"هونەر لەلای من بە واتای ژیان و دەربڕینی هەستەکانی خۆت دێت"

هەنسک محەمەد، هونەرمەند دەڵێت: هەر لە منداڵیەوە حەزم بۆ فێربوونی هەموو بوارەکانی هونەرهەبوو بە بێ جیاوازی.

هێرۆ عەلی 

 

سلێمانی- هونەر ژمارەیەک کاری جۆراوجۆرە کە مرۆڤ دەیکات بە مەبەستی دەربڕینی ھەست و بیری یان پیشاندانی شارەزایی و توانای خۆی، ژنانیش بە درێژایی مێژوو بە پایە جیاجیاکانی هونەردا تێپەڕیون، لە باشووری کوردستانیش ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو هاتوونەتە ناو هونەرەوە لە هەموو بوارە جیاوازەکانی وەکو "شێوەکاری، موزیک، وێنەکێشان، شانۆ"،  کە لەو ڕێگەیەوە بەردەوامن لە دەرخستنی تواناکانیان و گرنگیان بە پرسی ژنان داوە، لەو بارەیەوە ژنە هونەرمەند هەنسک محەمەد باسی ئەزمونەکانی خۆی لە بواری هونەردا کرد. 

 

"هەر لە منداڵیەوە حەزم بۆ فێربوونی هەموو بوارەکانی هونەرهەبوو بە بێ جیاوازی" 

هەنسک محەمەد، هونەرمەند، باسی ژیانی خۆی کردو وتی: من لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٨م، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشی هونەرم، حەزم بۆ بەشی هونەر و فێربوونی بوارەکانی هونەردەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵیم، کە هەر لە منداڵیەوە حەزم بۆ فێربوونی هەموو بوارەکانی هونەرهەبوو بە بێ جیاوازی، سەرەتاش بە موزیک دەستم پێکرد بە ئامێری گیتار، هەروەها لای چەند مامۆستایەکی جیاواز خوێندومە، توانیم زۆر بە باشی فێری ئامێری گیتارببم، هەرلەسەرەتاوە خێزانەکەم پاڵپشتم بوون و یەکسەرئامێری گیتاریان بۆ کڕیم کاتێک داوام لێکردن لە ڕێگەی ئەوەشەوە توانیم ئاشنابم بە بواری هونەر، دواتر حەزم دەکرد فێری وێنەکێشانببم بەڵام هەستم کرد خولێکی تایبەت کە تێیدا بخوێنم ناتوانێت بە تەواوی من فێربکات، بۆیە ئەو کاتەی ڕۆشتمە کۆلێژ زانیم ئیتر پێویست دەکات خۆم بە تەواوی فێربکەم لە هەمووبوارەکانی هونەردا بە گوێرەی ئەوەی بەشەکەم تێکەڵبوو لەمانە" وێنەکێشان، موزیک، شانۆ"، جیاواز لە هەموو هاوڕێکانم لەبەرئەوەی من لە بەشی ئێوارانبووم، ئەوان ئەزمونێکی زیاتریان هەبوو، بەڵام تاکە خوێندکاری ناویانبووم توانیم لە ناویاندا خۆم فێری هەموو بوارەکان بکەم بەتایبەتی "وێنەکێشان و موزیک"، ئەوەشی بۆ موزیک زۆر پاڵپشی کردم جیا لە خێزانەکەم و هاوڕێکانم مامۆستاکەم بوو. 

 

"هونەر لەلای من بە واتایی ژیان و دەربڕینی هەستەکانی خۆت دێت" 

ئەم هونەرمەندە باسی پیرۆزی هونەری کرد، ڕایگەیاند: هونەر لەلای من بە واتایی ژیان و دەربڕینی هەستەکانی خۆت دێت، پیرۆزی هونەریش لەلای هەریەکەمان جیاوازە، من بە ڕۆحیەتێکی ترەوە لە هونەر دەڕوانم، چونکە واینابینم کە هونەرئەو حەرامەبێت کە باس دەکرێت، ڕاستە من کاری هونەری دەکەم بەڵام لەپاڵ کاری هونەریشدا پەیوەندیەکی زۆر باشم لەگەڵ  ئاین و خودای گەورەدا هەیە، ئەوەش نە بۆتە ڕێگریەک من بە کارێکی حەرام ببینم.  

