کۆیە، پێنج پەرتوکی شیعریی نادیە کەریم كۆیی ناسێندرا

لە مەراسیمێکدا ناساند بۆ پێنج پەرتوکی شیعری نادیە کەریم کۆیی کرا و نووسەر دەڵێت: شیعرم بۆ ژن نوسیوە بۆ هەڵەبجە و سروشت، هەڵبژاردنی هایگا بۆ شعرەکانم هایکۆیە، بەڵام کە باسی شتێک دەکەی لەسەر وێنەیەک دەبێتە هایگا.

شیا کۆیی

 

کۆیە- لە هۆڵی کتێبخانە گشتییەکانی شاری کۆیە ناساندن بۆ ٥ کۆمەڵە شیعری نادیە کەریم کۆیی، بە ناوەکانی تەلیسم، تەسبیحی قەزوان، بەفر لە هەور دەترسێ، دڵ ئاوازی ژیان دەژەنێ، ئەستێرە چاو دادەگرێ بەڕێوەچوو، لەلایەن د. مەلکۆ ئەحمەد ناساندنی بۆ کرا و جەماوەرێكی زۆری شاری كۆیە و دەوروبەری ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون.

 

هەیفا مەجید، سەرۆكی ڕێكخراوی شۆخ لە بواری ژنان، كە لە شاری كەلارەوە هاتبوو بۆ بەشداریكردن لە ناساندنی پەرتوکەكانی نادیە كەریم بۆ نوژنها وتی: خۆشحاڵبووم كە ئەمرۆ لە شاری كۆیە بەشداربووم لە ڕێوڕەسمی ناساندنی چەند پەرتوکێكی نادیە كەریم و ئەوەی من تێبینیم كرد، لە پەرتوکخانەی گشتی كۆیە ڕێژەیەكی زۆر لە خوێنەر ئامادەبوون، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە شاری كۆیە هونەردۆست و ئەدەبدۆستن، دەستخۆشیم هەیە بۆیان و پێموایە لە شوێنێكی دیکە ئەو مەراسیمە بەڕێوەچووبایە، بەم شێوەیە خەڵك ئامادەی نەدەبوو.

 

گوتیشی: من وەك خۆم پاڵپشتی لە هەموو ژنێك دەكەم و ڕێكخراوەكەشم لە خزمەتی ژناندایە بۆ پەرەپێدانی تواناكانی ژن، بۆیە ئەمڕۆ ئەو ڕێگا دوورەم بڕی و هاتم بۆ ئامادەبوون، تا ببێتە پاڵپشتی بۆ ئەو ژنە و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.

 

جێگەی ئاماژەیە نادیە كەریم ساڵانێكە دەستی بە نووسینی شیعر كردووە و تا ئێستا پێنج لە بەرهەمەكانی چاپكراوە بە ناوی هایگا، تەسبیحی قەزوان، دڵ ئاوازی ژیان دەژەنێ، بەفر لە هەور دەترسێ، ئەستێرە چاو دادەگرێ"، لەو بارەیەوە نادیە کەریم دەڵێت: من بانگهێشتکرام بۆ بەڕێوەبردنی کۆڕێکی شیعری بۆ پەرتوکەکانم، بە خۆشحاڵییەوە لە پەرتوکخانەی گشتی ئەو ناساندنەمان کرد و ئامادەبوونی ئەو هەموو خەڵکە سەرسامی کردم و خۆشحاڵم زۆر.

 

هەروەها وتیشی: شیعرەکانم جۆراوجۆرن و لە هەموو بۆنەکان شیعرم هەیە، شیعرم بۆ ژن نوسیوە بۆ هەڵەبجە و سروشت، هەڵبژاردنی هایگا بۆ شعرەکانم هایکۆیە، بەڵام کە باسی شتێک دەکەی لەسەر وێنەیەک دەبێتە هایگا، بۆیە هەندێک پەرتوکەکانم تۆنیان هایکۆن و هەندێکی دیکەیان هایکۆ و هایگان.