شەوی یەڵدا، بە یەکگەشتنی خۆر و مانگ لە یادەوەری نەتەوەکانی جیهاندا

نزیکەی چەند هەزار ساڵە شەوی کۆتایی پایز بە شەوی یەڵدا ناسراوە، بۆنەیەکی مێژوویی و دێرینە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لە نێوان نەتەوەكانی کورد، فارس، ئاری نەژادەکانی و نەتەوەكانی تری میزۆپۆتامیا.

نزیکەی چەند هەزار ساڵە شەوی کۆتایی پایز بە شەوی یەڵدا ناسراوە، بۆنەیەکی مێژوویی و دێرینە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لە نێوان نەتەوەكانی کورد، فارس، ئاری نەژادەکانی و نەتەوەكانی تری میزۆپۆتامیا.

 

بێریڤان کەمال

لە کۆندا مرۆڤەکان لە ژیانێکی سادەدا ژیاون و سوودێکی زۆریان لە خۆر بینیووە و یارمەتی بەشێکی زۆری کاروبارەکانی داون، وەك گەرمكەرەوە و رووناكی بەخش و یارمەتی پێگەشتنی بەروبوومەکانیانی داوە، بۆیە پێیانوابووە کە خۆر "خوداوەندە" و لایان پیرۆز بووە، شەوی یەڵدا بەشێکی ئەو پیرۆزییەیە و پەیوەندی بە باوەڕیی ئاینیی مرۆڤەکانەوە هەیە، بۆیە ئەو ڕۆژەی زۆرترین كاتی دیارنەمانی خۆرە و دواتر بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، کراوەتە جەژن و یادی دەکرێتەوە.

 

یادکردنەوەی شەوی یەڵدا لە باوەڕییە جیاوازەکاندا

نزیکەی چەند هەزار ساڵە شەوی کۆتایی پایز بە شەوی یەڵدا ناسراوە، لە ڕۆژمێری زاینیدا شەوی ٢٠/٢١ ی مانگی کانوونی یەکەمە، تاریکترین و درێژترین شەوی ساڵە و ئەو نەتەوانەی ساڵانە لەو شەوەدا یادی دەکەنەوە، باوەڕییان بە ئەفسانەی "لەدایکبوونی خۆر هەیە" کە لەو ماوەیەی زستاندا تین و وزەی خۆر کەمدەکات و لەو شەوەدا تین و وزەی بۆ دەگەڕێتەوە، ڕۆژ درێژتر دەبێت لە شەو و ڕووناکی زاڵ دەبێت بەسەر تاریکیدا.

 

ئەفسانەی لەدایكبوونی خۆر بە پێی قۆناغەکانی خۆر لە وەرزەکانی ساڵ سەرچاوەی گرتووە، چوار قۆناغ لە خۆدەگرێت، ئەوانیش: لە سەرەتای وەرزی زستاندا لەدایكدەبێت و لە بەهاردا قۆناغی گەنجییە و لە هاویندا كامڵ دەبێت و لە وەرزی پایزیشدا پیر دەبێت.

 

لە كۆتا شەوی پایزدا کە ناسراوە بە "شەوی یەڵدا" خۆر دەمرێت و لە نیوەشەودا لەدایك دەبێتەوە و بۆ بینینی خۆرهەڵهاتن تا بەیانی ناخەون و تەماشای دیمەنی خۆرهەڵهاتن دەکەن، و بەو بۆنەیەوە لە شەوی یەڵدا ئاهەنگ دەگێڕن، چەندین نەریتی تایبەت لەو شەوەدا بیردەهێننەوە و خێزانەکان پێکەوە کۆدەبنەوە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی یەڵدا بە یەكەم شەوی "چلەی گەورە" دادەنرێت، بەپێی زانیارییەکان دوو چلە هەیە، چلەی گەورە كەلە یەكەم رۆژی زستانەوە دەستپێدەكات، دوای تەواوبوونی ئەو چل رۆژە، "چلەی بچووك" دەستپێدەكات كە بە هەردووكیان دەكاتە هەشتا رۆژ.

