مۆزەخانەی "هُنَّ الحياة" پڕۆژەیەک بۆ بەڵگەنامەکردنی داهێنەری ژنانی عێراق
زەینەب نوعمانی، توێژەری عێراقی بۆی دەرکەوتووە کە ژنان هەمیشە بەشێکی دانەبڕاون لە بونیادنانی شارستانیەت، ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەوان زۆر گەورەترە لەوەی کە لە پەرتووکەکاندا وێنا دەکرێت، ئەم تێگەیشتنە پاڵنەرێک بوو بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی مۆزەخانەی ”هُنَّ الحياة”.
رەجا حەمید ڕەشید
عێراق-لە عێراقدا، کە چینەکانی مێژوو تێکەڵ دەبن و شارستانیەتەکان لە باوەش دەگرن، دەستپێشخەرییەکی کولتووری لەدایک بوو، کە ناوێکی هەڵگرتووە بناغەی خودی ژنبوون ڕەنگدەداتەوە: مۆزەخانەی ”هُنَّ الحياة” "ئەوان ژیانن"، ئەم مۆزەخانەیە تایبەتە بە بەهێزکردنی تاکەکان لە ڕێگەی پەروەردەکردنی هۆشیاری ژنان.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن زەینەب نوعمانی، توێژەری عێراقی دامەزراوە و بەڕێوەدەبرێت، تەنها مۆزەخانەیەکی نەریتی نییە، بەڵکو هاوارێکە بۆ هۆشیاری، لوتکەی گەشتێکی دوور و درێژی لێکۆڵینەوەیە کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ژنانی عێراقە بۆ شوێنی شایستەیان وەک بەشدارێکی دانەبڕاو لە شارستانیەتدا، کە شارستانیەتی مێزۆپۆتامیا کۆنەوە تا ئەمڕۆ.
ڕوونیشیکردەوە، چەمکی پڕۆژەکە بیرۆکەیەکی زوو تێپەڕ نەبووە، بەڵکو بەرهەمی چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە بووە لە مێژووی ژنانی عێراق، بەراوردکردنی بە مێژووی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، بە تێپەڕبوونی کات، دەستی کرد بە بینینی ئەوەی کە ژنانی عێراق هەرگیز کەسایەتی پەراوێزخراو نین لە مێژووی میزۆپۆتامیادا، بە پێچەوانەوە زۆرجار لە ناوەندی بڕیاردان و تەلارسازەکانی گۆڕانکارییە گەورەکاندا بوون.
لە نێو ئەو کەسایەتیانەی کە بە تایبەتی سەرسامی کرد، شاژن ”کوبابا” بوو کە بە یەکەم ژن دادەنرێت کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا حوکمڕانی دەوڵەتێکی کردبێت، کوبابا لەبەر ئەوە نەبووە کە ژنی پاشا بووە یان میراتگری تەختێک بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەو زانست وزانیاری و زیرەکییە بووە کە گەلەکەی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، ئاسایش و ئارامی بەدەستهێنا، وڵاتەکەی بەرەو سەقامگیری برد دوای سەرکەوتنەکانی لە شەڕدا، ئەم نموونەیە وەک زەینەب نوعمانی وتی: بەس بوو بۆ ئەوەی دیدگای ئەو بۆ ڕۆڵی ژن لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیادا دابڕێژێتەوە.
بابل... چیرۆکەکە لە کوێوە دەستیپێکرد؟
زەینەب نوعمانی شاری بابلی وەک خاڵی دەستپێکی هەڵبژارد، ئەم شارە کە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ سیمبولی دروستکردن و ژیان بوو، ژنانی وەک سەرچاوەی بوون و بەرپرس لە بەردەوامی دەبینی، لێرەوە ناوی مۆزەخانەکە "”هُنَّ الحياة” "ئەوان ژیانن"، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ژنان تەنها بەشێک نین لە ژیان، بەڵکو خودی ژیانن.
