لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بە کاری هونەری کردووەو لە باکوور پەرەیپێداوە و لە کۆبانێش بەردەوامە

شیرین ئارارات، تەمەن ٢١ ساڵ، کە لە تەمەنی منداڵیدا دەستی بە گەشتە هونەرییەکەی کردووە، لە باکوور پەرەیپێداوە، ئێستاش لە کۆبانێ درێژەی پێدەدات، دەڵێت: هونەر شێوازێکی ژیانی واتادارە.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ-هونەر شێوازێکە بۆ بەخشینی واتا بە ژیان، بەڵام کاتێک ئەم هونەرە پەرەی پێبدرێت و لەلایەن ژنانەوە بەکاردەهێنرێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی بوون.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە دوایین ساڵانی شۆڕشدا هەزاران گەنج ڕوویان لە بواری ڕۆشنبیری و هونەر کردووە و وەک شێوازێکی ژیان لە باوەشیان گرتووە، بە کۆششێکی زۆر و بە واتایەکی بەرز و دڵسۆزی بۆ دۆزی خۆیان، داهاتووی هونەری خۆیان ڕووناک دەکەنەوە.

 

لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەدان ژنی گەنج چاویان لە ناوەندی تەڤگەری هیلالی زێڕین وەک پەناگەیەک بۆ پەرەپێدانی خۆیان لە بواری هونەر و داڕشتنی داهاتوویان. لەم ناوەندەدا، هونەرمەند شیرین ئارارات، تەمەن ٢١ ساڵ، کە لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە دەستی بە گەشتە هونەرییەکەی کردووە، لە لایەک وەک ژنێکی گەنج کارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و لە لایەکی دیکەوە هەوڵدەدات لە ڕێگەی هونەرەوە دەنگی دۆزی گەلەکەی بێت.

 

لە نەورۆزی حەلەبەوە بۆ زۆرێک لە شارەکانی تر

شیرین ئارارات، کە لە شاری کۆبانێ و زۆر شوێنی ڕۆژئاوای کوردستان بە دەنگە شاخاوییەکەی ناسراوە، سەرەتای هونەرەکەی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە و وتی: هەوڵە هونەرییەکانم لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە شاری حەلەب دەست پێکرد، لەو کاتەدا یەکەمجار کە بە فەرمی لەسەر شانۆ دەرکەوتم لە ئاهەنگی نەورۆز بوو لە شاری حەلەب. بێگومان سەرەڕای پاڵپشتی بەردەوامی خێزانەکەم و هەلومەرجی سەختی کورد لەو سەردەمەدا، لە هەوڵە هونەرییەکانمدا بەردەوام بووم. لەو سەردەمەدا لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ نەکرا کە ژن لە بواری هونەردا جێگەی خۆی هەبێت. هەروەها ئەو ڕاستییەش هەبوو کە ئێمە وەک کورد ساڵانێک بوو بێدەنگ بووین لێی، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە هونەرەکەم لە دژی هێرشەکانی جینۆساید و نکۆڵی بوونی ژن خەباتم کرد.

 

"لە باکووری کوردستان خاوەن ئەزموونێکی گەورە بووم"

شیرین ئارارات باسی لەوەش کرد، کە لە باکووری کوردستانیش ئەزموونێکی هونەری هەبووە و وتی:: لە ساڵی ٢٠١٤ لە سەردەمی پڕۆسەی بەرخۆدانی کۆبانێ بەشداریم لە چالاکییەکانی یەڤگەری چاند و هونەری میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان کرد، لەو سەردەمەدا ئامێری ئەربانێ زۆرترین سەرنجی منی ڕاکێشا و بڕیارمدا بەم ئامێرە مۆسیقایە پەرە بە خۆم بدەم، هەروەها بەشداریم لە زۆر چالاکی هونەری کرد بە پێشەنگایەتی هەدەپە، لەوێدا چەندین هونەرمەندی نایابم ناسی و بە ئامۆژگاریی ئەوان بە گەیشتوومەتە ئەم ڕۆژە.

 

”کارە هونەرییەکانم کردە ئامانجی ئاوەدانکردنەوە”

شیرین ئارارات لە ساڵی ٢٠١٥ گەڕایەوە کۆبانێ و بڕیاریدا شارەکەی لە بواری هونەریشدا ئاوەدان بکاتەوە، ئەو ڕۆژانەی بەم شێوەیە بیرهێنایەوە: دوای گەڕانەوەم بۆ کۆبانێ و بینینی ئەو وێرانکارییەی کە بەسەرچووبوو، ئارەزووی درێژەدان بە هونەرەکەم گەشەی کرد بەخۆمم وت دەبێت ئەم شارە لەڕووی ڕۆشنبیری و هونەرەوە ئاوەدان بکەینەوە. هەر بۆیە پەیوەندیم بە چالاکییەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری باقی شیدۆوە کرد، کە هەروەها وەک گۆرانیبێژ و ئەندامی گروپەکە بەشداریم کرد. ئەوکات تەمەنم ١٢ ساڵ بوو، بەڵام لە چالاکییە هونەرییەکان لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان جێگەی خۆمم دەگرتەوە.

 

”ناسنامەکەم لە هیلالی زێڕین دۆزیەوە”

شیرین ئارارات، کە ئێستا لە ناوەندی هیلالی زێڕین نیشتەجێیە، باسی لە کاریگەریی کارەکانی ژنان لەسەر پێکهاتنی کەسایەتییەکەی کرد، وتی: کاتێک ناوەندی تەڤگەری هیلالی زێڕین لە شاری کۆبانێ کرایەوە، یەکسەر چوومە ناو کاری هونەری ژنانەوە. ناوەندی هیلالی زێڕین کاریگەری و گەشەسەندنێکی زۆر جیاوازی لەسەر من هەبوو لە ڕووی هۆشیاری و سەقامگیری و گەشتەکەم لەم بوارەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کارە هونەریەکانی خۆم جێپەنجەی لەسەر خەباتی هونەریم بەجێهێشت.

 

هەنگاو بە هەنگاو کاردەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی

شێرین ئارارات کە ئێستا لە سەرەتای گەشتە هونەریەکەیدایە، ڕایگەیاند، کە بە خۆبەخشییەکی زۆرەوە درێژە بە ڕێبازەکەی دەدات و وتی: من هەم گۆرانیبێژم و هەم مامۆستای ڕیتمم لە سەنتەری هیلالی زێڕین، هەروەها خۆم ئامێر دەژەنم، کاتێک ئاوڕێک لەو ساڵانە دەدەمەوە کە تێپەڕیون، تێدەگەم کە توانیم بە هەوڵێکی زۆرەوە بوەستم و ئامادەیی خۆم وەک هونەرمەندێکی ژن لە کۆمەڵگەدا جێگیر بکەم، جگە لە هونەر، ئێستا لە زانکۆ یاسا دەخوێنم، بەڵام ئەمە ناهێڵێت خۆشەویستی و پەیوەندیم بە هونەرەوە پشتگوێ بخەم، بۆیە زۆر دڵخۆشم و بەردەوام دەبم لە گەشتەکەم.