میراسی کۆنی کرماشان بەهۆی کەمتەرخەمیی ڕژێمەوە وێران دەبێت
میراسی مێژوویی کرماشان لە ژێر سێبەری کەمتەرخەمی، ڕووخاندن و سیاسەتە کولتوورییەکانی دەسەڵاتدا هێواش هێواش بەرەو لەناوچوون دەچێت. لە تاقەگەڕاوە تا کتاویبەی ئەنوبانینی، بە هەزاران بەرهەمی مێژوویی تر کە ناسنامە و ڕابردووی ئەم خاکە دەگێڕنەوە.
سارپور خەزری
کرماشان— تاقەگەڕا لە شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن تەلارسازێکی نەناسراوەوە دروست کراوە. بەڵام هەرگیز بیری لێ نەدەکرایەوە کە ئەم تەلارە بەشکۆیە ڕۆژێک ببێتە شوێنێک بۆ هەڵگرتنی شوێنەواری نووسینی بێئاگایانە و نەزانانە.

تەلارسازی ئەو سەردەمە، بەرهەمێکی دروست کرد کە بە سەدان ساڵ بەرەنگاری کاریگەرییە وێرانکەرەکانی سروشت، جەنگەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و تێپەڕبوونی کات بووەوە. بەڵام بە هیچ جۆرێک خەیاڵی ئەوەی نەدەکرد ڕۆژێک کەسانێک وەک "سەیید حوسێن جاسم" و "نەریمان کەهزاد" ناوی خۆیان لەسەر ئەم میراتە کۆنە بنووسن و خۆیان وەک کەسانی نەمڕ دەربخەن. بەدیهێنەری ڕاستەقینەی ئەم بەرهەمە، باوەڕی بە سەرکەوتنە گەورەکەی خۆی هەبوو بەڵام ناوی خۆی لەسەر تەلارەکە نەهێشتەوە، کەچی ئەم دوو کەسە نرخ و بەهای ئەم تەلارەیان نە لە ناسنامە مێژوویییەکەیدا، بەڵکوو لە گۆڕینی بۆ پەڕەیەک کە بەسەریدا یادگاری بنووسرێت، بینیوەتەوە

لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لە٪ ٤٠ ی کتێبخانەکە لەناوچووە
ئێران کە یەکێکە لە کۆنترین وڵاتانی جیهان، میوانداری لە هەزاران بەرهەمی مێژوویی دەکات. زۆربەی ئەم بەرهەمانە بە سەدان ساڵ بەرامبەر جەنگ، بوومەلەرزە و گۆڕانی کەشوهەوا خۆیان ڕاگرتووە. بەڵام لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، بەشێکی گەورەی ئەم میراتە گرنگە بەهۆی بێباکی، بەڕێوەبردنی خراپ و کردەوەکانی تێکدانی لەلایەن دەسەڵاتدارێتی و هەندێک کەسەوە، دووچاری مەترسیی لەناوچوون بووەتەوە، کرماشان کە میوانداری لە بەرهەمنێک وەک دەستنووسەکەی ئەنوبانی کە تەمەنی ٥ هەزار ساڵە، نموونەیەکی ڕوونی ئەم بابەتەیە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، نزیکەی ٤٠٪ی ئەم کتاویبەیە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تێکدراوە. ئەم ئامارە ڕۆڵی هۆکارە بەڕێوەبەری و سیاسییەکان لە تێکچوونی میراتی کولتووریدا دەردەخات، ئەم بابەتە تەنیا بە ئەنوبانینییەوە بەستراوە نییە؛ گەلێک بەرهەمی مێژوویی تری کرماشانیش، بەهۆی نەبوونی پلانی پاراستن، گەشەسەندنی بێسەروبەری شار و کەمتەرخەمیی دامەزراوە بەرپرسەکان، بەرەو لەناوچوون دەچن.
"کرماشان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە"
خوێندکاری ماستەری شوێنەوارناسی مەریەم ق.، ئاماژەی بەوە کرد کە پارێزگای کرماشان بەهۆی هەمەجۆری و زۆریی بەرهەمە مێژووییەکانی، یەکێکە لە گرنگترین ناوچە کولتوورییەکانی ئێران و وتی:بەڵام بەداخەوە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە لەلایەن دامەزراوە بەرپرسەکانەوە کەمترین پارێزگاریی لێ دەکرێت. لە ساڵانی دواییدا بەشێکی گەورە لە میراتی بەنرخی ئەم پارێزگایە—وەک ئەنوبانینی و دێهلێ دەروونی سەلاسی باوەجانی کە مێژووی چەند هەزار ساڵەیان هەیە—تووشی زیانی گەڕانەوەنەبوو بوونەتەوە. ئەم زیانانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بێباکی دەسەڵاتدارییەوە هەیە بەرامبەر پاراستنی شوێنەوارە کۆنەکان. بەڵام تێکدانی ئەم بەرهەمانە تەنیا بەشێکە لە قەیرانە گەورەکەی لەناوچوونی میراتی کولتووریی کرماشان.

