سی و پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردستان کۆتایی هات
لە سی و پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردستان کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژنان لە نمایشی سەر شەقام و شانۆی کوردستان خرانە ڕوو.
سنە
سی و پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆ لە شاری سنە کە لە ٢٢ تا ٢٥ تشرینی دووەم بەردەوام بوو کە نمایشی شانۆ وشانۆی سەر شەقامی لەخۆگرتبوو لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لە هۆڵی فەروەردین بە ئامادەبوونی شانۆکارانی شارەکانی سەقز، دیواندەرە، سنە، بیجاڕ، مەریوان و ڕەشت بە سەرپەرشتی دادوەرانی شانۆ و شەقام و کەسانی خاوەن ئەزموون لە شانۆ کۆتایی هات.
مانگنشین، شکڵەک، بەش، فۆتۆگرافەر، حەسنەک، پیوت، بێپەنا، سەوز و شین، هەناسە، لاش زدایی، میراتگرانی هێراکلێس، ٩٩٩، ئەدەبیات، خەوتوو، ئاو خواردنەوە لە شیری سووری قەدەغە، ئاخر و کۆتاییمان ببینە، لەو نمایشانە بوون کە لەم چەند ڕۆژەدا لەلایەن هونەرمەندانی شانۆی شەقام و شانۆ نمایشکران.
شانۆ، تێڕوانینێکی قووڵە بۆ هەموو توێژەکانی ژیان، خەونی ژیانێکی ئایدیاڵە، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکان، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ڕەنگە تامی تاڵی شانۆ بە دڵی هەموو کەسێک نەبێت، چونکە زمانێکی ڕەق و ڕەخنەیی هەیە، بەڵام شیرین و دڵگیرە بۆ ئەوانەی گرنگی پێدەدەن، شانۆ دەتوانێت بە هۆی نزیکی لە ئازار و مەینەتی مرۆڤەکانەوە لە سینەما و تەلەفزیۆن زیاتر لە ناو دڵی کۆمەڵگە بێت.
لەم چەند ڕۆژەی فێستیڤاڵدا، ئەوەی لە نمایشی شەقام و شانۆدا بیندرا، زیاتر دەربڕینی کێشە و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و تەحەدای کێشەکانی ژنان بوو لە بوار و سەردەمە جیاوازەکاندا، کە لە لایەن شانۆکانی کوردستانەوە نمایشکران.
لەم فێستیڤاڵەدا شانۆکارانی ڕۆڵی ژن و پیاو، دەرهێنەر، نووسەر، دیزاینەری جلوبەرگ، دیزاینەری سێت، دیزاینەری ڕووناکی، دیزاینەری بروشور و فاکتەری دیکەی ئەم شانزە بەرهەمە بەرز نرخێنران. لە نێویاندا، کەژاڵ قەمەری، براوەی یەکەمی ئەکتەری فێستیڤاڵەکە بەهۆی ڕۆڵی لە شانۆنامەی "ئەدەبیات" لە دەرهێنانی شاداب کۆکەبی، ئازادە ئازەرمی، براوەی دووەمی فێستیڤاڵەکە بەهۆی ڕۆڵی لە نمایشی "شکڵەک"، لە دەرهێنانی وریا تالێبی و نووسینی نەغمە سەمینی، هانا مورادی و مریەم مەقسوودی، پلەی سێیەمی نواندن لە بەرنامەی "سەوز و شین" لە دەرهێنانی فەرشید کەرمی و نووسینی ناسر نیکبەخت و ڕۆیا کەرمی بۆ دیزاین و جێبەجێکردنی ڕووناکی لە بەرنامەی "٩٩٩" لە دەرهێنانی سەعدی حوسێنی لە دیواندرەوە و هەروەها سەنا کەهزادی بۆ دیزاینکردنی بروشوری نمایشی "ئاو خواردنەوە لە شیری سووری قەدەغە" لە دەرهێنانی هۆشیار قەوامی لە سی و پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردستان ڕێزیان لێگیرا.
کەژاڵ قەمەری کە براوەی خەڵاتی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردستان و بڕوانامەی فەخری بۆ نواندنی ژنان بەدەستهێناوە، بە ئاژانسی هەواڵەکەمانی وتی: من شانۆکارم لە نمایشی "ئەدەبیات" لە دەرهێنانی شاداب کۆکەبی و نووسینی مەهام میقامی، ئەم کارە لە ٥ تابلۆ پێکهاتبوو کە من تێیایدا ڕۆڵی پێنج کارەکتەرم بینی، تەوەری نمایشەکە پەیوەندی بە ژنانەوە هەبووە و پێگەی ژنانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گێڕاوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە کە ژنان لەو قۆناغانەدا مافەکانیان لەدەستداوە و ئازادی ڕادەربڕینیان نەبووە و ئەگەر بۆچوونەکانیان دەرببڕن تووشی توندوتیژی دەبنەوە.
سی و پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردستان دوێنی بە ئامادەبوونی پێشەنگەکانی ئەم بوارە، سیمین چایچی وەک شانۆنامەنووس و کۆبرا مەلەکی وەک دەرهێنەر و شانۆنامەنووس و شانۆکار، ئەلیکا عەبدولڕەزاقی وەک ئەکتەری سینەما، شانۆ و تەلەفزیۆن، کۆتایی هات.