پێشبڕکێیەکی تایبەت بە هزری ژنان

گۆڤاری تروسکە پێشبڕکێیەکی تایبەت بە پێشخستنی هزری ژنان و نیشاندانی تواناکانیان بەڕێوە دەبات


ناوەندی هەواڵ

 

گۆڤاری تروسکە پێشبڕکێیەکی تایبەت بە بەرەو پێشچوونی هزری ژنان بۆ هەڵبژاردنی بەهێزترین وتار لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، هزری و هۆشیاری تایبەت بە پرسی ژن ئەنجام دەدات، لە مەڕاسیمێکدا هەڵبژاردنی باشترین وتار دیاری دەکرێت و لە لایەن گۆڤاری تروسکەوە بڕوانامەی باوەڕپێکراوی پێدەدرێت.

 یەکێک لە مەرجەکانی پێشبڕکێکە ئەوەیە پێویستە بەشداربووان ژن بن و وتارەکانیان لە ٧٠٠ وشە کەمتر نەبێت و لە ١٠٠٠ وشە زیاتر نەبێت، ئەو بەرهەمانەی پێشکەش دەکرێت دەبێت کۆپی کراو نەبێت و بەرهەمی نوسراوی خۆیان بێت، وەرگرتنی وتاری پێشبڕکێی باشترین وتار تا بەرواری ٢٠_١_٢٠٢١ بەردەوام دەبێت.

سۆما فەرهاد سەرنوسەری گۆڤاری تروسکە دەربارەی پێشبڕکێکە دەڵێت: "ئامانجمان لە پێشخستنی پێشبڕکێیەکی ئاوا دەرخستنی توانای ژنانە لە بواری نوسین بە گشتی و بە تایبەت وتارە، لەگەڵ ئەوەی ژنان لە هەموو کایەکانی ژیان پێشکەوتوون لە کایەی نوسین و ئەدەبیشدا کۆمەڵێک ژن هەن لەچاو ساڵانی پێشوتر خولیای خوێندنەوە و نوسینیان هەیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵکی بە ڕێژەیەکی کەم خوێنەری کتێبن و بگرە لە مۆبایل و بە PDF کتێب دەخوێننەوە"، هەروەها وتیشی یەکێک بنوسێت خوێنەریشە و ئامانجیان تێکەڵکردنی فکری ژنانە تا بتوانن لەڕێگەی پێشبڕکێیەکی لەم جۆرەوە فکر و بیر و بۆچونیان بگۆڕنەوە.

هەروەها پێشنیار بۆ ناوەندەکانی گۆڤار و چاپەمەنییەکان دەکات کە تەنها ناوەندێک نەبن بۆ چاپکردنی گۆڤار بەڵکو ببنە هۆکارێک بۆ بەرەو پێشچونی تواناکانی ژنان و ئەو ژنانەی خولیای نوسین و خوێندنەوەیان هەیە.

دەربارەی هەنگاوی دواتری پێشبڕکێکە سۆما ئاماژەی بەوە دەدات دوای تەواو بوونی پێشبڕکێکە هەر بە پێدانی بڕوانامەیەک کۆتای پێناهێنین و ئەوانەی توانایەکیان هەیە زیاتر پەرەیان پێدەدەین هەروەها وتیشی: "ئەوانەی خولیایان هەیە، بەڵام توانایان نییە هەوڵیان لەگەڵ دەدەین تا لە دوا ڕۆژدا ببنە نوسەرێک و گۆڤاری تروسکەش یەکێک بێت لەو گۆڤارانەی بەرهەمەکانیان بڵاو بکاتەوە".

لە درێژەی قسەکانی دا ڕوونی کردوەوە "نوسینی وتار جیاوازە لە نوسینی چیرۆک و ڕۆمان یاخود هۆنراوە بۆیە هەوڵمانداوە قورسی نەکەینە سەر وتار نوسان و بابەتی کۆمەڵایەتی و فکری نکەینە بابەتی وتارەکانمان، هەروەها ژنان لە زۆر ناوچەکانی کوردستان وتاریان ناردووە وەک قەڵادزێ، سەیسادق،کەلار، شارەزور، سلێمانی، تەنانەت لە دەرەوەی وڵات و تاراوگەش وتاریان بۆ ناردوین".

لەدوای کۆتایی هاتی وادەی وەرگرتنی وتارەکان و هەڵسەنگاندنی وتارەکان لە لایەن دەستەی بەڕێوەبردنی پێشبڕکێکە لە گۆڤاری تروسکە، لە مەڕاسیمێکدا خەڵات پێشکەشی باشترین وتار دەکرێت و زیاتر گرنیگان بۆ پێشکەوتن لە بواری نوسین و خوێندنەوەدا.

 

گۆڤاری تروسکە گۆڤارێکی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، هزری تایبەت بە ژنانە، گۆڤارەکە هەموو مانگێک ژمارەیەکی لێدەردەچێت و لە ئێستادا ژمارە ١٩٩ لەبەر دەستی خوێنەراندایە.

 

ت.پ