لەلایەن ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر و کەسانی ئازارچێشتووی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەکاردەهێنرێت
مەریەم ق.، وەبیری هێنایەوە کە لە ساڵانی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا گەلێک شوێنی مێژوویی لە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆیان لایانداوە و بوونەتە شوێنی بێبەها لە ڕووی مێژووییەوە. مەریەم وتی: نموونەی ڕوونی ئەم بابەتە، کاروانسەرای ماهیدەشتە. هەرچەندە دەوڵەت ڕایدەگەیەنێت کە نۆژەنی کردووەتەوە..." ، بەڵام ئەم شوێنە لەلایەن ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر و کەسانی خاوەن کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەکاردەهێنرێت. بەکردەوە لە پرۆسەی پاراستن و بەکارهێنانی کولتووری دەرچووە.
"ئەنجامی بڕیاری بێباکانە و بڕیاری ئەنقەستە"
مەریەم ق.، ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ڕوخانی بەرهەمە مێژووییەکانی کرماشان، کەمتەرخەمییە بەرامبەر حەرەمی پارێزراوی دەوروبەریان و لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو: لە ساڵانی دواییدا، بەپێی بەڵگە مەیدانییەکان و ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، دەسەڵاتداری بە ئەنجامدانی دروستکردنی تەلار و بیناسازیی بەرفراوان لە دەوروبەری ئەم بەرهەمانەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زیانی بەم شوێنەوارانە گەیاندووە. ڕوونترین نموونەی ئەمەش، دروستکردنی قوتابخانەیەکە کە تەنیا چەند مەترێک دوور لە کتاویبەی ئەنوبانینی دروست کراوە. ئەمەش دەریئەخات کە ئەم پرۆسەیە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئەنجامی بڕیاری بێباکانە و بڕیاری ئەنقەستە. بوونی بینایەکی لەم شێوەیە لە پەنای بەرهەمێکی چەند هەزار ساڵەدا، نەخێر تەنیا دیمەنی کولتووریی ناوچەکە تێکدەدات، بەڵکوو بەرهەمە مێژووەکانیش زیاتر بەرەو لەناوچوون دەبات.
"میراسە کولتوورییەکان لە گۆشەگیری و گەمارۆی دەسەڵاتداریدان"
مەریەم ق.، لە بەردەوامیی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە کە زۆرێک لە کەسایەتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی لە باری مێژووەوە کار دەکەن، کاتێک شوێنەوارێکی مێژوویی نوێ دەدۆزنەوە، ئەم بابەتە لە دەوڵەت دەشارنەوە و وتی: ڕوونترین نموونەی ئەم بابەتە، ئەو بەردنووسەیە کە باسام کرد. ئەم بەرهەمە بەنرخە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ناوچەی سەلاسی باوەجانیی کرماشان دۆزرایەوە و هەواڵی دۆزینەوەکەی لە ناو ڕای گشتیدا بڵاو بووەوە. ئەمەش سەرنجی گەلێک توێژەری ڕاکێشا. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەردنووسەکە بە شێوەیەکی ئامانجدار تێکدرا و بەشە گرنگ و نەگەڕاوەکانی لەناو بردران. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەت ئیدیعایان کرد کە ئەم تێکدانە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە. بەڵام ئەم ئیدیعایە لەگەڵ گێڕانەوەی خەڵکی ناوچەکەدا یەک ناگرێتەوە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ئەم بەردنووسە بە ساڵان بوو لەلایەن ئەوانەوە دەناسرا و تا ئەو کاتەش هیچ زیانێکی پێ نەگەشتبوو. بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەکەی، ئەم بەرهەمە بەتەواوی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدەدرا لێی نێزیک ببێتەوە.
"لە کرماشان زیاتر لە چوار هەزار بەرهەمی مێژوویی تۆمار کراون"
مەریەم ق.، ئاماژەی بەوە دا کە لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە چوار هەزار بەرهەمی مێژوویی تۆمار کراون و لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو:سەرەڕای گرنگیی کولتووری و ناسنامەیییان، زۆربەی ئەم بەرهەمانە لە پاراستنی پێویست بێبەشن. زۆرێکیان بۆ چارەنووسی خۆیان وازیان لێ هێنراوە؛ کەمیی بودجە، کەمیی چاودێری و نۆژەنکردنەوەی نا زانستی، لە شوێنی ئەوەی بیانپارێزن، زیاتریان پێ گەیاندوون. لە هەمان کاتدا، دزینی پارچەی بەرهەمە مێژووییەکان بە مەبەستی قاچاغچییەتی و فروشتنیش بووەتە مەترسییەکی جدی بۆ سەر میراتی کولتووریی ناوچەکە.
