لە بناری قەندیل ٨ی مارس پیرۆزکرا

ئاهەنگی ٨ی مارس بە بەشداری دانیشتوانی بناری قەندیل و دەوروبەری پیرۆزکرا و وتاری کەژەکە، ڕژاک و تەڤگەری ئازادی خوێندرایە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بناری قەندیل، ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزکرا و سەدان کەس لە خەڵکی بناری قەندیل و دەوروبەری بەشداربوون، و تێیدا پەیامی کۆما ژنێن کوردستان-کەژەکە خوێندرایەوە و پیرۆزباییان لە ژنانی ئازادیخوازی جیهان و کوردستان کرد، کەژەکە پەیامی خۆی وەها نارد: "وەک بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان دەنێرین بۆ ڕێبەر ئاپۆ کە تاکە هاوڕێ و دڵسۆزی دۆزی ژن و بونیادنەر و ڕێبەری تێکۆشانی ئازادیی ژنە"، هەروەها بەڵێنی بەرزکردنەوەی تێکۆشانیان دا، و وتی " با دوژمنانیش باش بزانن، قەندیل خاوەنی ناسنامەی بەرخۆدان و خۆڕاگریی، خاک و وڵاتپارێزی و خزمەتکردن بە تێکۆشەران و ڕەنجدانە لەم پێناوەدا” ‌و ئاماژەی بەوەش كردوە كە  “ئەمڕۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی ژنان، لە ئاستی لوتکەدا بەرەو سەرکەوتن دەچێت، کاتێک دەڵێن باکوور واتە باشوور، کە دەڵێن ڕۆژئاوا واتە ڕۆژهەڵات، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی چەمکی پارچەچێتیی، تێکۆشانی هاوبەش، یەکێتی نەتەوەیی پێشکەوتوو لە بەرەوپێشچوونی زیاتردایە".

 

دواتر پەیامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان خوێندرایەوە و جەخت لەوە کرایەوە ژنان هەتا زیاترهۆشیار و زانابن و خۆیان ڕێک بخەن و پێش بکەون، واتای ئەوەیە کە ژنان گەیشتوونەتە بونیادنانی خۆیان، چونکە ژنان لەناو ژیان وبوارەکانی تریشدا ڕۆڵی خۆیان دەزانن، بە گرنگیش زانرا هەشتی مارس ببێتە ڕۆژی تێکۆشان و لە پەیامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەدا "با تێبکۆشین بەرامبەر کۆمەڵکوژیی ژنان و هاوسەنگی ڕەگەزی بکەینە هەنگاوێک بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان کە ژن و پیاو تێیدا لەکارو ئەرکەکان و بڕیارەکاندا هاوبیر و یەکسان بن، بۆئەوەی تاک و خێزانێکی تەندروست بەرهەم بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات".

 

دواتر گرووپی هەڵپەرکێی دەستینا قەندیل، گرووپی شانۆی کەلار و هونەرمەند تارا ڕەسوڵ، بە بەرهەمەکانیان جۆش و خرۆشێکی زیاتریان بە ئاهەنگەکە بەخشی.

 

لە کۆتاییدا بە دروشمی (ژن ژیان ئازادی، بژی سەرۆک ئاپۆ) کۆتایی بە ئاهەنگەکە هات.

 

ت.پ