پێشانگایەک چیرۆکە جیاوازەکانی جەنگ دەگێڕێتەوە

پێشانگایەکی تایبەت بە چیرۆکەکانی جەنگ لەلایەن بەیان جاف کرایەوە، چیرۆکەکان دوور لە وێنەی شەڕ و بینینی مردووەکان بە شێوازێکی جیاوازتر گوزارشتی لێکراوە.

سلێمانی

 

پێشانگای "بۆچی جەنگ" لەلایەن هونەرمەند بەیان جاف لە دامەزراوەی ڤیم کراوەتەوە، تا ڕۆژی ٢٨ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٢ و نیو هاوڵاتیان دێن بۆ پێشانگاکە.

 

لە پێشانگاکەدا چیرۆکەکانی جەنگ بە شێواز و هونەری جیاواز گوزارشتیان لێکراوە، باس لە کارەساتەکانی جەنگ و ئەو چیرۆکانە دەکەن کە گرنگی پێنادرێت و لەناو ڕووداوە قورس و گەورەکاندا ون دەبن.

لە پێشانگاکەدا زیاتر لە ١٠ کاری هونەری بەشێوەی جیاواز نمایشکراون، بەشێکی زۆریان بە هونەری "ماسکین تیپ" ئەنجامدراون، هەر کارێکی هونەری چیرۆکێکی تایبەت و ناوێکی هەیە، چەندین کاتژمێری بۆ دروستکردن پێویست بووە.

 

تابلۆ لوقمان، خوێندکاری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆ سلێمانی، هاتووە بۆ پێشانگاکە باس لەوەدەکات کە ناوی پێشانگاکە دەبینیت چاوەڕوانی کۆمەڵێک لە وێنەی خوێن، سەرباز و تەرم دەکەیت، بەڵام چیرۆکەکان بەشێوازێکی جیاوازتر و بەکارهێنانی ڕەنگەکان گوزارشتیان لێکراوە.

ت.پ