 

شەوی یەڵدا لەنێو گەلانی جیهاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەر نەتەوەیەکیش بەپێی نەریتی تایبەت بە خۆیان ئاهەنگ دەگێڕن، بۆنەیەکی مێژوویی و دێرینە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لە نێوان نەتەوەكانی کورد، فارس، هیند و ئاری نەژادەکان و نەتەوەكانی دیکەی میزۆپۆتامیا، دوایین شەوی پاییز لە نیوەی باكوری گۆی زەوی بەدرێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، لە شەوی یەڵدا بەدواوە شەوەکان کورت دەبنەوە و ڕۆژەكان درێژتر دەبنەوە.

 

بۆچی "شەوی یەڵدا" بەو ناوە ناونراوە؟

یەڵدا، لە وشەیەکی سریانی وەرگیراوە، مەبەست لێی لەدایکبوونە، سریانی زمانی باوی مەسیحییەکانە کەلە لێکۆڵینەوەی کتێبە مێژووییەکانی فەرهەنگەکاندا وەرگیراوە، زانای کرۆنۆلۆجی "ئەبو ڕیحان بیرونی" ئاماژەی بە شەوی یەڵدا داوە و بە لەدایکبوونی خۆر ناوی بردووە.

 

وشەی یەڵدا بە تەواوی ڕوون نییە کە چۆن و کەی چووەتە فەرهەنگی فارسییەوە، بۆیە لە مێژووەوە دەرکەوتووە کە مەسیحییە سەرەتاییەکان کەلە ڕۆما ژیاون، زەحمەتی زۆریان هەبووە لەکاتێکدا هەندێکیان بڕیاری کۆچکردنیان بۆ ئێران داوە و بە هۆی نزیکی کولتوورەکان ئەم وشەیە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی فارسی.

 

لە ئاینی زەردەشتیدا ئەو وشەیە بە واتای لەدایكبوونەوەی خۆر دێت، واتە لەدایكبوونەوەی "میترا"ی خواوەندی خێرە و كۆتایی هاتنە بە "ئەهریمەن" کە خواوەندی شەڕ و خراپە.

 

پێداچوونەوەیەک بۆ مێژووی شەوی یەڵدا

شەوی یەڵدا مێژوویەکی دێرینی هەیە، مێژوونووسەکان بۆ پێش ٧ هەزار ساڵی دەگەڕێننەوە، لە ٥٠٠ ساڵ پێش زایینیشدا چووەتە ناو ڕۆژژمێری فەرمی ئێرانییە کۆنەکانەوە، کە هی سەردەمی داریوشی یەکەمە و میسرییەکان و بابلییەکانیش بەکاریان هێناوە.

 

یادکردنەوەی شەوی یەڵدا لەنێو گەلانی جیهاندا لەلایەن ئەو خێزانە کلتوورییانەی کە گرنگی بەو یادکردنەوەیە دەدەن چەندین نەریتی تایبەت جێبەجێ دەکەن.

 

زەردەشتییەکان

لەم شەوەدا خێزانەكان لە دەوری یەكتری كۆدەبنەوە و شەو ناخەون، تا بەیانی ئاگر دادەگیرسێنن، زەردەشتیەكان چەندین خواردن لەسەر مێز دەڕازێننەوە، کە میوە و چەرەساتی تێدایە و پێی دەوترێت "لۆرك"، لەسەر سفرەیەك دادەنرێت پێی دەڵێن "مەیزەد"، هەروەها لە خوداوەند میترا پاڕاونەتەوە كە باشییەکان ڕوویان تێبکات و كۆتایی بە ئەهریمەن و خراپەکارییەکان بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە شەو و رۆژی یەڵدادا بە هەموو شێوەیەك خوێن ڕشتن و سەربڕینی ئاژەڵەكان قەدەغە كراوە.

نەتەوەکانی دیکەی جیهان

یابان لەسەدەی حەوتەمی زاینیدا بە دەرکەوتنی خواوەندی خۆر " ئامیتراسۆ" لە ئەشكەوتێكدا یادی ئەو شەوەیان كردووەتەوە، هەروەها خێزانە چینییەكان بە چەند نەریتێکی تایبەت یادی دەکەنەوە و ژەمە خۆراكی "تانگیوان" دەخۆن كە لە برنج پێكهاتووە و مانای پێکەوەیی خێزانەكان دەدات.

