ئاسۆ مەجیدی، ژنێک کە خەریکە دۆخ و پێناسەی نوێ دروست دەکات

ئاسۆ مەجیدی دەڵێت: هەرچییەک ئارەزووی دەکەیت بیکە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا دەبێت یان نا، ڕەنگە بە خێرایی نەبێت، بەڵام سەرکەوتوو دەبیت.

سۆنیا مورادی

 

سنە- پێناسەی هەڵە و ڕەگەزپەرستی لە ناو هونەر و ڕەنگ و هتد بوونەتە بەشێک لە کولتوورەکەمان و بۆ لەناوبردن و گۆڕینی پێویستی بە هێزی ژنانە هەیە، بەم شێوەیە نابێت تەنها بیبیستن و ببینن پێویستە بە خێرایی و هێزەوە بەرەو پێشەوە بچین، ئەگینا لەڕێگای سەرزەنشت و گاڵتەجاڕی ناتوانیت درێژە بەڕێگاکە بدەیت، ژنێک کە بتوانێت بگاتە هێڵی کۆتایی و ئاڵاکەی بەرز بکاتەوە، ڕێگەی بۆ کەسانی دیکە خۆش کردووە، ئەگەر دابنیشین و چاوەڕێ بکەین بەو هیوایەی ڕۆژێک بێت ڕێگاکانمان بۆمان بکرێتەوە، هەرگیز ئەو چێژە گەورەیە ئەزموون ناکەین، بەڵام ئەگەر خۆمان ڕێگا خۆش بکەین، چێژێکی پێناسە نەکراو لەهێزی خۆمان وەردەگرین، وەک چۆن چیتر ئەستەمەکان بوونیان نامێنێت.

 

زۆرێک لەژنان بەهرە و توانای تایبەتیان هەیە بۆ شکاندنی بەربەست و ئاستەنگەکان، بەزۆری ئەو هونەرمەندانەن کە لە کار و پیشەکەیاندا دەدرەوشێنەوە، ئاسۆ مەجیدی یەکێکی ترە لەو ژنانە، ژنێکە کە تێڕوانینی ئێمە بۆ کاری بیناسازی دەگۆڕێت کە هەمیشە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدراوە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە ئاساییکردنەوەی، بە کۆڵنەدان و هەنگاوی پراکتیکی توانیویەتی سەرنجی ژنانی دیکەش بۆ ئەم کارە ڕابکێشێت، بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر شوێنکەوتووی هەیە کە دەیانەوێت کار بکەن و خوێندکاریشی هەبووە، ئاسۆ ژنێکە کە خەریکە دۆخ و پێناسەی نوێ دروست دەکات.

 

ئاسۆ لە هونەرەکانی تریش شارەزایی هەیەو بەهەمانشێوە شارەزا بووە لە هونەرەکانی تر و ئێستا سەرقاڵی کاری مایکرۆ چیمەنتۆیە و وتی: لە منداڵییەوە عاشقی هونەر بووم و لە ساڵی٢٠٠١ەوە کار دەکەم، مێژوویەکی پێشانگای تاکەکەسی و گروپیم لە شارەکانی سەقز و سنە هەبووە و بە هاوکاری خوشکەکەم و هاوکارانی دیکەش٤٠ بەرهەممان لە شاری سنەو سەقز پێشکەش کردووە.

 

وتیشی: کاتێک هەندێک هوونەری نوێ لە ئێران مایکرۆچیمەنتۆ، پەتینا ئیتاڵییان پەتینا لەسەر دیوار، کە منیش حەزم لێی بوو ناسێندرا و گرنگی پێدرا، لە تاران بۆ فێربوون خولێکم وەرگرت، تەکنیکی مایکرۆچیمەنتۆ تەکنیکێکی نوێ و جیاوازە کە بەم دواییە هاتۆتە ناو ئێران و کوردستانەوە و ڕەنگ و دیزاینی سەرنجڕاکێش و جوانی هەیە کە دەتوانێت هەموو سەلیقەیەک بگرێتەوە، جگە لەم کارە، پێم خۆشە کاری بیناسازی وەک نیگارکێشانی بینا، نیگارکێشانی دەرگا، و کارە گشتییەکانی پەیوەست بەبینا بکەم؛ چونکە چێژی لێی دەبینم، وەک ژنێک حەز دەکەم لەڕێگەی هونەرەکەمەوە لە دژی بیرکردنەوەی پیاوسالاری بوەستم و بەرەنگاری ببمەوە، بۆچی دەبێت ئەو کارانە بەهی پیاوان پێناسە بکرێن، لە کاتێکدا ئێمە ژنمان کە ئۆتۆمبێلی قورس لێدەخوڕن، شۆفێری پاس، فڕۆکەوان و هتد.. هەیە.

 

 کاتێک بەرهەمی کاری هەردووکیان "ژن و پیاو" وەکیەک بێت، و وەک مرۆڤێک، هەردووکمان توانای ئەوەمان هەبێت پێکەوە ئەم کارانە بکەین، پێویست ناکات ڕێگری لێ بکرێت و هیوادارم لەمەودوا، تا نەبێت بۆ ژنان.

 

ئاسۆ سەبارەت بەو کەسانەی کە هانیانداوە و پشتیوانیان کردووە وتی: جگە لە شکاندنی ئەم تابۆیە، خێزانەکەم (دایک، باوک، برا، خوشک، هاوسەر، کچەکەم) هەمیشە لە تەنیشتم بوون و لە هەموو بوارێکدا پاڵپشتییان کردووم، لە خێزانەکەماندا کاری ژنانە و پیاوانە نەبووە و کەسانی دەوروبەرم هەرگیز ڕێگرییان لە کارەکانم نەکردووە و سوپاسی هەموویان دەکەم.

 

لە کۆتاییدا ئەم نیگارکێشە بیناسازییە بۆ ژنانی کۆمەڵگە وتی: وەک ژنێک لەم کۆمەڵگەیەدا داوا لە ژنان و هاوتەمەنەکانم دەکەم کە پاڵپشتی ئەم جۆرە کارە بکەن و تێڕوانینێکی باشیان هەبێت بۆی، زۆرێک لەژنان هاندەرن، بەڵام هەندێکیش دەڵێن ئەمە کارێکی قورسە، لە توانای ژندا نییە، بەڵام کاتێک دەست بە کار دەکەیت بۆت دەردەکەوێت کە تواناکانت زۆر زیاترە لەوەی بیری لێدەکەیتەوە.