ڤێستیڤاڵی "گرتەیەک لە نیشتیمان" بەڕێوەچوو
لە پێناو پێکەوەژیان و زیندوو کردنەوەی هونەری فۆتۆگرافی لە کوردستان و عێراق، دەزگای مرۆی مام لە ژێر دروشمی "ئاشتی، پێکەوەژیان، گەشەپێدان" ڤیستیڤاڵێکی تایبەت بەکارەکانی فۆتۆگرافەرانی عێراق و کوردستان ڕێکخست.
سلێمانی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گەلەری ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی بە ناوی "گرتەیەک لە نیشتیمان" بە هاوکاری دەزگای مرۆیی مام و کۆمەڵەی وێنەگرانی عێراق و کوردستان بەڕێوەچوو.
لە ڤیستیڤاڵەکەدا ١٣٥ تابلۆ نمایشکرابوون هەروەها ٣٥ فۆتۆگرافەر بەشدارییان تێدا کردبوو.
یادگار جەلال، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای مرۆیی مام و ڕێکخەری ڤیستیڤاڵەکە، ئاماژەی بەوەدا، بۆ یەکەمین جارە ڤیستیڤاڵێک بۆ فۆتۆگرافەرانی کوردستان و عێراق پێکەوە ڕێکبخرێت و ئامانجی ئەم ڤیستیڤاڵە بۆ دووبارە چالاکبوونەوەی کاری فۆتۆگرافییە لە عێراق و کوردستان.
باسی لەوەشکرد وەک دەزگای مرۆیی مام، بە دروشمی "ئاشتی، پێکەوەژیان، گەشەپێدان" هەوڵی پێکەوەژیانی فۆتۆگرافەری کورد و عێراقی دەدەین.
پێشانگاکە تایبەت بوو بە فۆتۆگرافەرانی کوردستان و عێراق هەروەها وێنەگری بیانیشی تێیدا بەشداربوو، جگە لەوانە ژمارەیەک لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریان تێیدا کردبوو.
ت.پ