 

لە قسەکانیشدا باسی نەخۆشیەکەی کرد، وتی: من خۆم کەم خۆرم بەهۆی خوێندنەکەشمەوە ڕووبەڕوی سترێسێکی زۆر ئەبوومەوە، ئەوەش وایکرد ئیشتیهام  بگیرێت و نەم دەتوانی خواردن بخۆم، هەروەها هەرسکردنم باشنەبووئەوەش بارودۆخمی تێکدەدا، ئەمەش وایلێکردم بکەومە نەخۆشخانە، بۆیە کەسانی چواردەورم قسەیان دەکرد، بەڵام کەسانێکی زۆریش هەبوون لەوە تێدەگەیشتن کە ئەوە بەدەستی خۆت نیە. 

 

"کەسانی چواردەورم پێیان دەوتم گوناحە تۆ بەو نمرەیەوە بچیتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان" 

هەنسک محەمەد، هونەرمەند، باسی ساڵانی خوێندنی خۆی کرد، ڕایگەیاند: سەرەتا کە خولیام بۆ موزیک دروستبوو حەزم دەکرد بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کاتێک لە پۆلی ٩ بەنمرەیەکی زۆر بەرزەوە دەرچووم، کەسانی چواردەورم پێیان ئەوتم گوناحە تۆ بەو نمرەیەوە بچیتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، چونکە ئەوکاتە وابیریان دەکردەوە کە هونەر ئاستێکی نزمی هەیە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، هەروەها من تاپۆلی ١٢ ڕۆشتم بەڵام بەبۆنەی بایکۆت و هەندێک بەربەستەوە نمریەکەی کەمم بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەوەستام، ئەوەبوو بۆماوەی مانگێک ڕۆشتمە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە، لەوێ کاتێک زانیان من موزیک ژەنم زۆر پشتگیریانکردم، هەروەها پێیان سەیربوو من چۆن هاتوومەتە ئەم پەیمانگایە و چۆن نەچومەتە کۆلێژی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەڵام من فۆڕمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانیشم پڕکردبۆوە بەڵام بەداخەوە وەرنەگیرام لەبەرئەوەی ئاستی زانیاریم کەم بوو، ئەوەبوو خۆشبەختانە لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە بەشی هونەردوای مانگێک هەواڵیان پێدام کە وەرگیراوم، بۆیە کاتێک چوومە ئەوێ توانیم خۆم بدۆزمەوە و کار لەو بوارانەدا بکەم کە خۆم لە هونەردا حەزم پێیبوو، لە کۆتایشدا بە هەموویان گەیشتم. 

 

"گیتار ئامێری سەرەکیمە" 

هەنسک محەمەد، هونەرمەند، لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەو ئالەتانەی کرد کە دەزانێت بیانژەنێت، وتی: ئالەتی گیتاردەزانم و کەمێکیش پیانۆ دەزانم بەلام لەبەرئەوەی پیانۆم لە ماڵەوە نیە ناتوانم ڕۆژانە ڕاهێنانی لەسەربکەم، بەڵام گیتار ئامێری سەرەکیمە.

 

وتیشی: هونەر زۆر شتی لەمندا گۆڕی، ڕاستە لە ناو هاوڕێکانمدا خۆشەویستبووم بەڵام کاتێک هاتمە ناو دونیای هونەرەوە زۆر کەسی جوانی پێناساندم و زیاتر خۆشەویست بووم لەناو هاوڕێ و کەس وکارمدا، کاتێکیش دەست دەکەم بە وێنەکێشان حەزدەکەم جیاوازبم لە وێنەکێشێکی تر، هەیە سروشت وێنە دەکێشێت هەریەکەیان بەشێوازی جیاواز، بەڵام من هاتووم وێنەی دەمووچاوەکان دەکێشم بەتایبەتی ئەوانەی کە هەست دەکەم لەبیرچوونەتەوە کە بە بیری شێوەکارەکانی تردا نایەت، هەروەها وێنەی چەند پەیامنێرێکم کێشاوە کە بەداخەوە ئێستا لە ژیاندا نەماون و ڕۆحیان شادبێت، کە بەشێکیان بیری خەڵک چونەتەوە. 

