکەوێتە ناو ماڵی چاپەمەنی و دامەزراوەی ”ارنیادا” بۆ گەشەپێدانی کولتووری، کە کەشێکی کولتووری سەربەخۆیە، هەفتانە ئارەزومەندان کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردن و شیکردنەوەی فیلم لە ژینگەیەکی کولتووریدا کە هەوڵدەدات سینەما بخاتەوە ناو کایەی گشتی و دروستکردنی ژینگەیەکی دیالۆگ و هزری و پەیوەندیدار بە کۆمەڵایەتییەوە.
وەک بەشێک لە چاودێریکردنی ئەم بزووتنەوەیە، ئاژانسەکەمان بەدواداچوونی بۆ کەشوهەوای ئەم نمایشانە لەسەر زەوی دەکات، بەڵگەنامە دەکات، لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنان و منداڵانی کچی ئامادەبوو، ڕەهەندەکانی ئەم ئامادەبوونە جێی سەرنجە و ڕۆڵی لە گەڕاندنەوەی کەشی ڕۆشنبیری شارەکەدا، هەروەها بەشداری ژنان لە دروستکردنی گۆڕانکاری و داڕشتنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی سینەماوە.
سەفیە موقەتری، ڕێکخەری پڕۆژەکە ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەم چالاکییە ئامانجی دابینکردنی دەربازبوونە لە فشارەکانی ڕۆژانە لە ڕێگەی دروستکردنی مینی سینەمایەک بۆ زیندووکردنەوەی سینەما و وتی: بەداخەوە سینەما نەماوە، ئێمەش هەوڵدەدەین لە داهاتوودا ئەم پڕۆژەیە فراوانتر بکەین.
"سینەمای چوارشەممە" تەنها دەرفەتێک نەبوو بۆ سەیرکردنی فیلم، بەڵکو کەشی گونجاو بوو بۆ شیکردنەوە و گفتوگۆکردنیان لە کەشێکی کولتووریدا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و بیرۆکە، سەفیە موقەتری وتی: لەڕێگەی ئەو فیلمانەی نمایشی دەکەین هەوڵدەدەین لە کۆنتێکست و کولتووری کۆمەڵگە جیاوازەکان تێبگەین، فیلمەکان دوای نمایشکردنەکان باسیان لێدەکرێت و لەڕێگەی ئەو باسانەشەوە هەوڵدەدەین ڕوانگەی خۆمان وەک گەنجان بخەینەڕوو و سودمەندبین لەو گفتوگۆیانەی دەربارەی فیلمەکان دەکرێت، ئاماژە بەوە کرد، کە زۆربەی ئامادەبووان لە باکگراوند و بوارە جیاوازەکانەوە هاتوون، وەک میدیا، فۆتۆگرافی و دەرهێنان، هەروەها لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە هەوڵدەدەین کەشی دەوڵەمەند بۆ گفتوگۆ دروست بکەین و کولتوورێکی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بەرەوپێش ببەین.
نەوەیەکی نامۆ بە سینەما
زەینەب زەهیری، کە ئەزموونی سەیرکردنی فیلمی لە سینەمادا نەبووە، ئەم دەستپێشخەرییە بە دەرفەتێک بۆ خۆی و گەنج و ژنانی دیکەی نەوەی خۆی دەبینێت، سەرەڕای سادەییەکەی، وتی: ئێمە لە گەورەکانمانەوە دەربارەی سینەما بیستوومانە، بەڵام نازانین چییە، سینەمای چوارشەممە ڕێگەمان پێدەدات شتێکی هاوشێوەی ئەو سینەمایە ئەزموون بکەین کە هەرگیز دەرفەتی بینین و چێژوەرگرتنمان نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئەزموونە سەرەڕای سادەییەکەی جوانە، هەرچەندە ناتوانم بە بەردەوامی بەشداری بکەم، بەڵام هەست بە جۆش و خرۆش دەکەم و هەمیش سوودی هەیە، هیوادارە ئەم ئەزموونە فراوانتر بێت و شوێنەکە ببێتە شوێنی نمایشکردنی فیلم کە فیلمە عەرەبی و یەمەنییەکان پیشان بدات، هەروەها پەناگەیەک بۆ گەنجانی بەسۆز و سینەماکارانی فیلم، جێگای بیرکردنەوە نییە کە لەم سەردەمی گەشەسەندن و بەرهەمهێنانی فیلمی هەمەچەشنەدا، هێشتا لە سینەماکان بێبەش بین، کە بەردی بناغەی چالاکییە کولتوورییەکانن.

هەوڵی فەرمی و هاوبەش
لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییە سەربەخۆکانی گەنجان، هەوڵە فەرمییەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی گرنگی بە بوژاندنەوەی ناوەندە کولتووری و هونەریەکانی شارەکە بدەن.
سەردانی پشکنینی ئەم دواییەی مانگی ئاداری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ڕۆشنبیری تەعز، بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و "ماڵی چاپەمەنی"، بۆ بینای "سینەمای سەبا" کە لەمێژە داخراوە، هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە نۆژەنکردنەوەی سینەما کۆنەکان.
ئەم هەنگاوە فەرمییە بۆ گەڕان بەدوای زیندووکردنەوەی "سینەمای سەبا" وەک کەشێکی ڕۆشنبیری گشتی دوای دەیان ساڵ لە داخستنی، بە شێوەیەکی زیندوویی لەگەڵ خەباتی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان یەکتر دەبڕێت، جەخت لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان دەکاتەوە بۆ دروستکردنی کەشی پارێزراو و بەردەوام کە پاڵپشتی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری بکات، دڵنیابوون لەوەی گەنجان سەکۆی ئازادیان هەبێت بۆ دەربڕین و دروستکردنی هۆشیاریی جوانیناسی، بەجۆرێک کە کاریگەریی کولتووری تەعز بەردەوامە.