هەروەها بابل بە یەکێک لە گەورەترین شارەکان دادەنرێت کە مێژووی کۆن ناسراوە، ماڵی یەکێک لە شارستانییەتە کۆنەکانە کە جێپەنجەی خۆی لەسەر مرۆڤایەتی بەجێهێشتووە، شارەکە لە کەنارەکانی فورات لە دڵی میزۆپۆتامیا سەریهەڵداوە و بە تایبەتی لە سەدەی ١٨ی پێش زایین گەشەی کردووە.
لوتکەی شکۆمەندی بابل لە سەدەی شەشەمی پێش زایین هات، کاتێک شارەکە گۆڕا بۆ ناوەندێکی جیهانی بۆ زانست و هونەر و تەلارسازی، هەر لەم سەردەمەدا بوو کە باخچەی هەڵواسراو و دەروازەی عیشتار بە دیکۆراتە بەناوبانگەکانی فیروزەیی دروستکرا.
شارەکە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژنانی وەک سەرچاوەی ژیان ناساندبوو، ئێستا خەریکی وەرگرتنەوەی ڕۆڵی خۆی وەک سەکۆیەک بۆ گەڕاندنەوەی دەنگ و وێنە و داهێنەری ژنانی عێراق، هەروەک زەینەب نوعمانی ڕوونیکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەکە، دیدگاکەی فراوانتر بوو بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەکی دۆکیۆمێنتاری، هونەری، ڕۆشنبیری تایبەت بە نمایشکردنی داهێنەری ژنانی عێراق چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات، ئامانجی ئەوە بوو کە ئەو وێنە کۆنەپەرستانە بشکێنێت کە ژنان بۆ تەنها شتگەلێک بچووک دەکەنەوە و تیشک بخاتە سەر ئەو نموونەیەی ژنان کە کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە، جا چ لە بواری هونەر، ئەدەب، پیشەسازی، کاری کۆمەڵایەتیدا.
”مۆزەخانەیەک کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت”
مۆزەخانەکە زیاتر بوو لە تەنها هۆڵەکان کە شوێنەوارەکانیان نمایش دەکرد، کەشێکی زیندوو بوو کە هەناسەی کولتووری دەدا، ئەرشیفێکی فراوانی پەرتوک و ڕۆژنامە و گۆڤاری دەگمەنی تێدابوو، لەگەڵ کارە هونەرییە بینراوەکان و جلوبەرگی فۆلکلۆری و مێژوویی کە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی ژنانی عێراق بەرجەستە دەکەن، هەروەها بەشێکی تایبەت بە پیشەسازی و پیشەی نەریتی لەخۆگرتبوو کە لەلایەن ژنانەوە بەدرێژایی مێژوو ئەنجامدراون، زۆربەی ئەم بابەتانە بە هەوڵی تایبەتی زەینەب نوعمانی بەدەست هاتوون، وەک ئاماژەی پێکردووە، لەگەڵ بەشداری هونەرمەندان و توێژەران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی عێراق.
ڕوونیشیکردەوە، کە مۆزەخانەکە نزیکەی ١٥٠ شوێنەواری تێدایە کە قەبارە و سەردەمی جیاوازیان هەیە، بەکۆمەڵ وێنەیەکی فراوانی داهێنەری ژنانی عێراقی بەدرێژایی تەمەنەکان پێکدەهێنن، لە نێو ئەمانەدا هەشت پەیکەر هەیە کە بە واتای سیمبولی قووڵ ڕژاون، لەوانە پەیکەری خوداوەندی بابلی کە بە "خودای کانی" یان خوداوەندی ئاو ناسراوە، کارێکی بەرفراوانی پیرۆزی ئاو و ڕۆڵی لە دروستکردن و ژیاندا بەرجەستە دەکات. هەروەها پەیکەری "ژنە سەربەرزەکە" نمایش دەکرێت، کە سیمبولی هێز و خۆڕاگری ژنانی عێراقە بە درێژایی مێژوو.
