ئەگریجە، بەرهەمێکی هونەرییە بە ئەندازەی مێژووی تێکۆشانی ژنان
ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە، یەکەمین بەرهەمی ڕێکخراوی مەرزییەیە و باس لە مێژووی تێکۆشانی ژن بە درێژای ٥ هەزار ساڵ تا سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەکات.
ناوەندی هەواڵ
ڤیدیۆ کلیپی “ئەگریجە” یەکەم بەرهەمی ڕێکخراوی مەرزییە بۆ گەشەپێدانی توانا هونەرییەکانی ژنانە، لەسەر چەناڵی یوتوبی تایبەت بە ڕێکخراوەکە بڵاوکرایەوە.
کلیپەکە بە دەنگی هەریەک لە ژنە دەنگبێژانی کورد ئەسرین سەفەری، ژیوەر حسێن، ژولیا حسێن تۆمار کراوە، کە لە هەمان کاتدا وەک کارەکتەریش لە کلیپەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن.
ڤیدیۆ کلیپەکە هونەرمەندی گەنج پێشەوا ڕەمەزان کاری دەرهێنان و ئاوازدانانی بۆ کلیپەکە کردووە، هۆنراوەی کلیپەکەش لەلایەن سەحەر موعێزی، ژنە هۆنەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراوە.
شێوازی کلیپەکە تەواو جیاوازە لەگەڵ کلیپەکانی دیکەی باشووری کوردستان و بە شێوازی کۆریۆگرافی ئامادە کراوە، لەلایەن ڕێکخراوی مەرزییەوە زیاتر لە ساڵێک لە ڕووی هۆنراوە، ئاواز، ڕاهێنانی جوڵە و تۆمارکردنەوە کاری بۆ کراوە تا هاتووەتە بەرهەم، تیایدا ٤١ کارەکتەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، هەروەها کاری جوڵەچنینی لەلایەن مامۆستا “فریاد حەسەن”ـەوە بۆ کراوە.
ڕێکخراوی مەرزییەۆ گەشەپێدانی توانا هونەرییەکانی ژنان لە ١٠ی ئاداری ئەمساڵدا بە مەراسیـمێک دامەزراندنی خۆی لەسەر دەستی کۆمەڵە ژنانێکی هونەرمەند ڕاگەیاند، کە دەبێتە ماڵی هەر ژنێکی هونەرمەند بیەوێت لە بواری هونەرییدا کار بکات، ئامانجیش لە دروستکردنی ڕێکخراوەکە بریتییە لە ژیانەوە و نوێبوونەوەی کەلتوور و هونەری کوردییە بە دەستی ژنان.