 

"لە ئێستادا تەنها لە پێشانگا کوردیەکاندا بەشداری ناکەم، بە ڵکو بەشداری پێشانگا هاوبەشەکانیش دەکەم" 

لە قسەکانیدا باسی ئەو کۆڕانەی کرد کە بەشداری تێدا کردوە، ڕایگەیاند: بەشداریم لە کلیپدا نەکردوە تائێستا بەڵام لە کۆڕدا بەشداریم کردوە بە موزیک، هەروەها وتیشی: لە ئێستادا تەنها لە پێشانگا کوردیەکاندا بەشداری ناکەم، بە ڵکو بەشداری پێشانگا هاوبەشەکانیش دەکەم، هەروەها بەشداری فیستیڤاڵی یادی سلێمانیم کردوە بە شێوەکاری، لە فیستیڤاڵەکاندا زیاتر بە شێوەکاری بەشداری دەکەم چونکە موزیک کەم بۆتەوە 

 

ئەم هونەرمەندە لە قسەکانیدا باسی ڕێکخستنی ژورەکەی کرد، وتی: ئێمە تازە هاتوینەتە ناو ئەم خانووە، سەرەتا ژوورەکەم بەدڵ نەبوو نەم ویست سادە بیبینم بۆیە ڕۆژێکیان بەبێ ئەوەی خێزانەکەم بزانن دەرگای ژوورەکەم داخست و دەستم کرد بە سکێچ کردن، لەسەرەتادا وتم لەوانەیە دایک و باوکم بڵێن بۆچی ئەو کارەت کردووە بەڵام لە دواییدا زۆریان دڵ پێخۆشبوو. 

 

"لە داهاتوودا بە تەمام لە چەند پێشانگایەک بەشداری بکەم" 

هەنسک محەمەد، هونەرمەند، باسی چۆنیەتی کارکردنی لە ڕاگەیاندندا کرد، ڕایگەیاند: لە ئێستادا خۆشبەختانە هەم ئەندام هەم سەرپەرشتیاری چالاکیە هونەریەکانی ڕێکخراوی شنەبای خاکم، هەروەها کۆمەڵیک هاوڕیی جوان پشتگیریان کردم کاتێک زانیان من حەزدەکەم کاری ڕاگەیاندن بکەم و توانام هەیە، لە سەرەتادا کەمێک ترس و شەرمم هەبوو بەڵام ئێستا ئەوانەم نەماوە. 

 

لە قسەکانیشیدا باسی تێڕوانینی خەڵکی بۆ ئیشەکانی کرد، وتی: لەو پەیجانەی کەهەمە جیاواز لەهەموو کەسێک دەستخۆشیەکی زۆرم بۆدێتەوە، زۆر بەگەرمی پێشوازی لە ئیشەکانم کراوە لەوماوەکەمەی کەدەسیم پێکردوە تاکو ئێستا. 

 

ئەم هونەرمەندە لە درێژەی قسەکانیدا باسی پرۆژەکانی لە داهاتوودا کرد، ڕایگەیاند: لە داهاتوودا بە تەمام لە چەند پێشانگایەک بەشداری بکەم و چەند کەسایەتیەکی تر لە ڕێگەی وێنەکانمەوە بەسەربکەمەوە، هەروەها ئەگەرگروپی موزیک هەبێت بە خۆشحاڵیەوە دەچمە ناویانەوە. 

 

"داوا دەکەم دامەزراندنیش بکرێتەوە لەبەرئەوەی گەنجەکان لە ڕێگەی دامەزراندنەوە دەتوانن بێبە ناو بواری هونەرەوە" 

لە کۆتایی قسەکانیدا دواکاریەکانی خۆی خستەڕوو وتی: دەبێت من سەرەتا لە بەرپرس و حکومەتەی هەرێمی کوردستان داوە بکەم، دەبێت پاڵپشتی ئەو گەنجانە بکرێت کە دەیانەوێت بێنە ناو بواری هونەرەوە بەڕاستی، لەبەرئەوەی ئێستا هونەر بەرەو ناشرینی دەڕوات، بۆیە دەبێت دەستی ئەو گەنجانە بگیرێت کە بەڕاستی دەیانەوێت بێنە ناو هونەرەوە، هەروەها داواش دەکەم دامەزراندنیش بکرێتەوە لەبەرئەوەی گەنجەکان لە ڕێگەی دامەزراندنەوە دەتوانن بێبە ناو بواری هونەرەوە، چونکە چەندین مامۆستای هونەرمان هەیە بە حوکمی ئەوەی دانەمەزراون ناتوانن بێنە ناو هونەرەوە.