هونەری سیرامیک زیندووکردنەوەو بەرز ڕاگرتنی کولتووری نەتەوەیەکە
بەناز ڕەئوف، وەک ژنێکی شێوەکار، بۆ هێشتنەوەی کولتووری کوردی پەرە بە کاری شێوەکاری و گڵکاری دەدات، ماوەی ١٦ ساڵە لە شاری سلێمانیدا هونەری سیرامیک بە کۆمەڵگە دەناسێنێت.
سلێمانی
هونەری سیرامیک هونەرێکی لە مێژینەی نەتەوەیەکە، لە مێژە کورد کاری گڵێنە سازی و گڵکاری و شێوەکاری دەکات، بۆیە لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا نەتەوەی کورد بۆ هێشتنەوە و بەرجەستە کردنی فۆلکلۆری کوردی سیرامیکیان نەخشاندووە، بەناز ڕەئوف، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە بەشی شێوەکاری لە ساڵی ١٩٩٨ تەواوی کردووە، ماوەی ٢٥ ساڵە بەبێ دابڕان کاری سیرامیک دەکات، لە ساڵی ١٩٩٩دا وەک مامۆستا لە خویندنگەی چوارقوڕنە وانەی وتۆتەوە، پاشان لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕانیەدا ماوەی دوو ساڵ وانەی سیرامیکی وتووەتەوە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە شاری سلێمانی کاری دەستی سیرامیک دەکات، ماوەی چەندین ساڵە کار لەسەر هێشتنەوەی فۆلکلۆری کولتووری کورد و خشڵەکانی ژنان دەکات، خاوەنی چەندین پێشانگای سیرامیکە، بەشداری چوار پێشانگای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، سەرەڕای ئەو ڕێگری و ئاستەنگیانەی لە کارکردندا ڕویداوە، بەڵام خولیای کارکردن لە بوارەکەی خۆیدا بووەتە هۆکاری بەردەوام بوونی و جێدەستی لە سیرامیکدا بەجێ هێشتووە.
" سیرامیک زیندووکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی کولتووری نەتەوەیەکە ژنان هەوڵ بۆ مانەوەی دەدەن"
بەناز ڕەئوف، دەرچووی پەیماناگای هونەرەجوانەکان بەشی شێوەکاری، لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٨ خوێندنی تەواو کردووەو لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستی بە کاری شێوەکاری و سیرامیک کردووە، وتی: دوو پێشانگای تایبەت بە خۆم کردوەتەوە، هەروەها بەشداری چوار پێشانگای نێودەوڵەتیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لە دوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە هونەری سیرامیکدا، بەردەوام لە سیرامیک دانەبڕاوم و کاری سیرامیکم کردووە، کاری سیرامیک هونەرێکی تایبەتە پێویستی بە تەواوی ئاماددە کاریەکان دەبێت، لە سەرەتای فکرە و دیزاینکردنی کارەکە، هەڵبژاردنی شێوە و قەبارەی پاشان هەڵبژاردنی شێوازی ڕەنگ و نەخشەکانی ککارێکی سەرەکین، لە دوای دیزاینکردن هەوڵ بۆ شێوازی گڵەکە دەدەین و کارە پراکتیکییەکانی ئەنجام دەدرێت.
ئەو شێوەکارە باسی لە شێواز و دروستکردنی ککاری سیرامیکی کردو وتی: سیرامیک کاارێکی فەنیە، دەبێت سەرەتا فکەر و نەخشی کارەکەی بۆ دیزاین بکەم، قیاساتی تەواوی گۆزەکە بەرزی و نزمی شێوازی نەخشەکەی دەست نیشان بکەم، پاشان دەست بکەم کە کرداری و هێنانی کەرەستەکانی تا بتوانم کارێکی سیرامیک بکەم، سەرەتا هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی جۆری گڵەکاان دەدەم، لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان گڵ دەهێنم بۆ کارەکەم، گڵی عەکاشات بۆ کاری سیرامیک و گڵکاری بەکار دەهێنم، ڕەنگی گڵی عەکاشات سورباوە بۆ کاری ئێمە دەگونجێت، سەرەتا گڵەکە لە پیسی و وردە زیخ پاک دەکەینەوە، لە ڕێگەی ئاوەوە قوڕەکە دەشێلین، پاشوان لە ڕێگەی شێلانەوە خەستی دەکەینەوە و کاری شێوەکاریەکانی تێدا دەکەین، پاشان لە گوێرەی گڵەکە دەیکەینە ناو فڕن و بە دەرەجەیەک سوری دەکەینەوە و لە کۆتایدا کاری جوانکاری و دیزاینی بۆ ئەنجام دەدەین، هێنانی نەخشەکان و دیزاینەکانم لە کەرەستە فۆلکلۆری و نەخشی سەر بەڕەی فۆلکلۆری کوردیەوە وەردەگرم، هەروەها لەڕێگەی دواکاری هاوڵاتیانەوە کارەکانیشیان بۆ دەکەم.
" هونەری سیرامیک لە ڕێگەی خولی فێربوون بۆ گەنجان وەک کولتوورێک دەمێنێتەوە"
بەناز ڕەئوف، ئاماژەی بەوەکرد هونەری سیرامیک پێویستی بە گەشەکردن و مانەوە هەیە، فێرکرن و کردنەوەی خولی فێرکردن بۆ گەنجان کاریکی گرنگە، لە ڕێگەی هێڵکاریەکانەوە هونەری سیرامیک نیشانی دەدات هونەری ژنان بووە یاخود پیاوان، وتیشی، مانەوەی هونەری سیرامیک پێویستی بە پێشکەشکردنی زانیاری هەیە، پێویستە لە ڕێگەی وتنەوەی وانەی سیرامیک بە گەنجان ئێمە هونەری سیرامیک زیندوو ڕابگرین، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوریەوە فرۆشی کاری سیرامیک لە کەمبووندایە، سەرەڕای هەبوونی تێچویەکی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارێک بەڵام بە نرخی کەم دەیفرۆشینەوە تا هونەری سیرامیکمان بناسرێت و لە هەموو ماڵێکدا کاری سیرامیک بوونی هەبێت، پێویستە کاری سیرامیک و هەبوونی لە هەموو ماڵێکدا وەک کەلتوورێکی لێ بێت، تا بتوانین بە بەرزی بیهێڵینەوە، لە کۆندا ژنان بۆ کاری ڕازاندنەوەی خۆیان کاری سیرامیکیان دەکرد، لە ڕێگەی ملوانکە و نەخشکردن لەسەر ملوانکەی زیو کاریان ئەکرد، کاتێک گۆزەیەک دروست دەکەم چەندین کاری شوشەکاری بۆ ئەنجام دەدەم.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، کاری سیرامیکەکانی لە قاڵب نادات بەردەوام پشت بە کاری دەستی خۆی دەبەستێت، کاتێک کارێک یاخود گۆزەیەک دروست دەکات، هەموو توانا و خولیای دەخاتە گەڕ تا بتوانێت کاری جوان و ناوازە پێشکەش بکات، وتی: زۆر جار کۆمەڵگە بەرەوڕووی کارەکانمانەوە نایەن تا بتوانین بەردەوامی بە کارەکانمان بدەین، هەروەها لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرێک لە ڕێگریەکان تەنگیان بە ژنان هەڵچنیوە، ڕێگری کارکردنی ژنان هۆکارێکە بۆ لەناوبردنی هونەرەکەمان، ئێمەی ژنان لە ڕێگەی بەکولتوور کردنی کارەکانامنەوە هونەری کوردی بەرەوپێش دەبەین.