پارچە دیارەکانی دیکە بریتین لە پەیکەری ژنێک کە لە فڕنی گڵین نان دەبرژێنێت، ڕۆڵی ژنان لە داڕشتنی ژیانی ڕۆژانە و پاراستنی میراسدا وەبیر دەهێنێتەوە، پەیکەری ژنێک کە کاڵا دەفرۆشێت بۆ بژێوی خێزانەکەی، نوێنەرایەتی ماندووبوون و بەرخۆدانی ژنانی کرێکار دەکات، پەیکەری ژنێکی سۆمەری کە بە ”مشحوف” لەناو تاڵاوەکاندا دەسوڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی زیندوو پەیوەندی نێوان ژن و سروشت و ئاو لە باشووری عێراق نیشان دەدات.
دوو پەیکەری دیکە کە یەکێکیان ژنێک بە ڕەنگی سپی و ئەوی دیکەیان ڕەنگی قاوەیی وێنا دەکات، ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی ڕەنگی پێست لەناو کۆمەڵگەی عێراقی و فرەیی کولتوورییەکەیدایە، پەیکەری مەریەمی پاکیزە، کە وێناکردنی ئەو ژنەیە پێغەمبەرێکی پەروەردە کردووە، سیمبولی بەهێزی دایکایەتی و ڕۆڵی دایکایەتییە لە داڕشتنی بەها ڕۆحییەکان، پەیکەرێکی تر، پەیکەرەکەی خاتوون زەینەب، یەکەم ژنە کە سەکۆیەکی گشتی بۆ گەیاندن و بەرگریکردن لە ڕاستییەکان بەکار هێنا، تیشک دەخاتە سەر ئازایەتییەکەی و ڕۆڵە چارەنووسسازەکەی لە ئاشکراکردنی ڕووداوەکانی کەربەلا.
زەینەب نوعمانی کاردەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکە لەڕێگەی پلانەکانی پاراستنی ئەرشیفەکە بە هەردوو شێوەی چاپکراو و دیجیتاڵی، بەشداریکردن لە وۆرکشۆپە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پاراستنی شوێنەوارەکان، هەوڵدان بۆ فراوانکردنی ئاستی جیهانی مۆزەخانەکە، بەستنەوەی میراسی شاژنەکانی میزۆپۆتامیا بە داهێنەری ژنانی هاوچەرخ.
ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژەکە تەنها لە عێراقدا قەتیس نەبووە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ سوید و ئوسترالیا و ئوردن و بووەتە پلاتفۆرمێکی جیهانی کە داهێنەری ژنانی عێراقی لە هەموو شوێنێکدا پیشان دەدات، جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مۆزەخانەکە نەک تەنها چیرۆکی ژنان، بەڵکو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەیان لە ڕێگەی جلوبەرگ و پیشە و شوێنەوارە میراسییەکانەوە ڕەنگدەداتەوە.
ئاڵەنگاری و بەرخۆدان
زەینەب نوعمانی وتی: گەشتەکە ئاسان نەبووە، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بووەوە، دیارترینیان نەبوونی شوێنی هەمیشەیی مۆزەخانەکە و نەبوونی پشتیوانی دارایی بەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی بە ئەرکەکەی هەیە و ژنانی عێراق شایەنی ئەوەن کە مێژووەکەیان بەڵگەدار بکرێت و بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێت، ئەم باوەڕە پاڵنەرێک بوو بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان، تا ئەو کاتەی مۆزەخانەکە بوو بە پڕۆژەیەکی جیهانی ناسراو.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم هەوڵانە بەشدارن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە و هانی ژنانی گەنج دەدەن بۆ بەدواداچوونی هۆشیاری و زانیاری لەڕێگەی فێربوون لە ئەزموونی ژنانی داهێنەر، جا چ لە ڕێگەی سەردانیکردنی مۆزەخانەکەوە بێت یان بەشداریکردن لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانیدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا زەینەب نوعمانی قسەی بۆ هەموو ژنان کرد و ڕایگەیاند، کە هۆشیاری ژن لە بەها و ڕۆڵی خۆی یەکەم هەنگاوە بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، هۆشیاری و متمانە بەخۆبوونی ژن بنەڕەتییە بۆ پەروەردەکردنی تاکی باش و کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو، هەروەها ژنان تەنها توخمگەلێکی پشتیوان نین لە ژیاندا، بەڵکو بنەماکانی ژیانن.