 

شەوی یەڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

"شەوی چلە" زاراوەیەکی کوردییە بۆ شەوی یەڵدا بە ئامادەکردنی خواردنی دۆڵمە و کۆبوونەوەی خێزانەکان بەیەکەوە یادی ئەو شەوە دەکەنەوە، هەروەها دروستکردنی سێوی مێخەکڕێژ بەشێکی دیکەی نەریتی ئەو شەوەیە، لەگەڵ چەرەسات و مێوژ.

 

لە پارێزگاکانی ئێران

یەکێک لە گرنگترین شەوە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شەوی یەڵدایە کە لەمێژە ڕەچاوکراوە و ئەو ئاهەنگ و شەوانە کە لە سەرتاسەری وڵاتدا لە لایەن خەڵکەوە یادی دەکرێتەوە و پیرۆز دەکرێت، بە تێپەڕبوونی کات نەک هەر لە بەهاکەی کەم نەبووەتەوە، بەڵکو یادکردنەوەی ئەو شەوە بە چەندین نەریتی جیاواز بەرز ڕادەگیرێت و پێگەیەکی تایبەتی هەیە.

 

نەریتە کلتوورییەکانی تایبەت بە شەوی یەڵدا

شەی یەڵدا خێزانەکان پێکەوە تا بەرەبەیان کۆدەبنەوە، بەرنامەیەکی خۆش بەڕێوەدەبەن تا تاریکی، ساردی و خەمەکانی نەبوونی خۆر ڕۆحیان لاواز نەکات، یەکێک لە نەریتە هەرە باو و بەناوبانگەکانی شەوی یەڵدا داگیرساندنی ئاگر، خوێندنەوەی شیعر و گێڕانەوەی چیرۆکە لەلایەن کەسە بەتەمەنەکانەوە، چونکە ڕووناکی ئاگر لە ڕوانگەی ڕابردووەوە هێمای ڕووناکی و خۆر بووە، کەسانێکیش بۆ دەربازبوون لە تاریکی و خراپەی شەیتان و دوورخستنەوەی بیرە خراپەکان گردبوونەوەیەکی گەرم دروستدەکەن.

 

ڕێکخستنی مێزی شەوی یەڵدا

مێزی شەوانی یەڵدا بە جۆرەها خواردن و خواردەمەنی یەکێکە لە نەریتەکانی ئەم شەوە، کە گوێز و میوەی تایبەت وەک هەنار و شوتی لەخۆ دەگرێت، میوەی تەڕ و گوێز لە سفرەکەدا بەکاردەهێندرێت.

 

میوەی سەرەکی شەوی یەڵدا هەنارە چونکە لە ڕابردوودا بە بەرەکەت و بەپیت دانراوە بەهۆی زۆری تۆوەکانی و ڕەنگە سورەکەشی کە هێمای خۆر و بەختەوەرییە، هەروەها لە میتۆلۆژیاکانیشدا هەنار هەمان پیرۆزی هەبووە، لە ئایینی زەردەشتیشدا یەکێکە لە دارە پیرۆزەکان و لە مەراسیمە ئاینییەکانی زەردەشتیدا لق و بەرەکەی بەکاردەهێندرێت.

 

شوتی، وەک هەنار یەکێکە لە میوەکانی شەوی یەڵدا، لەکاتێکدا شوتی میوەیەکی هاوینەیە، بەڵام دانانی بە مەبەستی ڕەنگەکەیەتی وەک یادەوەری گەرمی هاوین و نیشانەی خۆر.

 

چەرەسات و خواردنی تایبەت، وەک بستە، بادام، گوێز، بندق، تووی وشک، مێوژ و هەنجیر یەکێکن لە بژاردە گرنگەکان لە نانی ئێوارەی شەوی یەڵدادا، هەروەها گەنم و تۆوی شوتی و برژاندنی نۆکیش دادەنرێت.

 

ت.پ