سێ هونەرمەندی کورد خەڵاتی ڕێزلێنانیان لە میسر پێبەخشرا

سێ هونەرمەندی کورد لە فێستیڤاڵێکدا لە میسر بەشدارییان كرد لە دووەمین خولی شانۆی ئیزیس و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیری سلێمانی بڵاویکردەوە، دووەمین خولی شانۆی ئیزیس لە میسر کە تایبەت بوو بە بەپرسی ژن لە جیهاندا و لە لایەن ژمارەیەك ژنە هونەرمەندی میسر لە ١٦تا ٢٢ی ئایار بەڕێوەبراو جگە لەنمایشی شانۆیی ژمارەیەك پانێڵ بەڕێوەچوو.

 

 هەروەها ناونیشانی یەكێك لەچالاكییەكانی فێستیڤاڵەکە بریتی بوو لە "ژنانی داهێنەرلە ژێر كاریگەریەكانی بۆردووماندا" كە ژمارەیەك توێژینەوەی تێدا پێشكەشكرا.

 

سێ هونەرمەندی کورد هەریەک لە گەزیزە عومەر، فرمێسک مستەفا، حەسیب قەرەداغی بەشدارییان لە فیستیڤالەکەدا کردو لەوبارەیەوە شەهێن سابیر سەرپەرشتیاری میدیایی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە، ئاماژەی بەوەکرد،  گەزیزە عومەر، نووسەر و هونەرمەند بە توێژینەوەیەك بەناونیشانی "كاریگەری جەنگ لەسەر نووسینی دەقی شانۆیی" لە سەر یەكێك لە دەقەكانی بەناوی هێشتا "قسەكانمان تەواو نەكردووە" كە تێیدا پاڵەوانی نمایشەكە دایكێكە سوتماك و زەرەرومەندی جەنگە بەشداریكردووە.

 

هاوكات هونەرمەندان نیگار حەسیب قەرەداغی بە شانۆیی "یادەوەرییەكان" و فرمێسك مستەفا بە توێژینەوەیەك بەشداربوو.

 

لە کۆتاییشدا وەك سێ ژنە هونەرمەندی كورد خەڵاتی ڕێزلێنانیان لە لایەن هونەرمەند ئیلهام شاهین سەرۆكی فەخری فێستڤاڵەكە پێبەخشرا.