سانسۆر له سينه‌ماى ئێران هۆکارێکى گه‌وره‌يه بۆ به‌‌جێ هێشتنى وڵات لەلايەن ژنانى ئه‌کته‌رەوە

به هۆى دانانى سانسۆر لەلايەن وه‌زاره‌تى ڕۆشنبيرى ئێران بۆ ئه‌و فيلمانه‌ى که له ئێران به‌رهه‌م دێت، ڕۆژ به ڕۆژ ئامارى ئەو ژنانەی ئێران به جێ دێڵن، زۆرتر ده‌بێت و هونه‌ره‌که‌يان له ده‌ره‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌که‌ن.

ناوەندی هەواڵ

 

له‌ کاتێکدا سينه‌ماى ئێران ڕۆڵێکى جياوازى له جيهاندا هه‌يه و زۆربه‌ى کاته‌کان خه‌ڵاتى جياواز له فێستیڤاڵە‌ جیهانییەکان وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ ناوخۆدا به‌ره‌و ڕووى کێشه‌ى زۆر ورد ده‌بێته‌وه، که نەک ‌ته‌نيا نابێته‌ هۆى سه‌رکه‌وتنى هونه‌رمه‌نده‌کانى، به‌ڵکوو وه‌کو به‌ربه‌ستێکى گه‌ورەیە بۆ پياوان و به‌ تايبه‌ت ژنانى ماڵى سينه‌ماى ئێران، هه‌ر فيلمێک به‌رهه‌م بێت ده‌بێت بە فلته‌رى و‌ه‌زاره‌تى ڕۆشنبيریدا تێپەڕ ببێت دواتر مافى بڵاوبوونه‌وەی پێدەدرێت، ئه‌گه‌ر بچوکترين کێشه‌ى هەبێت يان لەسەر خواستی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ نه‌بێت، هه‌موو ڕه‌نج و زه‌حمه‌تییه‌کانى ئه‌و هونه‌رمه‌ندانە به فيرۆ ده‌چێت و مۆڵەتی بڵاوبوونەوە وەرناگرێت.

دواى ده‌ستبه‌کاربوونى حکومه‌تى ئيسلامى ئێران وشه‌ى سانسۆر له سينه‌ماى ئێران دروست بوو، ئەوەش بووە هۆکارێک بۆ ژنانى ئه‌کته‌ر ده‌ست له کاری هونه‌ری به‌رده‌ن، بەم سانسۆرە‌ سيستمى ئێران يه‌که‌م گورزى خۆی لە ژنانى ئه‌کته‌ر وەشاند و له دنياى هونه‌ر دووریخستنەوە، به باوه‌ڕى حکومه‌تى ئيسلامى ئێران ژن ته‌نيا ده‌بێت وه‌ک دايک و هاوسه‌ر له‌ ماڵدا ڕۆڵى هه‌بێت و ته‌واو! ئەم باوەڕییە بووە هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ى ژنانى هونه‌رمه‌ند و ئه‌کته‌رى ئێرانى وڵاته‌که‌يان به جێ بێڵن و له وڵاتێکى تر ئه‌کته‌ر بوونيان به‌رده‌وام بکه‌ن و به رۆحێکى ئازاده‌وه‌ هونه‌ريان نيشان بده‌ن و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنن.

 

به‌رده‌وام بوونی ژنانى ئێران له سينه‌ماکانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران

به پێ ياساى جيهانى سينه‌ما هه‌ر ئه‌کته‌رێک ده‌توانێت له هه‌ر وڵاتێک که حه‌زى لێی بێت به‌شدارى له فيلم بکات، ژنای ئێرانیش لە دوای بەجێهێشتنی وڵات دەست بەرداری کاری هونەری نەبوون و لە سینەمای جیهاندا بەردەوام بوون، یەکێک لەو ژنانە گوڵشيفته فه‌راهانى ژنه‌ ئه‌کته‌رى ئێرانییە لە دواى به‌شدارى کردنى له فيلمى "مستێک درۆ" به به‌شدارى لێئوناردۆ ديکاپريۆ، مۆڵەتی کارکردنی له سينه‌ماى ئێراندا لێسەندرایەوە و دواى ئه‌وە چیتر له شاشه‌ى سينه‌ماى ئێراندا ده‌رنه‌که‌وت، له بەرامبەردا ساڵانه پياوانى ئه‌کته‌رى ئێرانى له ناو فيلمه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌شدارى ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی ڕێگريیان لێبکرێت و کێشه‌يان بۆ دروست ببێت.

