خواست لەسەر جلی کوردی شێوازی کۆنی کوردەواری زیاترە
لەگەڵ هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژنان بازارەکانی جلی کوردیان گەرم کردووە، باس لەوەش دەکەن نەورۆزی ساڵانی پێشووتر چێژی زیاتری هەبووە، بەرگ دروویەکیش دەڵێت بۆ ئەمساڵ مۆدێلی جلی کوردی کۆن هاتووەتەوە و ژنان زیاتر حەز بە شێوازی جلی کوردەواری دەکەن.
شنیار بایز
سلێمانی- هاتنی مانگی ئادار و ساڵی نوێی کوردی و یادکردنەوەی نەورۆز و جلی کوردی، یەکێکە لە بۆنە چێژ بەخشەکانی کورد، هاوڵاتیان بەگشتی و ژنان بەتایبەت بە گڕوتینەوە پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردی دەکەن جگە لە ژنە کوردەکان ژنانی عەرەب و ئەو ژنانەی لە وڵاتانی دەرەوە ڕوویان کردووەتە کوردستان بۆ کارکردن، یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە و بە کڕینی جلی کوردی خۆیان بۆ هاتنی ساڵی نوێی کوردی ئامادە دەکەن.
لەگەڵ هاتنی ساڵی تازەی کوردی، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە و ساڵی تازە بە لەبەرکردنی جلی کوردی و ئاهەنگ گێڕان و سەیرانکردن پیرۆز دەکرێت، جلی کوردیش وەک مۆرکێکی کوردان لەو ڕۆژەدا لەبەر دەکرێت و هاوڵاتیان بە ڕەنگە ئاڵوواڵاکانیانەوە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن.
جلی کوردی مۆرکی کلتوری کوردانە
جلوبهرگی کوردی چ ژنانه و چ پیاوانه بهپێی ناوچەکانی کوردستان ناویان بۆ ههڵبژێردراوه بەتایبەت جل وبەرگی ژنان، وەک ناوچەکانی ههورامی، سهقزی، سنهیی، مهریوانی، بانهیی و سۆرانی و...، لە ئێستادا ژنان نوێگەریان خستۆتە ناو دوورینی جلی کوردیەوە هەندێک لە ژنان ئەو نوێگەرییەیان پێجوان نییە و دەڵێن جلی کوردی بە ڕەسەنە کوردەوارییەکەی خۆیەوە ناوازەترە، زیاتر گۆڕینی شێوازی دوورینی جلی کوردی لەلایەن ژنانی گەنجەوە پەسەند دەکرێت.
ساڵانی ڕابردوو جەژنی نەورۆز و ڕۆژی جلی کوردی بە شێوەیەکی گەرمتر خەڵکی پێشوازی لێدەکرد بە بەرواورد بە دوو ساڵی کۆتایی، هۆکاری سەرەکیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بوو لە ٢٥ی شوباتی٢٠٢٠ لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە جەژنی نەورۆز وەک ساڵانی پێشوو پیرۆز نەکرا لە ٢٠٢٠دا، بۆ ئەمساڵیش هاوڵاتیان ئامادەکاری هاتنی بەهار و جەژنی نەورۆز دەکەن.
لە زوودا ئاگری نەورۆز لە مامە یارە دەکرایەوە
ئەختەر قوربانی، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵانە، باس لە ساڵانی کۆتای حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان دەکات بۆ ژنها و دەڵێت: "جاران لەگەڵ دایکمان دەچووین بۆ جل کڕین، شێوازی جیاوازی کراسی کوردی نەبوو، تەنها چەند شتێکی سادە هەبوون وەک ناز ناز و شاخوداخ و کۆمەڵێکی تر"، هەروەها بەم شێوەیە جیاوازی نەورۆزی سەردەمی کۆن و ئێستا دەکات: "جاران گردی مامەیارە هەبوو دەچووین بۆ سەیرانکردن بە یاپراخەوە و ئاگرمان دەکردەوە و کاتی خۆشمان بەسەر دەبرد، ئێستاش خەڵکی هەر باشن و حەزیان لە کڕینی جلی کوردیە بەڵام ئەم دوو ساڵەی دوای بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارای خەڵکی ساردبوونەتەوە لە بۆنەی نەورۆز و دڵیان خۆش نییە، لەگەڵ ئەوەی جاران خەڵک فەقیرتر بوون بەڵام دڵیان خۆشبوو بۆیە نەورۆزی ساڵانی پێشوتر خۆشتر بوون".
پێشوازی هاوڵاتیانیش بۆ ئەمساڵ ساردی پێوە دیارە، بازاڕەکانی جلی کوردی لەچاو ساڵانی تردا کەمتر کڕیاری بۆ دەچێت بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
"خواست لەسەر جلی کوردەواری زیاترە"
ساهیرە مەنا، ١٣ ساڵە کاری بەرگدروو دەکات و زیاتر ئاشنایە بە شێوازی جلی کوردی، دەربارەی خواستی ژنان لەسەر جلی کوردی دەڵێت: "بۆ ئەمساڵ زیاتر باوی کراسی ناز نازە، هەروەها ژنان خواستیان لەسەر ئەوەیە هێلەک و کراس لەیەک یاخود سەڵتە و کراس لە یەک جۆر قوماش بکەن، هەروەها ژنان ئێستا حەز بە جلی کۆنی کوردەواریی دەکەن و گەڕاونەتەوە بۆ شێوانی ڕەسەن"، هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات لە ئێستادا گۆڕانکاری لە شێوازی دورینی جلی کوردیدا باوی نەماوە.
قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییان لەسەر یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەییەکانیش کردووە، ساهیرەی بەرگدروو ئاماژە بەوە دەکات ئەم دوو ساڵەی کۆتای ژنان کەمتر جلی کوردی دەکەن، هەندێک ژنیش هەن کە جلیان کڕیووە بەڵام بەهۆی دەنگۆی دووبارە کەرەنتینەوە پەیوەندی بە بەرگدرووەکانەوە دەکەن جلەکانیان نەدوورن.
"جاران جلەکانمان سادە بوو بەڵام دڵمان پێی خۆشبوو"
زۆربەی هاوڵاتیان لەو بڕوایەدان کە نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵەکانی تر جیاوازی زۆرە، پەیمان ئیسماعیل دەڵێت: "جاران لەگەڵ منداڵانی گەڕەکدا کۆیان دەکردینەوە و جلیان بۆ دەکردین، کاتی نەورۆز خزمان هەموو کۆدەبووینەوە بە ئۆتۆمبێل یاخود بە لۆری هەمومان دەڕۆیشتین بۆ سەیرانکردن، ژیان سادە بوو جیاوازتر بوو لە ئێستا" هەروەها دەڵێت: "هەرچەندە ئێستا قوماشی جوانتر هەیە بەڵام ئەوکات دڵمان زیاتر بە جلەکانمان خۆش بوو، زۆر کات هەبووە جلەکانم لە تەنیشت خۆمەوە خەواندووە تا نەورۆز سێ بۆ چوار جار تاقیم دەکردەوە".
لاڤین مەریوان، ژنێکی گەنجە بڕوای وایە گەڕانەوەی جلی کوردی بۆ رەسەنی خۆی جوانترە وەک لە دەستکاریکردنی شێوازی دورینەکەی دەشڵێت: "گەڕانەوەی شێوازە کۆنەکان رەمزی زیاتری کوردەواری پێوە دیارە".
ت.پ