"سینەما ناوەندێکە بۆ گەیاندنی چیرۆکە حەقیقییەکانی ژنان بە کۆمەڵگە"

پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بە ١٤٥ فیلم و چەند پانێڵێک لە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم دەستپێدەکات، دەرهێنەرێک، کە بە دوو فیلم لەسەر ژنان بەشدارە، دەڵێت فیلم دەتوانێت ببێتە دەنگێک و ئازارەکانی ژن بخاتە بەر دیدی بینەر.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی سبەی، ١٧ی کانوونی دووەم، کاتژمێر ٤:٠٠ی پاش نیوەڕۆ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بە مەراسیمێک و چەند چالاکییەکی هونەری دەستپێدەکات، فێستیڤاڵەکە ماوەی ٧ ڕۆژ، تا ٢٣ی مانگ بەردەوام دەبێت، ١٤٣ فیلمی ناوخۆی و بیانی بە بەشداری ٣٥ وڵاتی جیهان کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دەکەن.

 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لەمساڵدا چەند فیلم و کورتە فیلمێک لەسەر دۆزی ژنان و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان وەک فیلمەکانی "شاراوە" لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن و ڕێباز موتابچی، "ژووری سور" لە دەرهێنانی لیلیان ئەمیر، "وەرزی تووتڕک" لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر و "ژ بۆ ئازادی" لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیک، "ڕاڕەوێک" لە دەرهێنانی هەردێ سەمیر و چەندین بەرهەمی دیکە بەشداری فێستیڤاڵەکەن.

 

شیرپەنجەی زەوی و تراژیدیای کۆچ پرسی سەرەکی فێستیڤاڵن

شەهێن سابیر، وتەبێژی فێستیڤاڵەکە، ئاماژەی بە کارنامەی فێستیڤاڵ کرد کە چەند مانگێکە سەرقاڵی ئامادەکارین و لە ئێستادا کۆتایی هاتووە، تێیدا ١٤٣ فیلم لە هۆڵەکانی سیتی سینەما نمایش دەکرێت کە پێکدێت لە فیچەر فیلم، فیلمی کورت، فیلمی درێژ و ئەنیمەیشن، کە نێودەوڵەتی و ناوخۆیین، بەپێی وتەکانی شەهێن لەمساڵدا دوو پانێڵ سەبارەت بە "شێرپەنجەی زەوی"-گۆڕانی کەشوهەوا و "تراژیدیای کۆچ" و چەند کۆنفرانس و وۆرکشۆپێک سازدەکرێت.

 

ئەو وتەبێژە باسی لەوەکرد کە فێستیڤاڵەکە ئامانجیەتی کە بایەخ بە سینەما بدات و ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی لە نێوان کلتور و هونەری ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا دروستبکات، "بابەت و ناوەڕۆکی فیلمەکان هەمەچەشنە، ئەو بابەتانەی هونەرمەند و دەرهێنەران کاری لەسەردەکەن کێشە و پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتین"، شەهێن سەبارەت بەو فیلمانەی تایبەتن بە ژنان ئاماژەی بەوەدا کە پرسی ژن و توندوتیژی دژ بە ژنان بابەتێکی جیهانییە و پرسێکی گرنگە، "ئەمە بووەتە جێی بایەخی سینەماکاران و لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین فیلم هەن کە باس لە پرسی ژن دەکەن و دەرهێنەرەکانیشیان ژنن.

 

"سینەما دەروازەیەکی گرنگە بۆ گەیاندنی پەیام بە جیهان"

شەهێن دەربارەی گرنگی سینەما بۆ گەیاندنی پەیام و بە جیهانیکردنی دۆزەکان دەڵێت: "لە پاڵ کاری سیاسی و میدیا و ڕێکخراوەیدا، ژانەرەکانی هونەر بەرپرسیارێتی گەورەیان هەیە لە ئاست پرسە جیاوازەکاندا، بەشێک لە ئامانجی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکەمان ئەوەیە کە پەیام و دۆزەکانمان بگاتە جیهان و سینەماش دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئەو گەیاندنە".

 

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە دوو فیلم بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیی دەکات، ئەوانیش فیلمی "شاراوە" و "ماسکی چوارەم"ە، فیلمەکان هەڵگری پەیامی ژنانە لە کۆمەڵگەدا تا بتوانن بیگەیەنن بە کۆمەڵگە و بینەران.

 

فیلمی "شاراوە" لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن و ڕێباز موتابچییە، باس لەو منداڵانە دەکات کە بێناسنامەن و لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی و شەڕەکانەوە دروستدەبن، هەروەها "ماسکی چوارەم" لە پرۆدیوسەریی ڕۆژە حەسەن، باس لەو گرفتانە دەکات کە ژنان لە کۆمەڵگەدا هەیانە و بۆ شاردنەوەی کێشەکانیان و قبوڵکردنی ژن لەلایەن کۆمەڵگەوە ناچارن ماسک بپۆشن و بەپێی پێوەری کۆمەڵگا بژین.

 

"سینەما دەتوانێت چیرۆکە حەقیقییەکان بگێڕێتەوە"

ڕۆژە حەسەن، دەرهێنەر و ئەندامی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، دەربارەی چیرۆکی فیلم باسی لەوەکرد کە وەک  گەلی کورد و ژن چیرۆک و مەتریاڵ زۆرن بەڵام پەراویزخراون و داکۆکیان لێناکرێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ شاردنەوەی دیوە راستەکەی، "کاتێک ژنێک دەکوژرێت لەلایەن کۆمەڵگەوە چەندین چیرۆکی ناڕاستی بۆ دروستدەکرێت، بەڵام سینەما دەتوانێت ئەو چیرۆکانە بگێڕێتەوە و ئازایەتی و قوربانییەکان دەربخات، هاوسۆزییەک لەسەر دۆسیەکان لە نێوان کۆمەڵگەدا دروستبکات".

 

ژنانی دەرهێنەر زیاتر دەتوانن بە زمانی ژنانە پەیام بگەیەنن

 گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ژنان لەلایەن ژنەوە، زیاتر دەتوانێت ڕەگی ئازار و ئازایەتییەکانی ژنان بخاتە بەرچاو، ڕۆژە وەک دەرهێنەرێکی ژن پێی وایە کاتێک ژنێک سیناریۆیەک دەنوسێت یاخود دەرهێنان بۆ فیلمێک دەکات، چ لەڕووی بینین، بیرکردنەوە و چ لە ڕووی کامێرەوە جیاوازی هەیە، "جگە لە سیناریۆ، لە ڕێگەی وێنەوە ژنانی دەرهێنەر زیاتر دەتوانن پەیامی ژنان بگەیەنن کە هەڵقوڵاوی دنیابینی و چیرۆکە ڕاستییەکان بێت و بە زمانێکی کاریگەرتر و ژنانە تر بگەیەنێت".

 

پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی سبەینێ، ١٧ی مانگ، دەستپێدەکات، تێیدا ١٤٣ فیلمی ناوخۆیی و جیهانی لە ٣٥ وڵاتەوە بەشداری دەکات، ناوەڕۆکی بەشێکی فیلمەکان، تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد، ئازارەکانی ژن و ڕۆڵ و کاریگەرییان، کۆڵبەری، کۆچی بەلێشاو، سەختی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی و فەرمانڕەوایی لە چوار پارچەی کوردستان و جیهان نمایش دەکرێت.

 

ت.پ