"تێکدانی میراتی کولتووریی ئێران لە ڕێگەی سیاست و بڕیارەکانی پشت پەردەوە بەردەوامە"
مەریەم ق.، جەختی لەوە کردەوە کە نەبێت تێکدانی بەرهەمە مێژووییەکان تەنیا بە نۆژەنکردنەوەی هەڵەی ئەم ساڵانەی دواییەوە کورت بکرێتەوە و وتی: یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی لەناوچوونی میراتی کولتووریی ئێران، فروشتنی ڕێکخراوانەی بەرهەمە مێژووییەکانە. هەرچەندە ئەم پرۆسەیە لە ساڵانی دواییدا زیاتر بووە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی. لە سەردەمی پەهلەویەکاندا گەلێک بەرهەمی مێژوویی نەخێر تەنیا زیانیان بەرکەوت، بەڵکوو بەشێکی گرنگیان بوونە قوربانیی مامەڵەی نھێنی و قاچاغچییەتی بە پشتیوانیی دەوڵەت، ئەمڕۆ زۆرێک لە بەرهەمە بەنرخەکانی ئێران کە لە موزەخانە گەورەکانی جیهان یان کۆکراوە تایبەتەکاندا دەپارێزرێن، لەو سەردەمەدا بە بانووی وەک 'توێژینەوەی زانستی'، 'هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی' یان 'پشکنینی هاوبەش' لە وڵات بردرانە دەرەوە. بەهای ئەم بەرهەمانە ئەوەندە بەرز بوو کە بردنه دەرەوەیان بێ ئاگاداری و بێ پەسەندکردنی دەسەڵاتی ئەو سەردەمە ئەستەم بوو.
بەڵام ئەم پرۆسەیە تەنیا بە سەردەمێکەوە بەستراوە نییە. تێکدانی سیستماتیکی میراتی کولتووریی ئێران، هم لە سەردەمی پەهلەویەکان و هم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، لە ڕێگەی سیاسەت، بێباکی و بڕیارەکانی پشت پەردەوە بەردەوامە."
"بەرهەم و هێما کولتوورییەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە تێکدەدرێن"
مەریەم ق.، ئاماژەی بەوە دا کە بە تایبەتی بەرهەم و هێما کولتوورییەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە تێکدەدرێن و بەم نموونانە بەردەوام بوو: لە سەردەمی پەهلەویەکاندا بەشێک لە بەرهەمە مێژووییەکان لە ڕێگەی فرۆشتنی ڕێکخراوەوە لە وڵات بردرانە دەرەوە و ئەم پرۆسەیە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا بەردەوام بووە. بەڵام لەم سەردەمەدا ئیدیعا دەکرێت کە هەندێک بەرهەم کە نەگوێزراونەتەوە، تێکدراون. دەوترێت ئەم ڕوانگەیە ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژیی هەیە و لە باری تێکدانی هێما کولتوورییەکاندا لە ڕێبازەکانی ڕێکخراوە پەڕگیرەکانی وەک 'داعش' دەچێت.
نموونەی ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٥دا تێکدانی شاری کۆنی 'هاترا' بوو لەلایەن داعشەوە، و زیانگەڕاندن بە هەندێک لە فیگەرەکانی ژنان لە بەردنووسەکانی 'تاقەبۆستان'ی کرماشاندا. ئیدیعا دەکرێت کە ئەم جۆرە تێکدانانە، بەئامانجگرتنی هێما کولتوورییەکانی پەیوەندیدار بە ژنانن.
میراسە کولتوورییەکان دەبنە قوربانیی دەسەڵاتەکان
مەریەم ق.، ڕوونی کردەوە کە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان بە تایبەتی بەرامبەر مێژوو دوو ڕوانگەیان هەیە و وتی: هەندێکیان بە گۆڕینی لێکدانەوەی ڕابردوو و بەرزڕاگرتنی هەندێک سەردەم، هەوڵ دەدەن شەرعیەت بۆ خۆیان دروست بپۆشن. نموونەی ئەمەش دەسەڵاتی پەهلەوییە کە بە دەرخستنی مێژووی کۆنی ئێران، وێنەیەکی بەشکۆی لە ڕابردوو پێشکەش دەکرد.
لە لایەکی ترەوە، دەسەڵاتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن مێژووی پێش خۆیان بچووک بکەنەوە یان بڕشێننەوە و گێڕانەوەی فەرمیی مێژوو لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩وە دەستپێبکن.
لە هەر دوو ڕوانگەدا، ئەوانەی یەکەم جار زیانیان بەر دەکەوێت، بەرهەمە مێژووییەکان و میراتە کولتوورییەکانن کە پرسیار لە گێڕانەوە فەرمییەکان دەکەن. بەڵام نە هێزی سەربازی و نە میوانیزمە سیاسییەکان ناتوانن مێژوو بەتەواوی بێدەنگ بکن. هەندێک جار بەردنووسێک لە پەنای کێوێکدا یان بەردێک بەسە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان جارێکی تر بگێڕێتەوە.

"مێژوو هەمیشە ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە نەوەکانی داهاتوو"
مەریەم ق.، بەم وتانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئەم بەرهەمانە، وەک شایەتحاڵی بێدەنگ بەڵام نەمڕ، ڕاستییەک دەپارێزن کە نە بە سانسۆر لەناو دەچێت و نە بە ئامانجی سیاسی بەتەواوی دەستبەسەر دەکرێت. مێژوو دەکرێت بۆ ماوەیەک بشاردرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەمیشە ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە نەوەکانی داهاتوو.