پێشانگای بەرهەمە دەستکردەکانی ژنانی کوردستان لە تاران بەڕێوەچوو
بە بۆنەی نزیکبوونەوەی شەوی یەڵدا، پێشانگایەکی بەرهەمە دەستکردەکانی ژنانی کوردستان بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەندانی دەستڕەنگینی کوردستان لە تاران بەڕێوەچوو.
ئامنە سوڵتان
تاران- پێشانگای بەرهەمە دەستکردەکانی ژنانی کوردستان بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و تاران بە ئامانجی ئاشناکردنی خەڵک، بە کارە دەستییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا کارەکانی سەبەتە، چاپی ئیکۆپرێنت، فەرش، ئیکسسوارات دروستکراو لە مێخەک و پاشماوە قوماش و هتد نمایش کران.
موژگان ئەردەڵان، خوێندکاری دیزاینی قوماش ماوەی دوو ساڵە خەریکی دیزاینکردنی ئیکۆپرێنتە، وتی: ئیکۆپرێنت چاپێکی ژینگەییە و کەرەستەی سروشتی و کانزای و ڕووەکی بەکاردەهێنێت، بە کەرەستەی کانزایی قوماشەکە دیزاین دەکەین، دواتر کەرەستەی سروشتی بەکاردێنین و ئامادەیە بۆ چاپکردن و لە ژێر هەڵمی چڕدا، دوای دوو کاتژمێر، گەڵاکانی بە هەموو دەمارەکانەوە چاپ دەکرێن، ئێستا ڕەنگە توێکڵی پیاز و هەنار و گوێز و ڕێواس بەکاردەهێنین کە ڕێگایەکە بۆ پاراستنی ژینگە.
ئێلهام، کە پەیکەرتاشە و ئێستا کاری گڵکاری دەکات، لە پێشانگایەدا کارەلانی نمایشکردووە، وتی: بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دارایی و سەرمایە، ژووری نووستنەکەمم کۆکردەوە و کردمە وەرشەیەک بۆ کارەکەم، نمونە و مۆدێلی هەموو شتێکم هەیە و بەرهەمەکانم بە شێوەی ئۆنلاین دەفرۆشم.
سەبارەت بە کێشە و ئاستەنگەکانی کارەکەی وتی: خەڵک وەک پێویست پشتیوانی هونەری هونەرمەندانی گڵکاری ناکەن، بۆ نموونە ئامادەن کریستاڵێک بە یەک ملیۆن بکڕن، بەڵام بەزەحمەت قاپێکی سیرامیکی ١٠٠ هەزار تمەنی دەکڕن، ئەوەی جێگای سەرنجە، کۆمیدیترین پرسیار لەلایەن کڕیارانەوە ئەوەیە، ئایا ئەمە دەشکێت ئەگەر بکەوێت؟.
وتیشی: زۆر جار بێ ئومێد بووم، من و ئەو هاوڕێیانەم کە ئەم کارە دەکەن هەر جارێک بەشداری پێشانگایەک دەکەین و پێشوازیمان لێناکرێت، بۆ چەند ڕۆژێک هەست بە دڵتەنگی و نائومێدی دەکەین، بەڵام بەو پێیەی من بە شێوەیەکی شەخسیی هەموو سەرمایەکەمم خستووەتە ناو ئەم کرەوە، دەبێت هەستم و سەرلەنوێ دەست پێبکەمەوە.
پێشانگای بەرهەمە دەستکردەکانی ژنانی کوردستان لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی کانوونی یەکەم بە سەرپەرشتی ماڵی "هەوت سین" کە لەلایەن هاووڵاتییانی تارانەوە پێشوازی لێکرا و لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەی دیزاینی بزنسی بچووک لە پەراوێزیدا بەڕێوەچوو.