نەسرین ژنێکی گەنجی لیبییە، هەوڵی پاراستنی کەلەپور دەدات

نەسرین سەلیم عەتیکە، بە کار و هەوڵەکانی پڕۆژەیەکی بۆ بەرهەمە کەلەپووری و کارە دەستییەکانی دامەزراند و بەرهەمەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی لیبیا دەفرۆشرێن، نەسرین دەڵێت: "زۆر کەس داوای کڕینی بەرهەمەکانی دەکەن".

 

ئیبتسام ئەغفیر

بنغازی- بە پەنجەی ڕەنگینی کە بە خەنە نەخشێندراوە، گەڵای دار خورما بە جوانی و بە ڕەنگی جۆراوجۆر دەڕازێنێتەوە، نەسرین سەلیم عەتیکەی تەمەن ٢٤ ساڵ، لە ٢٠١١دا لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری تاورغا کۆچیان کرد بۆ بنغازی، دایکی هەوڵیداوە فێری چۆنیەتی چاککردنی گەڵای دارخورما و ئەو کارە دەستییە کەلەپووریانەی بکات کە شاری تاورغای پێ دەناسرێتەوە.

 

نەسرین عەتیکە ئاماژەی بەوەدا، کاتێک دایکم فێری ئەم پیشەیەی کردم نەمدەزانی ڕۆژێک دێت دوکانێک بۆ فرۆشتنی کارە دەستییە کەلەپورییەکان دادەنێم و دەبێتە سەرچاوەی هێز و بژێوی ژیانم، نەسرین یارمەتی ژنانی کەمپەکانی تاورغاش دەدات بۆ فرۆشتنی کارە دەستییەکانیان، دایکانی تاورغا هەرلە تەمەنی منداڵییەوە کچەکانیان فێری ئەم پیشە دەکەن بۆئەوەی هیچ کات بیریان نەچێتەوە و ئەم پیشە بۆ هەمیشە بە زیندووی بمێنێتەوە.

 

فرۆشگای بەرهەمە کلتورییەکان، بووەتە سەرچاوەی داهات

نەسرین عەتیکە لە دوای گەورەبوونیەوە لەسەر ئەو پیشەیە بەردەوام بووە و داهێنانی بەهرەمەندانەی زۆری تێدا کردووە، ئەو ژنە گەنجە بیری لەوە کردەوە ئەو بەهرەیەی بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەک کە بتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات، لەو کاتەدا کە شاری لیبیا بە سەختترین بارودۆخدا تێدەپەڕی، بەشداری کرد لە وۆرکشۆپێکی ٤ ڕۆژیدا کە لە لایەن ڕێکخراوێکەوە بۆ پشتگیری ئابووری و دارای لیبیا ئەنجام درابوو.

 

نەسرین پڕۆژەکەی سەرکەوتوو بوو توانی بودجەیەک بەدەستبێنێت بۆ کردنەوەی فرۆشگایەک بۆ فرۆشتنی کارە دەستییەکانی و بەرهەمە کەلەپووریەکانی تاورغا، توانیشی ناوبانگێکی زۆر باش لە ناوەوە و دەرەوەی لیبیادا بەدەستبێنێت.

 

ئەو دەستڕەنگینە لە بارەی سەرکەوتنی کارەکەیەوە وتی: "خواستێکی زۆر هەیە بۆ بەرهەمەکان، هەندێک کات داواکاری ٣٠٠ پارچە هەبووە لەیەک کاتدا بۆ جۆرێکی دیاریکراو، هەندێک کات کڕیارەکان بۆ دیاری ڕۆژی لەدایکبوون دەیکڕن، یاخود گەشتیارەکان وەک دیاری لە کاتی گەشت لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە.

 

"هەموو کارە دەستییەکان دروست دەکەم"

نەسرین ئاماژە بەوە دەکات کە  هەموو جۆرە بەرهەمێکی کەلەپوری دروست دەکات، لەوانە سەبەتە و چەندین جۆر بەرهەمی تر کە ناویان لەسەر نووسراوە، لە ناویاندا بەرهەمێکی هەیە لە شێوەی جانتا، لە کاتی بازاڕکردن دەتوانی سەوزە، میوە و نانی تێبکەیت.، هەروەها چەندین کاری دەستکردی تر بۆ دیکۆرات و جوانکاری ناوماڵ دروستدەکات.

 

دەربارەی ئەو کەلوپەلانەی بەکاری دەهێنێت باس لەوە دەکات: ئەو کەرەستانەی کە پێویستمانە بۆدروستکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە شتی سادەن، گەڵای  دار خورما، ڕەنگ، و بەرگدوور بەڵام هەندێک جۆری گەڵای دار خورماکان، بەتایبەت سپییە درەوشاوەکە، وەرزی دیاریکراوی هەیە و بەو هۆیە دۆزینەوەیان زەحمەت دەبێت .

 

فێربووم چۆن لەگەڵ پەتادا مامەڵە بکەم، لە پێناو پاراستنی کارەکەم

نەسرین باسی لە پەتای کۆرۆنا و کاریگەری لەسەر کارەکەی کرد و وتی: "لە سەرەتادا بۆ منیش وەک هەمووان کاریگەری هەبوو، بەڵام ئێستا باشتر فێربووم کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پەتاکەدا بکەم بۆ پاراستنی کارەکەم".

 

نەسرین عەتیکە و شوێنە کەلەپورییەکەی ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە لە ناوچەکە و یەکەم فرۆشگایە لە بنغازی کە کاری دەستی و بەرهەمی کەلەپووری تاورغا دەفرۆشێت، هەروەها بانگهێشتنامەی بۆ دێت بۆ بەشداریکردن لەو ئاهەنگ و پێشانگایانەی کە گرنگی تایبەتی بە کەلەپوور دەدەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نەسرین داوای لە هەموو کچان کرد کە لە کەناری خەونەکانیاندا نەوەستن، بەڵکو دەبێت هەوڵبدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

ت.پ