لە ڕانیە فێستیڤاڵ بۆ ١٧ ژنی شاعیر بەڕێوەجوو
لە هۆڵی ڕۆشنبیری ڕانیە فێستیڤاڵێکی هۆنراوە خوێندنەوە بۆ ١٧ ژن لە شاعیرانی کوردستان ڕێکخرا، دوو ڕۆژی خایاندو لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژنانی شاعیری بەشداربوو.

دیڤان سیهاد
ڕانیە –بە دروشمی "شیعر ژیانە ئەدەب سەرچاوەی داھێنانە|" فێستیڤاڵی شاعیرانی ژن لە ڕانیە بەڕێوەچوو، تێیدا ١٧ شاعیری ژن بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەشکرد و خەڵات کران.
حەبیبە بابان، یەکێک لە بەشداربووانی ژنانی شاعیر لە دەڤەرەکە وتی: بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ڕانیە هەڵسا بە سازکردنی ئەو فێستیڤاڵە بۆ کۆمەڵێک لە ژنانی شاعیر لە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، منیش یەکێک بووم لە بەشداربووان، بە خۆشحاڵییەوە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ڕاپەڕین دەکەین، لە ڕێگای شعرەوە ئێوارەیەکی وشە شعری جوان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
"ژنان توانیویانە ناو کۆمەڵگەدا شوێن پەنجەی خۆیان دیاری بکەن"
سەبارەت بەوەی کە ژنان لە ڕێگای هۆنراوەوە تا چەند توانویانە کۆمەڵگە هوشیار بکەنەوە وتی: بە گشتی ژنان گومانی تێدا نییە لە ڕێگەی تواناکانیان لە بواری هۆنراوەو نووسین بە گشتی لە هەموو بوارەکان هەر یەکە و بەپێی ئەوەی کە ژنان تا چەند هەڵوێست وەردەگرن لەو بابەتانەی لەو شتانەی لە کۆمەڵگەدا کە ئایە ئەو کێشانە بێ کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە یاخود ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبە ڕووی ژنان دەبێتەوە ژنان تا چەند دەتوانن خۆیان دەربڕن لە ڕێگای پێنووسەوە، بێشک ژنان بێبەش نین لەو پشکە، دەتوانین یان بە تایبەت کە توانیویانە پینووسەکانیان هەڵوێستی خۆیان بخەنە ڕوو لە ناو کۆمەڵگەدا بە تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی چەقبەستوداین کۆمەڵگەیەکە پێویست بەوەدەکات کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە هوشیار بکرێتەوە، چ لە لە ڕێگای نووسینەوە بێت چ لە ڕێگای هۆنراوەوە یان لە ڕێگای کۆمەڵێک مۆسیقاوە، هەریەکەو بەپێی پەیامێک دەتوانێت کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە، بە پێی ئەو ڕاستیانەی کە هەیەتی، جا ئایا نووسینی ئەدەبی بێت یان نووسینی کۆمەڵایەتی بێت یاخود نووسین و بابەتی هونەری، بەهەمان شێوە ژنان توانیویانە پێگەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگەدا جێبکەنەوە شوێن پەنجەی خۆیان دیاری بکەن.
تارا ئەمین کە بە تارا ئەمین سەپان ناسراوە وتی: هەموو شاعیری شارەکان بەشداربوون، لە سلێمانی و هەڵەبجە، کەرکوک، ڕانیە و کۆیەوە هاتوون، فێستیڤاڵێکی جوان و سەرکەوتوو بوو، ژنان لە ئاستێکی باڵادان لە شعر نووسیندا یاخود لە چالاکیەکانی ژنانە هەتا دێت ژنان بەرەو پێشەوە دەڕۆن، ئەمڕۆ ئێمە هەموومان ژنین بۆ ژنان جوانیمان بەخشیوە بە ڕانیە و بە هەوادارانمان لە بوارە جۆراو جۆرەکان، ئەو ئاستەنگانەی کە دێنە ڕێگەی ژنان جۆراوجۆرن هەر لە بواری هۆنراوەدا نییە، بگرە لە زۆر بواردا ئێمە ئاستەنگیمان دێتە ڕێگا، کێشەمان بۆ دروست دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە کۆڵ نادەین، هەر بەردەوامین لە هۆنراوە بێت یاخود لە هەر بوارێکی تردا بێت، دەتوانین هەر لە ڕێی هۆنراوەوە هەروەکو بوارەکانی تر ئێمە کۆمەڵگەی پێ هوشیار بکەینەوە، هەموو بوارێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، ئێمە دەتوانین لایەنێکی زۆر جوانی بگرین بۆ ئەوەی هەم ئامۆژگاری بێ هەم خۆشەویستی ببەخشین، هەم ئەو کارانەی کە دەیکەین جێی ڕەزامەندی هەمووان بێت، ئەو هۆنراوانەی بە تایبەت خۆم دەیان نووسم زۆربەیان خۆشەویستیە، بواری تری تێدایە خۆشەویستی نیشتیمان، کێشەکانی کۆمەڵگە، خۆشەویستی دایک باوک، منداڵ، خاک و نیشتیمان، ئەنفال، هەڵەبجە ئەو ئەو کێشانەی کە بەسەر کۆمەڵگە هاتووە، هۆنراوەکان جۆراوجۆرن.