گوڵشيفته يه‌که‌م ژن و کۆتا ژنه‌ ئه‌کته‌ر نييه له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئێران کار ده‌کات، ژنانێکى تر وه‌کو: روناک يونسى، مه‌هناز ئه‌فشار، زه‌هرا ئه‌مير ئيبراهيمى، چه‌کامه چه‌مه‌ن ماه، سه‌ده‌ف تاهيريان، به‌هاره‌ک سالح نيا، بێهناز سوله‌يمانى، په‌رديس ئه‌فکارى، سپێده زاکرى، ساناز زه‌رين مێهر، مێليسا مێهره‌بان و ... له ئێستادا له ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌رده‌وامن له کاره‌کانيان، دوور‌ لەو حيجاب و سانسۆرێک کە دانراوە.

ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى ئێران ژيان ده‌که‌ن و لەناو ئێران به‌شدارى له فيلمه‌کان ده‌که‌ن

گروپێکى زۆر له ژنانى ئه‌کته‌رى ئێرانى به هۆى خوێندن، وانه‌ وتنه‌وه و ... له ده‌ره‌وه‌ى ئێران ده‌ژين و بۆ به‌شدارى کردن له هونه‌ره‌کانيان ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ ئێران، شه‌بنه‌م قوليخانى يه‌کێکە له‌و ژنانەی بۆ خوێدنى به‌شى ده‌رهێنه‌رى له ئوستراليا ده‌ژى و کاره‌ هونه‌رییەکانی له ئێران ئه‌نجام ده‌دات، که‌مه‌ند ئه‌مير سوله‌يمانى ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئیمارات ده‌ژى، گه‌وهه‌ر خه‌يرئه‌نديش بەهۆى وانه‌ وتنه‌وه‌ى له به‌شى سينما له ئه‌مريکا ده‌ژى، ميترا حه‌جار سێ ساڵ له فه‌رانسا ژياوه و له ئێستادا به‌شى ده‌رهێنه‌رى له ئه‌مريکا ده‌خوێنێت، گلۆريا هاردى که باوکى فه‌رەنسى و دايکى ئێرانىیە له فه‌رەنسا خویندنى ته‌واو کردووە ئەمانە و چەندین نمونەی دیکە هەن لە دەرەوەی ئێران دەژین و بۆ کاری هونەری دەگەڕێنەوە بۆ ئێران.

 

هونەرمەندان هه‌رچه‌نده تووشى کێشه‌ى زۆر دەبنەوە لەناو دنياى هونه‌ر و سينه‌مادا، به‌ڵام کۆڵيان نه‌داوه و تاکوو ئێستاش لەناو فێستیڤاڵەکانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران لەسه‌ر فه‌رشى سوور بوونيان هه‌يه و وه‌کو ئه‌ندامى لێژنه‌ى سينه‌مای جيهانى بۆ هه‌ڵبژاردنى يه‌که‌مه‌کانی سينه‌ماى جيهان به‌شداری ده‌که‌ن، له‌يلا حاته‌مى، نيکى که‌ريمى، ته‌رانه عه‌ليدوستى، ته‌ناز ته‌باته‌بايى، سه‌حه‌ر ده‌وڵه‌تشاهى، مێريلا زاره‌عى، هه‌دييه تارانى، ويشکا ئاساييش، نيگار جه‌واهيريان و ... به‌شێکن له به‌ناوبانگترين هونەرمەند له سينه‌ماى ئێراندا و لە جیهانیشدا ناسناویان هەیە.

 

ت.پ