"بۆنی خوێنی جەنگ دەکەم"

هۆنەر، نەزەند بەگیخانی، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل هۆنراوەیەک پێشکەش دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەنووس، لە ٤ی مانگدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی کاردانەوەی بەرفراوانی لەناو توێژە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی لێکەوتەوە، نەزەند بەگیخانی، هۆنەر بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ناگیهان ئاکارسەل پارچەیەک هۆنراوە پێشکەش دەکات و دەنووسێت، " بۆنی خوێنی جەنگ دەکەم".

 

من لێرەم

لە ناخی نائومێدیی نیشتیمان

کە دەنگی شمشێری شەڕ رایدەچڵەکێنێ

بیرەوەرییەکانی پاریس دەنێژم

قاقای پێکەنین کپ دەکەم

 

گوێ لە قوڵپی گریانی دایکەکان دەگرم

کە لەناو تۆز و بای ئەم خاکە سەردەکا

وەک هێڵێکی کز و باریک

بەناو بێدەنگی

بەرەو سەربان و گردەکان تەکان دەدا

 

بۆنی خوێنی جەنگ دەکەم

لەناو دڵی شەو

خەم و ئارەزووی کوژراوەکان

تەنیایی ژنەکان

تینی خەونی کچە عازەبەکان

دەچنە ناو سی و دەمارەکانم

لە خانەکانی شیعرمدا دێنە دەنگ و

تۆماری دەکەن یادەوەریی ئەم زەمینە لەخاچدراوە

هەڵمی سووری ئاهی ژنانی نیشتیمان