مەستورەی ئەردەڵانی یارمەتی پەرەپێدانی کولتوور و وێژەی کوردی دا

مەستورەی ئەردەڵانی هۆنەرێک بوو لە دەربڕینی هەستەکانی درێغی نەدەکرد، دوای ئەوەی بە هۆنراوەئاشنا بوو، توانی لە ناو هۆنەرانی زمانی فارسی ئەو سەردەمەدا پێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

هاوژین شێخی

 

سنە-مەستورەی ئەردەڵانی نەریتە دواکەوتووەکانی شکاند و کاتێک ژن لە کۆمەڵگەی نەریتیدا لە خراپترین ئاستیدا بوو، پێنووسەکەی گرتە دەست و لە بوارەکانی هۆنراوە و مێژوونووسین و خەتنووسدا هەنگاوی گرنگی ناوە.

 

مەستورەی ئەردەلانی ناوی "ما شەرەف خانم" بووەو زۆرێک لە توێژەران و هۆنەران پێیان وایە ٢٠ هەزار بەیتی هۆنراوەی نووسیووە، بەڵام ئێستا تەنها دوو هەزار بەیت لەبەردەستدایە و ئەوانی تریش نەماون، جگە لە نووسینی هۆنراوە، مێژوونووس و خەتنووسێک بووە کە قەدەغەکاری کۆمەڵگەی پیاوسالاری لەو سەردەمەدا شکاندووە و دۆزی بەرگری لە مافەکانی ژنانی گرتۆتە ئەستۆ .

 

"هۆنەرێک کە توانی یارمەتی پەرەپێدانی کولتوور و وێژە بدات"

"سروە.س" نووسەر و توێژەر وتی: مێژوو پڕە لە ژنە بەناوبانگەکانی کورد کە بە هونەرەکەیان دەسەڵاتی پیاوسالارییان شکاندووە، بەڵام زۆر کەم قسەیان لەسەر کراوە، مەستورەی ئەردەڵانی یەکێکە لەو ژنانەی کە زۆر شت لەسەری نەکراوە، هەرچەندە خوێندنەوە و نووسین لە داب و نەریتی ژنانی سەردەمی ئەودا نەبووە، تەنانەت قەدەغەکراویش بووە، بەڵام بۆ فێربوون و نووسین چووە لای زانایان، تا سەدەی نۆزدەیەم کە مەستورە لەدایک بوو، هیچ ژنێک باسی ڕەگەز و نەتەوەی خۆی نەدەکرد و داوای مافی خۆی نەدەکرد، مەستورەی ئەردەڵانی دڵتەنگ بوو کاتێک بینی کە ژنانی دەوروبەری مافەکانیان نازانن، هەروەها پەرتووکێکی نووسی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و هاندانی ئەوان بۆ وەستانەوە دژی نادادپەروەری، هەروەها توانی یارمەتی پەرەپێدانی کولتوور و وێژە بدات.

 

"یەکێک لە یەکەمین مێژوونووسانی ژن لە ئێران و جیهان"

سروە.س ئاماژەی بەوەشکرد، مەستورەی ئەردەڵانی یەکێک بوو لە یەکەمین مێژوونووسە ژنەکانی ئێران و جیهان، جگە لەوەی مێژوونووس بوو، هۆنەرێکی بەناوبانگ بوو، گرنگیی ئەوەی پێشکەشی کرد ئەوەیە کە خۆی لە خوێندنەوە و نووسیندا سنووردار نەکردووە، بەڵکو بەجدی هەوڵیدا فێری زانیاری فەرمی ئەو سەردەمە بێت، کە یەکێک بوو لە قەدەغەکراوەکان، ئەوەی مەستورە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە هۆنراوەکانی خۆشەویستی ئاڕاستەی مرۆڤ بوو، نەک بۆ خودا وەک لە سۆفیگەرییدا کە ئەمەش بۆ کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە نائاسایی بوو جۆرێک بوو لە پچڕانی نەریت، لایەنێکی دیکەی گرنگی و جیاوازیی مەستورە لە نێوان ژنانی ئەو سەردەمەدا، تێگەیشتنی وردی بوو لە پرسە سیاسییەکان.

 

لە کوردستاندا ژنانی نووسەر پەراوێز خراون"

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کوردستاندا هەموو نووسەرانی ژن بەدەست پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن، ڕەنگە ژمارەی نووسەرانی ژن بەقەد ژمارەی نووسەرانی پیاو نەبێت لە ڕابردوودا، بوونی ژنان لە هونەر و وێژەدا لە سەدەکانی ڕابردوودا ڕەنگە لە ڕووی چەندایەتییەوە بەراورد نەکرێت بە پیاوان، بەڵام بوونی کوالیتی بەرزە و ناوی قورس لە هونەر و وێژەدا هەیە، لە سەردەمی ئەودا نووسەرانی ئێمە نامۆ بوون، پەیکەرێکی هۆنەر مەستورەی ئەردەڵانی لە شاری سنە دروستکراوە، بەڵام سەردانکەرانی ساڵانە لە سەد کەس تێناپەڕن و تەنیا چەند یادەوەرییەکی کەم ماوەتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا "سروە.س"، نووسەرو توێژەر ئاماژەی بەوەکرد، مەستورەی ئەردەڵانی لەناو هۆنەرانی زمانی فارسی ئەو سەردەمەدا پێگەیەکی بۆ خۆی دۆزیوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تووشی زۆر نادادپەروەری بووە، لەوانەش لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ناچار بووە هاوسەرگیری بکات.

 

 مەستورەی ئەردەڵانی لە ساڵی ١٨٤٨ کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاک سپێردراوە.