بە خەباتیان کولتووری گەلی ئەرمەنی دەپارێزن

ئێما میکایلیان، ئەندامی کۆمیتەی کولتووری ئەنجومەنی گەلی ئەرمەنی، باسی لە هەوڵەکانیان کرد بۆ پاراستنی کولتووری گەلی ئەرمەنی و ئاماژەی بەوەکرد، کارەکانیان گروپەکانی گۆرانی و شانۆ و هەڵپەڕکێ و کورتە فیلم لەخۆدەگرێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە-ئەرمەنییەکان یەکێکن لەو گەلانەی کە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەژین، خاوەن زمان و کولتوور و مێژوون، ئەرمەنییەکان وەک هاوتا کوردەکانیان لە لایەن عوسمانییەکان و دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە تووشی کۆمەڵکوژی بوون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نەوەکانیان و نەوە نوێیەکانیان لە هەوڵی پاراستنی مێژوو و کولتوور و زمانەکەیانن.

 

ئێما میکایلیان، ئەکتەرو ئەندام لە کۆمیتەی کولتووری گەلی ئەرمەنی، باسی لە دەوڵەمەندی چالاکییە کولتووری و هونەری و شانۆییەکانی کرد.

 

پەیامەکە لە گۆرانییەوە هەتا شانۆ و هەڵپەڕکێ وەک یەکە

 لە سەرەتادا ئێما میکایلیان ڕۆڵی گروپەکانی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شانۆی ناساند و وتی: لە گۆرانییەوە بۆ هەڵپەڕکێ و شانۆ، ئامانج و ئەرک وەک یەکە، بۆ سەرکوتکردنی ئەو جینۆسایدە کە سەدەیەک لەمەوبەر ڕوویدا بە شێوەیەکی مۆدێرن، گرووپی شانۆی ئارارات و گرووپی ئارتساخ و گرووپی سێهەم گرووپی گۆرانیی سایاتنۆڤایە، ئەمڕۆ گۆرانی و ئاوازەکانی داپیرەکانمان بە دەنگی نەوەکانیان، واتە نەوە نوێیەکانی شۆڕش، پارێزگاری لێدەکرێن،، گۆرانی زۆرمان هەیە، بەڵام هەر گۆرانییەک گوزارشت لە ڕووداوێک دەکات، گوزارشت لە خۆشەویستی خاک، هێز، جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەنەکان، جوانی ژنە ئەرمەنییەکان دەکەن، هەموو شانۆکانمان ڕەنگدانەوەی ڕۆژی جینۆسایدن، چۆن کۆمەڵکوژ کران و جارێکی دیکە ئەرمەنییەکان کۆبوونەتەوە، چەندین شانۆمان دروستکردووە کە لە هەموو فێستیڤاڵێکدا جێپەنجەی خۆمان بەجێدەهێڵین.

 

لە ١٨ شانۆیی و چوار کورتە فیلمدا ڕۆڵی بینیووە

 ئێما میکایلیان بەرهەمی چوار ساڵی بەبیرهێنایەوە و وتی: چوار ساڵە بەردەوامم لە بەرهەمهێنان، ١٨ شانۆییمان کردوەەو لە فێستیڤاڵەکان پێشکەشمان کردن، هەروەها چوار کورتە فیلممان دروستکرد، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی شانۆگەرییەکی زۆر خۆشین کە لە فێستیڤاڵی شەهید ڕۆناهی باوەردا پێشکەشی دەکەین، بێگومان شانۆییەکە لەسەر ژنی ئەرمەنییە، شانۆییەک پێشکەش دەکەین کە بۆ هەمیشە جێپەنجەی خۆی بەجێدەهێڵێت، شانۆکان زۆر سەرنجڕاکێشن لەلایەن بینەرەوە و ئەمەش شانۆکانمان جیاوازتر دەکات چاوەڕوانمان بن، چەندین بەرهەمی جیاواز دروست دەکەین و دەبینە وێنەی کولتووری گەلی ئەرمەنی.

 

ئێما میکایلیان وێڕای دەربڕینی ئەوەی کە ئەوان هێز و زانیاری و وزەی خۆیان بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور و هونەری ئەرمەنەکان بەکاردەهێنن، وتی: ئەرمەنییەکانی دانیشتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان ڕێکدەخەن، کاردەکەن و هەوڵدەدەن دەنگیان بەرزبکەنەوە، بۆ ئەوەی جیاوازی خۆیان لەگەڵ گەلانی تر نیشان بدەن، وەک چۆن کەسانی تر بە شێوازی جیاواز کولتووری خۆیان نیشان دەدەن، ئێمەش حەز دەکەین لە هەموو وێستگەیەکدا جێپەنجەی خۆمان بەجێبهێڵین، بۆیە لە گروپەکەماندا ژن و گەنجی نوێ هەن و گرنگی زیاتریان پێدەدەین.

چەندین هەڵپەڕکێ و کورتە فیلم و شانۆنامەی ژنان هەیە

 ئێما میکایلیان باسی لە کارەکانی ئێستای کرد و وتی: پلانی زۆرمان هەیە بۆ ڕۆژانی داهاتوو، ئێستا سەرقاڵی کورتە فیلمێکین بە ناوی 'ئێختەمەر"، ئەو گۆرانیانە پێشکەش دەکەین کە پێشتر گوێبیستی نەبووین، لەناویاندا گۆرانی تایبەت بە ژنانی ئەرمەنی هەن، بۆیە هیوادارم هەموو لایەک باوەڕیان بەو تیمە هەبێت کە کار دەکات، بەرهەمێکی تایبەت و جیاواز بەرهەم دەهێنن کە بەکۆمەڵ بیریان لێکردووەتەوە و پلانیان بۆ داناوە، هەر بۆیە پێویستە هەموو کەسێک بەدوای خەونەکانیدا بگەڕێت تاوەکو بەدەستیان دەهێنێت.